لەپاریس رێپێوانێک بۆ سێ ژنە شۆڕشگێڕەکە ئەنجامدرا

لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا بۆ سێ ژنی شۆڕشگێڕ کە لە ٩ی کانونی دووەمی ٢٠١٣دا تیرۆرکرابوون، رێپێوانێک لەپێناو دادپەروەریدا ئەنجامدرا.

 

 لە ٩ی کانونی دووەەمی ٢٠١٣دا لە پاریس سەکینە جانسز (سارا) یەکێک لە دامەزرێنەرانی پەکەکە ، فیدان دۆغان (رۆژبین) نوێنەری کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) لە پاریس و لەیلا شایلەمەز (رۆناهی) ئەندامی بزوتنەوەی گەنجان تیرۆرکران. لەپێناو هەر سێ ژنە شۆڕشگێڕەکەدا لە سەر بانگەوازی بزوتنەوەی ژنانی کورد لە فەرەنسا (تەژەکە-فە TJK-F) و دەستەی کوردانی دیموکراتیک لە فەرەنسا (جەدەکە-فە CDK-F) رێپێوانێک ئەنجامدرا.

گەلی کورد و دۆستەکانیان لەبەردەم ناوەندی کۆمەڵەی کوردانی دیموکراتیک لە پاریس بە دروشمی 'تا دادپەروەری لە تاریکیدا بێت فەرەنسا تاوانبارە' لە کاتژمێر ١٢:١٥دا دەست بە رێپێوانەکە کرا. رێپێوانەکە تا نوسینگەی ئینفۆرماسیۆن بەردەوام بوو کە کۆمەڵکوژیەکەی تێدا ئەنجامدرابوو. فابیان روسێل سکرتێری گشتی پارتی کۆمۆنیستی فەرەنسا و کاندیدی سەرۆک کۆماری، هێلێن بیدارد جێگری سەرۆکی شارەوانی پاریس و ئەندامانی ئەنجومەنی شارەوانی دەیەمینی پاریسیش بەشداریان لە رێپێوانەکەدا کرد.

چالاکوانەکان ئەو تاجەگوڵینانەی کە بەدەستیانەوە بوو لە گۆڕەپانی تایبەت لەبەردەم نوسینگەکە دانا. لەسەر ناوی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد هەر یەک لە بزوتنەوەی ژنانی کورد لە ئەوروپا (تەژەکە-ئە)، کۆنگرەی کۆمەڵگای دیموکراتیک لە ئەوروپا (کەجەدەکە-ئە) و جەدەکە-فە گوڵیان دانا.

مەتین جانسزی برای سەکینە جانسز بە نوێنەرایەتی بنەماڵەکانی هەر سێ ژنە شۆڕشگێڕەکەوە قسەی کرد و رایگەیاند، "لەم رێپێوانی دادپەروەریەدا ئێمە سڵاو لە هەموو کوردستانیان و سەرجەم ئەو دۆستانە دەکەین کە ئێمەیان بە تەنیا جێنەهێشت. تائەوکاتەی بکوژان دادگایی دەکرێن تێکۆشانی ئێمە بەردەوام دەبێت".

لای خۆشیەوە زەینەب دێرسیم ئەندامی تەژەکە-ئە باسی لەوەکرد لە یەکەم رۆژەکانەوە بکوژان ئاشکران و تا بکوژان سزا دەدرێن بەردەوام دەبن لە تێکۆشان.

فابیان روسێل سکرتێری گشتی پارتی کۆمۆنیستی فەرەنسا و کاندیدی سەرۆک کۆمارییش بە یادکردنەوەی هەر سێ ژنە شۆڕشگێڕەکە دەستی بە قسەکانی کرد و وتی، "پێویستە فەرەنسا دادپەروەری بچەسپێنێت. ئەوە ئەرکی فەرەنسایە بەرامبەر گەلی کورد کە لە دژی داعش خۆڕاگری دەکەن. پارتەکەمان لەگەڵ گەلی کورد و تێکۆشانی دادپەروەریدایە".

لەسەر ناوی دیوانی سەرۆکایەتی کەجەدەکە- ئەوروپاش موراد جەیلان قسەی کرد. جەیلان بە شەرمەزارکردنی دیکتاتۆری فاشیست و بێدەنگی فەرەنسا دەستی بە قسەکانی کرد و وتی "ئامانجی ئەو کۆمەڵکوژیە هێڵی ژنانی ئازادی کورد و فەلسەفەی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بوو. تائەو کاتەی فەرەنسا ئەو کۆمەڵکوژیە روون نەکاتەوە، ئەویش تاوانبارە".

هـ . ب