لە کەرکوک بەبۆنەی ٨ی ئادارەوە گفتوگۆیەکی کراوە بەڕیوەچوو

لە کەرکوک بە بەشداری دەیان ژنانی سەرکردە لە بوارەکانی ژنان، بۆ تاوتوێ ردنی مافەکان ژنان دانیشتنێکی گفتوگۆ سازکرا.

ئێوارەی دوێنێ ٨ی ئادار رۆژی جیهانی ژنان، لەگەڕەکی ئیسکانی شاری کەرکوکی باشوری کوردستان، بە بەشداری دەیان ژنی سەرکردە، کە پێکهاتبوون لە بەرپرسانی ڕێکخراوەکانی تایبەت بە مافەکانی ژنان و چالاکوانان و ژنانی رۆشنبیری شارەکە، دانیشتنێکی گفتوگۆیی ئەنجامدرا، کە تیدا باس لە بڕیاری ژمارە ١٣٢٥ و مافەکانی ژنان کرا.

 هەروەها لە چالاکییەدا باس لە چیرۆکی سەرکەوتنی ژنان کرا، تیشک خرایەسەر  گرنگیی ڕۆڵیبینی ژنان لە کایە جیاوازەکانی وەکو سیاسەت و بەڕیوەبردن، وە داواکرا جارێکی دیکە وەزارەتی ژن بگەڕێتەوە نێو وەزارەتەکانی عێراق، کە سەردەمانێک بوونی هەبوو و بەشیوەیەکی باشتر کار بکات لەپێناو ژناندا و دەنگی ژن بگەینێتە ناوەندەکانی بڕیار.

فەنار فاروق بەپرسی ڕیکخراوی ڤیان بۆ داکۆکی لە مافەکانی ژنان، سەبارەت چالاکییەکەیان بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی  ووتی: "بەبۆنەی ٨ی ئادارەوە حەزمانکرد تەواوی ژنانی سەرکردە لە کەرکوک کۆبکەینەوە و دانیشتنێکی گفتوگۆمان ئەنجامدا بۆ تاوتوێکردنی مافەکان ژنان،  باسمان لە بزوتنەوەکانی ژنان کرد لە عێراق هەروەها چیرۆکی سەرکەوتنی ژنانی خاوەن پێداویستی تایبەتمان هەبوو لەم چالاکیەدا، هەروەها ژمارەیەکی زۆری ژنانی سەرکردە لە کەرکوک بوونیان هەبوو لەم چالاکییەدا کە پرسیارنامەمان ئاڕاستەیان کرد سەبارەت بە مافەکانی ژنان و ئەو کێشانەی ژنان ڕووبەڕووی دەبنەوە لە کارەکانیان لە کەرتی تایبەت و کەرتی گشتی".

لە کۆتایدا فەنار فاروق بەرپرسی ڕێکخراوی ڤیان بۆ داکۆکی لە مافی ژنان ووتی: "حەزەکەم نامەیەکی دەستخۆشی ئاڕاستەی سەرجەم ژنانی عێراق بکەم و پیرۆزبایی ئەم جەژنەیان لێبکەم هیوای تەندروست باشییان بۆ دەخوازم. پیان دەڵێم، ئەمڕۆ رۆژ رۆژی ئێوەیە".

ژ.ت