کەژەکە کوشتنی مەهسا ئەمینی شەرمەزار کرد و ڕایگەیاند: تێکۆشان بۆ خۆپاراستن بەهێز دەکەین!

کەژەکە بە توڕەییەوە کوشتنی مەهسا ئەمینیی ئیدانە کرد و لە پێش هەموانەوە داوای لە ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ژنانی بەلوچ، فارس و ئازەری کرد، لە دژی سیاسەتەکانی دژ بە ژنان لە هەموو ئاستێکدا تێکۆشانی خۆپاراستن بەهێز بکەن.

کەژەکە بە توڕەییەوە کوشتنی مەهسا ئەمینیی ئیدانە کرد و لە پێش هەموانەوە داوای لە ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ژنانی بەلوچ، فارس و ئازەری کرد، لە دژی سیاسەتەکانی دژ بە ژنان لە هەموو ئاستێکدا تێکۆشانی خۆپاراستن بەهێز بکەن.

دەقی ڕاگەیاندراوەکەی دەستەى بەڕێوەبەریی کەژەکە لەسەر کوشتنی ژینا ئەمینی:

"مێشکی پیاو سالارانە و نێرسالار لە هەموو شوێنێک دا ژنان دەکوژێت.

بەناوی بزووتنەوەی ئازادیی ژنانی کوردەوە، ئێمە بە تووڕەیی و نفرەتێکی زۆرەوە کوشتنی ژینا ئەمینی (مەهسا) شەرمەزار دەکەین، کە لەلایەن پۆلیسی ئەخلاقی ئێرانەوە لە ژێر ئەشکەنجەدا کوژرا. ئێمە سڵاو لە ڕاپەڕینی ژنانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەین، کە ناڕەزایەتییان بەرامبەر ئەو دڕندەییە پیشان داوە. بەم بۆنەیەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵەی مەهسا ئەمینی و خۆشەویستانی و گەلی کوردستان دەکەین.

ئەوەی دوێنێ لە مەریوان ڕوویدا، کە پیاوێکی بکوژی دوژمنی ژنان بەناوی گۆران-ەوە ئەنجامی دا، ئەمڕۆ لە تاران لەلایەن پۆلیسی ئەخلاقەوە دووبارەکرایەوە. لەم ئێستادا، کە دەوڵەتی ئێران دوژمنی ژنانە، لە هەموو بوارێکی ژیاندا ئەشکەنجەکردن ئاسایی دەکاتەوە  و تاوان و ڕەفتارەکانی دژ بە مرۆڤایەتی و دژ بە ژنان سیستماتیک  دەکات و ڕەواییان پێدەدات، کردەوەی کوشتن و بکوژانە و دژە دیموکراتیانە زیادی کردووە.

 لە ئێران پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە زیندانەکاندا زیادیکردووە، هەوڵی بێدەنگکردنی هەموو هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی دژ بە سیستەمەکە دەدرێت، دەیانەوێت بە گوشار و توندوتیژی کۆتایی بە تێکۆشانی ئازادیی ژنان بهێنن، کوشتنی ژنان بە بەرچاوی جیهانەوە لە رێگەى ئەشکەنجەدانەوە، دەستدرێژیکردن، بە شوودان لە تەمەنی منداڵیدا، نیشانەی سیستمی زۆردار، زاڵم و باڵادەستی زایەندپەرەستە.

دەوڵەتە فاشیستەکانی دوژمنی ژنان، کە هەوێنیان زایەندپەرەستی و سێکسیزم، ئایینپەرەەستی و دینداری، مەزەهەبگەری و تایفەگەری، نەتەوەپەرستی و خۆسەپێنی و باڵادەستخوازییە، بە سیاسەتە پاکتاوکاری و جینۆسایدانەکانیان بە بەردەوامی ژنان دەکوژن، تاڵانی دەکەن ، لە شوێن و وار و زێدی خۆیانیان دەکەن و بێکاریان دەکەن.

کوشتنی ژنان بەشێکە لە کۆمەڵکوژیی سیستماتیکی دژ بە ژنان

لەسەرتاسەری جیهاندا ژنان بەبەردەوامی لەلایەن مێشک و عەقڵییەتی پیاوسالار و نێرسالارەوە دەکوژرێن. ئەو جەنگە، کە ناوی بۆ دانەنراوە، لە جیهاندا جەنگی زاڵ و باڵادەستە. لە وڵاتی ئێمە لە کوردستان دا ئەو کۆمەڵکوژیانە، کە بەسەر ژناندا سەپێندراوە، بەردەوام و بەبێ ڕاوەستان دەسەپێنرێت و درێژەی پێدەدرێت.

 دەوڵەتانی داگیرکەر دەیانەوێت لە هەر چوارپارچەی کوردستان بە سەپاندنی سیاسەتی پاکتاوکردن بەسەر ژناندا کۆمەڵگا بێ ئیرادە و سەرکوت بکەن. لە باکوری کوردستان پاڵنان و تاودانی ژنان بۆ ناو تەونی دەستدرێژی، کوشتن، لەشفرۆشی و ماددە هۆشبەرەکان وەک کردەوەیەکی جەنگی تایبەت بەکاردێت. گوشار و داخستن لە دژی ڕێکخراوەکانی ژنانی کورد ئەنجام دەدرێت، قەدەغەکردنی سیاسەتی لە ژنانی نوێنەری گەل لە بوار و گۆڕەپانی سیاسەتی دیموکراتیکدا، زیندانیکردنی پەرلەمانتاران بە پاساوی بێ بنەما، قورسکردن و توندکردنی ئەشکەنجە لە زیندانەکان، ئازادنەکردنی بەندکراوان، ئەو سیاسەتانەی بەسەر زیندانیانی نەخۆش دا دەسەپێنرێن، هەموویان بۆ لەناوبردنی ئیرادەی ژنانی بەرەنگار و خۆڕاگرە.

هەروەها لە ڕۆژئاوا هێرشکردنەسەر پێشەنگاکانی تێکۆشانی ئازادی نیشانەی ترسی سیستمەی باڵادەستخوازی خۆسەپێنە لە ژنانی ئازاد، بۆیە وەک  ئەو ژنانە، کە لە دژی ئەو هێرشە دڕندانانە لە مەیدانەکاندا دەریانبڕیوە؛ بەرپرسیاریی سەرەکی و تاوانباری ئەمجۆرە کوشتنانە دەسەڵاتی سیاسین، کە لە هەوڵی چەسپاندنی مێشکی خۆسەپێن و باڵادەستخوازی پیاودان بەسەر هەموو کۆمەڵگەدا. لەبەر ئەوەش هیچ ڕووداوێکی کوشتنی ژنان بە شێوەی جیاواز لەوە بوونی نییە، ئەو ڕوودانە یەکجار نین، بە پێچەوانەوە بەشێکە لە کۆمەڵکوژیی سیستماتیکی و پلان بۆ دانراو لە دژی ژنان. ژنان لە ئەنجامی مێشک و کردار و ڕەفتارەکانی دژ بە ژنان و ژیان لەلایەن دەوڵەتەکانەوە بە مێشکی دەوڵەت دەکوژرێن. هەروەها زیادبوونی کوشتنی ژنان ئاماژەشە بۆ ئەو دۆخە قەیراناوییە، کە لە سیستەمەکەدا هەیە.

بۆیە پێویستە تێکۆشان لە دژی هێرشە بێباکانەکانی هێزە نێرینە فاشیستییەکان بەهێز بکرێت، کە لە هەوڵی سەرکوتکردنی بەرخۆدانی کوردستان و بە کۆمەڵگەبوونی ئێمە و دەستکەوتەکانمان و ناسنامەى ئێمە دەدات. هێرشەکانی ئێستا تەنیا دژی دەستکەوتەکانی ژنێک نییە، بەڵکو هێرشی دوژمنانەیە بۆ سەر خودی ژنان.

پێویستە خۆپاراستن لە هەموو شوێنێک دا بەهێز بکرێت

کوشتنی ژنان بووەتە سیستماتیک و کاریکی بەرنامە بۆ داڕێژراوە. تاکە ڕێگا بۆ پێشگرتن لەو کۆمەڵکوژییانە، بەرەو پێشبردنی خۆپاراستنی ژنانە. ئێمەی ژنان، دەبێت لێپرسینەوە لەو هێزە دڕندەیە بکەین، کە بە مێشک و سیاسەت و کردەوەکانی بەرپرسیاری سەرەکیی ئەم کۆمەڵکوژییانەیە. ئەوەندەی مرۆڤ بتوانێت دەبێت پێکەوە شانبەشانی یەکتر بوەستنەوە، پێویستی بە بەرزکردنەوەی تێکۆشان و بەرزکردنەوەی پاراستنی جەوهەری و بەرگریکردن لەخۆ هەیە.

کردەوە دڕندانەکانی ڕژێمە فاشیستە داگیرکەرەکان، لە هەموو بوارەکانی ژیان دا کار بۆ سەپاندنی سەر دانەواندن بە ژنان دەکەن. دەیانەوێت ئێمە ببەنە جێگایەک و دۆخێک، کە بەپێی سیستەمی خۆسەپێن و باڵادەستخوازی نێرینە هەڵسوکەوت بکەین. ئەم کارە بە ڕەخساندنی بواری ئابووری، سیاسی، ئایدیۆلۆژی، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی ئەنجام دەدەن. دەبێت ئێمە لە هەموو کات زیاتر لە دژی ئەو سیستمە دڕندەیە تێبکۆشین، کە کار بۆ لەناوبردنی ورە و ئیرادە، وتە و بۆچوون، چالاکی، ڕێکخستن و رێکخراوەکانی ژنان دەکات.

ئێمە داوا لە هەموو گەلەکەمان و بە پلەی یەکەم لە ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ژنانی بەلووچ، فارس و ئازەری دەکەین، کە لە هەموو ناوچەیەکدا خۆیان ڕێکبخەن و تێکۆشانی جەوهەری و سروشتیی خۆیان لە دژی ئەو سیاسەتە داگیرکارییانە بەرز و بەهێز  بکەن.

داوا لە هەموو ژنان دەکەین، کە لە دژی ئەو هێرشانە یەکبگرن و بەرخۆدان زیاتر بکەن. ئەمڕۆ بێدەنگبوون لە بەرامبەر ئەم دڕندەییە مانای ئەوەیە، کە ئەوان ڕێگایان بۆ کۆمەڵکوژییەکانی سبەینێ کردووەتەوە. ئێمە ڕایدەگەیەنین، کە بە گەورەکردن و فراوانکردنی بەرخۆدان لە دژی داگیرکاری، چەوساندنەوە و سیاسەتەکانی دەسەڵاتخوازیی پیاو لە هەر چوار پارچەی کوردستان، کە ژیانی ژنان شکۆدار و باڵا دەکات، ژنان بە ڕێکخستنکردن بەهێز دەبن و ئێمە دەتوانین بەو کارە هێرشە بێباک و دڵتەزێنەکانی فاشیزم و زایەندپەرەستی ڕاوەستێنین.

ئێمە کوشتنی دڕاندانەی ژنە شەڕڤانی ئەرمەنی، ئانوش ئابیتیان لەلایەن سوپای ئازەربایجانەوە بە تووڕەیییەکی زۆرەوە ئیدانە دەکەین. ئێمە ڕایدەگەیەنین، ئەم کۆمەڵکوژییە دەرەنجامی عەقڵیەتێکی هاوشێویە، ئەوە دەبێتە هۆی دروستکردنی هێڵی هاوبەش بۆ تێکۆشان و خەباتی ژنانی بە شێوەی ڕێکخراو و رێکخستنکراو. لەسەر ئەم بنەمایە جارێکی تر یادی هەموو ئەو ژنانە دەکەینەوە، کە لە ئەنجامی زوڵم، ئەشکەنجە و گوشارەکانی دەوڵەتە داگیرکەرەکانەوە گیانیان لەدەستداوە و پەیمان و بەڵێنی خۆمان نوێ دەکەینەوە، کە لێپرسینەوە  لەو سیستەمە و ئەم جیهانە دڕندەیەی پیاوانی باڵادەستخواز و سیستمەکەیان دەکەین".

ژ.ت