نەمام غەفوری پزیشکی خۆبەخش و هاوکاری شەنگال و ڕۆژئاوا کۆچی دوایی کرد

دکتۆر نەمام غەفوری پزیشکی خۆبەخش و هاوکار و پشتیوانی شەنگال و ڕۆژئاوای کوردستان، لە دهۆک تووشی نەخۆشی کۆرۆنا بوو و لە سوید بە نەخۆشیەکە کۆچی دوایی کرد.

پاش ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، لە کەمپێکی پەنابەرانی ئێزیدی لە شاری دهۆکی باشوری کوردستان، دکتۆر نەمام غەفووری، کچی مەحموود ئاغای کاکە زیاد خەڵکی شاری کۆیە، دووچاری ڤایرۆسی کۆرۆنا دەبێت، هەر زوو باری تەندرووستی تێکدەچێت بۆیە لە ڕێگای بیمە و وەزارەتی تەندروستی وڵاتی سویدەوە کە بەخۆی خاوەنڕەگەزنامەی ئەو ووڵاتەیە بە ئامبۆلانسی فڕۆکە لە کوردستانەوە دەبرێتەو سوید.
بەڵام سەرەڕای هەموو هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشییەکە و ڕزگارکردنی ژیانی، دەرەنجام لە نەخۆشخانەی داندریدی شاری ستۆکۆڵم پایتەخت کۆچی دوایی کرد.

نەمام غەفوری کۆچکردوو ماوەی 35 ساڵ نیشتەجێی وڵاتی سوید ببوو و نزیکەی 7 ساڵ پیش ئێستاش بە مەبەستی هاوكاری و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی تەندروستی بە كوردانی ئێزدی شەنگال و ڕۆژئاوای کوردستان و ئاوارەکان گەڕا بووەوە کوردستان.
کۆچکردوو لە سەخترین کاتەکاندا ڕووی لە کۆبانێ، عەفرین، شار و ناوچەکانی ڕۆژائاوای کوردستان و شەنگال کرد بوو و خۆبەشانە و ماندوونەناسانە خزمەتی گەلی کرد.
بە کۆچی دوایی دکتۆر نەمام غەفووری، کورد و ئازادیخوازان بەگشتی و ڕۆژئاوای کوردستان و شەنگال بەتایبەتی گەورە مرۆڤێک و پشتیوانێکی مەزنیان لەدەستدا.

 

هـ.هـ