کتێبی ئەنتۆلۆژیای ئازارەکانی ژنان بڵاوکرایەوە

٢٠ ژنی نووسەری کورد کتێبی ئەنتۆلۆژیای ئازارەکانی ژنان (٢٠ ژن ٢٠ چیرۆک)یان ئامادەکرد. یاسەمین ئەلبان یەکێک لە نووسەرانی کتێبەکە ڕایگەیاند، ژنانی کورد لە ئەدەب و وێژەدا زۆر بەهێز و بە توانان.

کتێبی ئەنتۆلۆژیای ئازارەکانی ژنان (٢٠ ژن ٢٠ چیرۆک) لە ١٨٢ لاپەڕە پێکهاتووە. ٢٠ ژنی نووسەری کورد لەکتێبەکەدا ٢٠ چیرۆکیان کۆکردووەتەوە. کتێبەکە وەک بەرهەمێکی سەرکەوتووی ئەدەبیات و وێژەی ژنانی کورد نمایش دەکرێت. یاسەمین ئەلبان یەکێک لە نووسەرانی کتێبەکە لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەی کرد.

لەسەر بیرۆکەی کتێبێکە و ئامانجەکەی یاسەمین ئەلبان وتی: بەداخەوە هەموو ژنێک چیرۆکی بە ئازار و زۆر قورسی هەیە. ئێمە دەمانویست ئەو ڕووداوانەی، کە بەسەر ژناندا هاتوون، بەڵام نەدەخواسترا ئەو روودانەوە بەبیر بهێنرێنەوە و بڵاوبکرێنەوە، بۆیە ئێمە خواستمان بە رووبەڕووبوونەوە ئەو بارە سوک بکەین. هەوڵ درا ژنان زیاتر باوەڕ بە خۆیان بکەن و بتوانن بڵێن، "منیش دەتوانم ئەنجامی بدەم". زۆر ئازاری توند و قورسی وەک دەستدرێژی و توندوتیژی و گێچەڵکردن، کە پێشتر بەسەریاندا هاتبوو، بەڵام نەیاندەخواست بیریان بکەوێتەوە، وەک بارێکی قورسە بەسەر شانی ژنانەوەیە.

ژن بوون چۆنە؟ ژیان لە شێوەی ژندا چۆنە؟ ئەو ژنانەی لەو رۆژەوە لە دایک دەبن تاوەکو مردن سەیری ئەوانی تر دەکەن، ئەی چییان بۆ خۆیان دەوێت؟ بۆچی کار و رەنجی ژنان نابینرێت؟ بۆچی لەگەڵ پیاواندا هاوبەشی لە چارەنووسێکی نایەکسان دا دەکەن؟ بۆچی ژنان، کە دەتوانن جیهان بە هێزی خۆیان بنیادبنێنەوە هەموو ڕۆژێک دەگرین؟ لەم چیرۆکانەدا وەڵامی ئەم پرسیار و پرسیاری تری هاوشێوەی دراونەتەوە".

یاسەمین ئەلبان لە وەڵامی پرسیاری "چی وایکرد ٢٠ ژن لە دەوری یەک کۆببنەوە؟" وتی: "بێگومان نەک تەنها ٢٠ ژن، هەموو ژنان ئازاری هاوبەشیان هەیە. لەم کتێبەدا چەندین چیرۆک دەربارەی ئازاری هاوبەشی ژنانەوە هەیە، کە ٢٠ ژن باسیان کردوون. بەڕاستی کتێبێکە ئازارەکانی ژنانی لە خۆیدا کۆکردووەتەوە. لەبەر ئەوەش ئێمە کتێبەکەمان ناومان نا کتێبی "ئانتۆلۆژیای ئازارەکانی ژنان". ئامانجمان لە بڵاوکردنەوەی ئەم کتێبە ئەوە بوو، کە نیشانی بدەین ژنانی کورد وەک هەموو ئاست و بوارەکانی تری ژیان لە ئەدەب و وێژەشدا خاوەنی  قەڵەمێکی زۆر بەهێزن".

سەبارەت بە تایبەتمەندییە هاوبەشەکانی ئەو ژنانە، کە لە کتێبەکەدا لە دەوری یەک کۆکراونەتەوە، یاسەمین ئەلبان وتی: "تایبەتمەندییە تایبەتەکان ٢٠ ژنی لە دەوری یەک کۆکردووەتەوە. چیرۆکەکانیان دەربارەی ئازارە هاوبەشەکانە. بە سێ زاراوەی کوردی چیرۆک هەیە. ژنە نووسەرانمان لە ڕۆژئاوا، باشور، باکور و دیاسپۆرا بەشدارییان تیادا کردووە".

لە کۆتایی قسەکانیدا یاسەمین ئەلبان ڕایگەیاند، کتێبەکە لەلایەن مەلیکە ئاڵتانەوە ئامادەکراوە بۆ بڵاوکردنەوە، نەسرین ڕۆژکان تۆڕی پەیوەندیی دروستکرد و لەلایەن چاپ و پەخشی "نا / NA"ەوە بڵاوکراوەتەوە.

یاسەمین ئەلبان سوپاسی نووسەران و هەموو ئەو کەسانەی کرد، کە لە ئامادەکردنی کتێبەکەدا زەحمەتیان کێشاوە و خۆیان ماندوو کردووە. هەروەها سپاسی ناوەندی چاپ و پەخشەکەشی کرد و وتی، ئێستا دەتوانن کتێبەکە لە ئینتەرنێت بکڕن.

ژ.ت