لە مانگی رابردوودا لە تورکیا ٢٣ ژن کوژراون

بەپێی راپۆرتی پلاتفۆرمی ئێمە کوشتنی ژنان ڕادەگرین (کەجەدەپە - KCDP) یەکەم مانگی ٢٠٢١دا لە تورکیا ٢٣ ژن کوژراون و ١٤ ژنی تریش بە شێوەیى گوماناوی گیانیان لە دەستداوە.

پلاتفۆرمی ئێمە کوشتنی ژنان ڕادەگرین (کەجەدەپە - KCDP) لەبارەی توندوتیژیی پیاوان لە دژی ژنان لە مانگی کانوونی دووەمی ٢٠٢١دا راپۆرتێکی بڵاوکردەوە. لە راپۆرتەکەدا هاتووە، لە مانگی کانوونی دووەمی ٢٠٢١دا ٢٣ ژن کوژراون و ١٤ ژنیش بە شێوەی گوماناوی گیانیان لە دەستداوە.

'ژنەکان لەلایەن کەسوکار و خزمەکانیانەوە کوژراون'

بەپێی راپۆرتەکە لەو ٢٣ ژنە، ٧ ژنیان لەلایەن هاوسەرەکانیانەوە و ٦ ژنی تریان لە لەلایەن ئەو پیاوانەوە کە لەگەڵیاندا لە ژیانی هاوبەشدا بوون، ٢ ژنیان لەلایەن ئەو پیانەوە، کە پێشتر ژیانی هاوبەشیان لەگەڵیاندا هەبووە، ٢ ژنی تریشیان لەلایەن خزمەکانیانەوە و ژنێکیش لەلایەن هاوسەری پێشووییەوە، ژنێکیش لەلایەن باوکییەوە و ژنێکی تریش لەلایەن کوڕەکەیەوە کوژراوە.

٥ لەو ژنانە ئەوانە بوون، کە خواستویانە جیا ببنەوە و نەیانخواستوە لەگەڵ هاوسەرەکانیاندا، یان هاوبەشەکەیاندا بمێننەوە، یان نەیانخواستوە هاوسەرگیری بکەن و نەیانخواستوە پەیوەندی دروست بکەن، ٢ ژنی تریشیان بە پاساوی ئابووری کوژراون.

ئیستەنبول زۆرترین ژنی تیادا کوژراوە

لە مانگی رابردوودا لە ئیستەنبول زۆرترین ژن کوژراوە. بەپێی راپۆرتەکەى پلاتفۆرمی ئێمە کوشتنی ژنان ڕادەگرین (کەجەدەپە - KCDP) تەنها لە ئیستەنبول ٧ ژن کوژراون و هەر لەو مانگەدا لە ئیستەنبول ٥ ژنی تریش بە شێوەی گوماناوی گیانیان لە دەستداوە.

ئاماری کوشتنی ژنان لە ساڵی رابردوودا لە تورکیا

هەروەها بەپێی ئامارەکانی پلاتفۆرمی "ئێمە رێگری لە کوشتنی ژنان دەکەین" لە ساڵی ٢٠٢٠دا لە تورکیا ٣٠٠ ژن کوژراون و ١٧١ ژنیش بە شێوەیەکی گوماناوی گیانیان لە دەستداوە.

هاوکات بەپێی ئاماری ئاژانسی هەواڵی ژن نیوزیش لە ساڵی ٢٠٢٠دا لە تورکیا ٣٣٢ ژن و ٣٣ منداڵ کوژراون. ١١٠ ژنیش بە شێوەی گوماناوی گیانیان لە دەستداوە و دەستدرێژیش کراوەتە سەر ٤٩ منداڵ.

ژ.ت