لێبوردنی نێونەتەوەیی: زەینەب جەلالیان لە ژێر ئەشکەنجەدایە

ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی (ئەمنستی ئینتەرناشناڵ) ڕایدەگەیەنێت: زەینەب جەلالیان لە ژێر ئەشکەنجەدایە ‌و وەزارەتی ئیتڵاعات بە مەرجی دانپێدانان بە تاوانباربوونیدا لەبەردەم كامێرادا ئامادەیە خزمەتگوزاریی تەندروستیی بۆ دابین بكات.

بە وتەی ئەمنستی ئینترناسیۆناڵ ، بەرگری بە ئەنقەست لە دابینکردنی خزمەتگوزاریی پزیشکی بۆ زەینەب جەلالیان، بوەتە هۆی سەخت بوونی نەخۆشی و ئازارەکانی، بە تایبەت کە ناوبراو لە دۆخێکی تەندروستیی زۆر خراپدایە، لەوانە کێشەی هەناسەدانە کە دوای تووشبوونی بە پەتای کۆرۆنا بە قووڵیی ئازاری دەدات.

لە بانگەوازەكەی  ئەمنستی ئینتەرناشناڵدا هاتوە: وەزارەتی ئیتلاعات ڕایگەیاندوە، تەنیا بەو مەرجە ئامادەن خزمەتگوزاریی گونجاوی پزیشکیی بۆ دابین بکەن و بیگوازنەوە بۆ زیندانێکی نزیک لە بنەماڵەی لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا و کۆتایی بە هەڵسوکەوتی تۆڵەئەستێنانە بهێنن کە ناوبراو لە بەرانبەر کامێرای تەلەفیزیۆندا، دان بە تاوانکاربوونی خۆیدا بنێت و پەشیمانبوونەوەی خۆی لە چالاکییە سیاسییە پێشووەکانی ڕابگەیەنێت و بکەوێتە هاوکاریکردنەوە لەگەڵ وەزارەتی ئیتلاعاتدا.

 بە درێژایی ٦ ساڵی ڕابردوو زەینەب جەلالیان بە ئەنقەست لە گواستنەوە بۆ نەخۆشخانەی دەرەوەی زیندان بۆ وەرگرتنی ئەو چارەسەرە پزیشکییە گونجاوانەی دابینکردنیان لە زینداندا نامومکینە، بێبەش کراوە.

 لە کۆتایی بانگەوازەکەیدا، داوای لە هاوڵاتییان کردوە، لە ڕێی دەقە پێشنیازکراوەکەی لێبوردنی نێونەتەوەییەوە، نامەکانیان ئاراستەی بەرپرسانی ئێران بکەن و داوایان لێ بکەن:

– بە سەرنجدان بە بڕیاری (کۆمیتەی نەتەوەیەکگرتوەکان لە بواری دەستبەسەرکردنی نایاساییدا)، بەپەلە زەینەب جەلالیان ئازاد بکەن و گەرەنتیی مافی ناوبراو بکەن بۆ قەرەبووکردنەوەی خەسارەکان.

 -تا ئەو کاتەی ئازاد دەکرێت، دەبێت بەهرەمەند ببێت لە خزمەتگوزارییە پزیشکییە پێویستەکان، وەک گواستنەوە بۆ نەخۆشخانەی دەرەوەی زیندان بە مەبەستی وەرگرتنی ئەو خزمەتگوزارییانەی لە زینداندا دابینکردنیان نامومکینە.

– بەر بە هەرچەشنە ئەشکەنجە و هەڵسوکەوتێکی خراپ لە بەرانبەر ناوبراودا بگیرێت و بگوازرێتەوە بۆ زیندانێکی نزیکتر لە بنەماڵەکەی.

-یەکسەر دەست بکرێت بە ڕەوتێکی لێکۆڵینەوەی بێلایەنانە، کاریگەر، سەربەخۆ و خێرا بە مەبەستی لێکۆڵینەوە لە ئیدیعاکانی ناوبراو لە بواری ئەشکەنجەکردن و هەڵسوکەوتە خراپەکانی تردا و سەرجەم بەرپرسیارانی ئەم کارانە لە دادگای دادپەروەرانەدا موحاکەمە بکرێن بەبێ ئەوەی سزای لەسێدارەدان بەکار بهێنرێت.

-هەروەها وەبیر ئەم بەرپرسانە بهێنرێتەوە کە ئازاردان و دەستگیرکردنی ئەندامانی بنەماڵەی زیندانییان تەنیا لەبەر دروستکردنی لەمپەر لە بەردەم هەوڵە جەماوەرییەکاندا بۆ پشتیوانیکردنی ئازیزەکانیان، بە واتای پێشێلکردنی یاسا و ستانداردە نێونەتەوەییەکانە.

  داونلۆدکردنی فایلی پی ‌دی ‌ئیفی بانگەوازی هەوڵدانی بەپەلەی لێبوردنی نێونەتەوەیی بە زمانی فارسی (٢ لاپەڕە)

https://t.me/Amnesty_International/1862

  لینکی بانگەوازی هەوڵدانی بەپەلەی لێبوردنی نێونەتەوەیی بە زمانی ئینگلیزی

https://www.amnesty.org/en/documents/mde13/3605/2021/en/

 

ک-ش