له‌ كه‌ربۆران ژنێك كوژرا

له‌ گه‌ڕه‌كی زه‌نگانی كه‌ربۆران پیاوێك به‌ ناوی ئۆنه‌ر كه‌سكین، پاكستان ده‌میری كوشت و كه‌سێكیشی بریندار كرد كه‌ ده‌یویست رێگری لێ بكات.

له‌ گه‌ڕه‌كی زه‌نگانی ناوچه‌ی كه‌ربۆرانی مێردین پیاوێك به‌ ناوی ئۆنه‌ر كه‌سكین ته‌مه‌ن ٣٠، هاوژنی خۆی به‌ ناو پاكستان ده‌میر ته‌مه‌ن ٢٨ ساڵه‌ی كوشت.

به‌پێی زانیارییه‌كان، ئۆنه‌ر كه‌سكین سه‌ره‌تا له‌سه‌ر رێگای گه‌ڕه‌كی زه‌نگان له‌گه‌ڵ پاكتستان ده‌مه‌قاڵێی كردووه‌ و دواتر به‌ ئامێرێكی تیژ هێرشی كردۆته‌ سه‌ر ده‌میر. كرێكارێكی شاره‌وانی گه‌وره‌ی مێردین كه‌ له‌و كاته‌دا له‌وێوه‌ تێپه‌ڕ بووه‌ هه‌وڵداوه‌ رێگری له‌ كه‌سكین بكات. كه‌سكین هێرشی كردۆته‌ سه‌ر كرێكاره‌كه‌ی شاره‌وانیش و ئه‌ویشی بریندار كردووه‌.

تیمه‌كانی ته‌ندروستی دواتر ره‌وانه‌ی شوێنی رووداوه‌كه‌ كران. كارمه‌ندانی ته‌ندروستی دوای پشكنین رایانگه‌یاند، كه‌ پاكستان ده‌میر ژیانی له‌ده‌ستداوه‌. ته‌رمی ده‌میر گواسترایه‌وه‌ بۆ به‌شی توێكاری نه‌خۆشخانه‌ی ده‌وڵه‌تی له‌ كه‌ربۆران. كرێكاره‌ برینداره‌كه‌ی شاره‌وانیش چاره‌سه‌ری پزیشكی بۆكرا.

هـ . ب