هه‌په‌ژه‌: خاوه‌نداری لە ژینا، خاوه‌ندارییه‌ لە نرخەکانی مرۆڤایەتی

فه‌رمانده‌یی هێزی پاراستنی ژنانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان هه‌په‌ژه‌ له‌ دژی كوشتنی ژینا ئه‌مینی راگه‌یه‌نراوێكی بڵاوكرده‌وه‌ و تیایدا رایگه‌یاند، "خاوه‌نداری له‌ ژینا (مه‌هسا)، خاوه‌ندارییه‌ له‌ نرخ و به‌هاكانی مرۆڤایه‌تی".

ده‌قی راگه‌یه‌نراوه‌كه‌ی هه‌په‌ژه‌ به‌م جۆره‌یه‌:

"سەرەتا و بەر لە هەموو شتێک ئێمە کوشتنی ژینا ئەمینی بە دەست رژیمی داگیرکەری ئێران بە توندی شەرمەزار دەکەین و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی ژینا و گەلی رۆژهەڵاتی کوردستان و بەتایبەت ژنانێک کە دڵیان بۆ ئازادی لێ دەدات، دەکەین. ئێمە وەک هێزی پاراستنی ژنانی رۆژهەڵاتی کوردستان HPJ پشتیوانی خۆمان ڕادەگەیەنین بۆ هەموو ئەو ژنانە کە لە بن زەخت و گوشار و تەنانەت لەوەش زیاتر “کۆمەڵکوژی” رژیمی داگیرکەری ئێران کە سیستەمی خۆی بە بنەمایەکی دژە ژن ئاوا کردووە و هەر رۆژ زیاتر پەرەی پێ دەدات دا، خۆڕاگری دەکەن و پێشەنگایەتی بۆ سەرهەڵدان دەکەن.

لەم پێواژوویە دا ژنانی وەک ژینا و شلێر، یاسا و بنەمای داسەپاو بە سەر ژنانیان بە هیچ شێوەیەک قەبووڵ نەکرد و لە بەرامبەر عەقڵیەتی نێرسالار وەستانەوە و بوون بە هێمای بەرخۆدان. ئەوە پێمان دەسەلمێنێت کە کۆمەڵگە و بە تایبەتی ژنان ئیتر هیچ سنوور و یاسایەک کە “ولایت فقیە” دایناوە و بە هەموو هێزیەوە پارێزگاری لێ دەکات، بە هیچ شیوەیەک قەبووڵی ناکەن و لە بەرامبەریشی دا سەر بەرز دەکەنەوە و تێکۆشنێکی بێ وێنە دەکەن. ژنان بۆ ئەوەی ئەنجامی باش لەم تێکۆشینانە وەربگرن دەبێت لەگەڵ هەموو ژنانی تر یەک بگرن و تێکۆشانیان جیهانی بکەنەوە.

ئەو جینایەتە کە بە دەستی گەشتی ئێرشادەوە دەکرێت، پێویستە بە هیچ شێوازیک قەبووڵ نەکرێت، لەبەر ئەوەی هەموو ئەم کردەوانە لە دژی ژنان پیلان کراون و خزمەت بە سیستەمی نێرسالاری ئێران دەکات. دەبێت ژنانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئیران لە بەرامبەری ئەو بندەستیە کە حکومەتی ئێران بەسەریان دادەسەپێنێت، هۆشیار بن و بە تایبەت دەبێت لە بەرامبەر هەموو ئەو هێرشانە کە لە لایەن عەقڵیەتی پیاوسالارەوە بەڕێوەدەچێت، هێزی پاراستنیان بە هێز بکەن بۆ ئەوەی بتوانن شەڕەف و کەرامەتی ژنان بپارێزن. ئەگەر ژن بتوانێت خاوەنداری لە هەموو ئەو نرخانەی کە بە دەست ژن لە سەرەتای میژوو وە تا ئێستا بە دەستیان هێناوە بکات، هیچ سیستەمێکی پیاوسالار بۆی نیە بەردەوام بێت. هەر بۆیە پێویستە ژنان بە بنەمایەکی ئایدۆلۆژیک، فەلسەفیک و دیموکراتیک یەک بگرن و رێکخستنێک ئاوا بکەن کە هەموو ژنانی کورد، فارس، بەلوچ، ئازەری و عەرەب جێگای تێدا بگرن و بە سیستەمێکی باش ئەو ڕێکخستن بوونەیان بپارێزن.

ژنانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بۆ ئەوەی خاوەنداری بکەن لە ژنانی وەک ژینا و شلێر و هەموو ئەو ژنانەی کە لە مێژووی ئازادی ژن دا ڕۆڵیان بووە و بوون بە هێما؛ پێویستە بەشداری ریزەکانی ئازادی ببن. نەهێڵن مەشخەڵی تێکۆشانی قارەمانانی وەک شیرین عەلەم هولی، زیلان پەپولە و رۆژدا کۆتۆل کە لە بەرامبەر سیستەمی داگیرکەری ئێران وەستانەوە، بکوژێتەوە و بە سەربەرزیەوە ڕێگایان بەردەوام بکەن. ئەو ژنە قارەمانانە بوون بە هێڵی پێشەنگی ژن و ڕێگایان بۆ هەموو ژنان رووناک کردەوە. پێویستە ژنانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ناسنامەی ئازادی ژن بپارێزن.

لە کۆتایی دا ئێمە وەک HPJ ژینا و شلێرەکان بە ڕێزەوە، بە بیر دێنینەوە و سۆزی بەرزکردنەوەی تێکۆشانی ئازای ژن دەدەین و دەڵێین کە ئێمە بە فکر و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ بۆ کوردستانێکی ئازاد و ئێرانێکی دیموکراتیک تێدەکۆشین و سەرکەوتن بە دەست دەهێنین".

هـ . ب