پاژک: ئافرێنەرانی تێکۆشانی ئازادی ژن پێودانگی ئێمەن بۆ سەرکەوتن

پاژک باسی لەوەکرد، ئاڵای تێکۆشانی فەلسەفەی 'ژن، ژیان، ئازادی' کە بە دەستی ژنەوە دەشەکێتەوە، دەبێتە بناغەی سەرەکی ئازادی ژن و کۆمەڵگا و رایگەیاند: "ئێمە بەردەوام ئافرێنەرانی تێکۆشانی ئازادی ژن دەکەینە پێودانگی خۆمان بۆ سەرکەوتن".

بەڕێوەبەرایەتی پارتی ئازادی ژنانی کوردستان (پاژک) بە بۆنەی ٨ی ئادار رۆژی جیهانی ژنانی رەنجدەر لەسەر ماڵپەڕی خۆی https://pajk.org/ راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

راگەیەندراوەکەی پاژک بەمجۆرەیە:

"تێکۆشانی ئازادی ژن، لەسەر بناغەی بیر و باوەڕی ژنان بە سەرهەڵدان، تێکۆشان و سەرکەوتن بەرەوپێشچوو. ئەو ژنانەی پێشەنگایەتیان بۆ تێکۆشان کرد لەبەرامبەر ئەقڵیەتی پیاو شەڕیان کرد و هێڵی ژیانی ئازادیان هەڵبژارد. لە پێناو ئەو ژیانەدا بە تێکۆشان بوونە وەڵام و قوربانی گەورەیان بەخشی. ئێمە لە کەسایەتی ئافرێنەرانی رۆژی جیهانی ژنانی رەنجدەر رۆژی ٨ی مارس و پێشەنگانی تێکۆشانی ئازادی ژن رۆزا لوگزەمبورگ، کلارا زێتکین، سارا، ئەڤین و راپەڕینەکان سەرجەم ئەوژنانە بە بیردەهێنینەوە کە لە رێگای ئازادی ژندا تێکۆشاون و بەرخودانیان کردووە. رۆژی تێکۆشانی ژنان، ٨ی ئادار لە رێبەر ئاپۆ و سەرجەم ژنانی جیهان و مرۆڤایەتی پیرۆز دەکەین.

بۆ ئەوەی ئیرادەی کۆمەڵگا بەچۆکدا بهێنن، تاڵانکاری و هێرش بەردەوام دژی ژنان ئەنجامدراون

ئەقڵیەتی پیاوسالاری لە کەسایەتی ژندا بەسەر کۆمەڵگاوە سیاسەتی کۆمەڵکوژی و داگیرکەری پەیڕەو کردووە. بە بیردۆزیی پیاوەتی بەتایبەتی شکاندنی ئیرادەی ژنی کردووەتە ئامانجی سەرەکی خۆی. بۆ ئەوەی کۆمەڵگا بخاتە ژێر دەسەڵاتداری خۆیەوە و ئیرادەکەی ناچار بە خۆبەدەستەوەدان بکات بەردەوام ژنانی کردە ئامانجی شەڕ، تاڵان و هێرشە دڕندانەکانی. سیستمی دەسەڵاتداری پیاو-دەوڵەت لەسەر ئەو بیرۆزیە خۆی دامەزراند و بووە گەورەترین دوژمنی ژن و کۆمەڵگا. هەر کە کولتوری پیاوەتی دواکەوتوو بەسەر ژن و کۆمەڵگاوە باڵادەست کرد کولتوری شەڕ، کوشتن، دەستدرێژی، کۆمەڵکوژی، بێ ئەخلاقی و بێ ویژدانی بەرەوپێشچوو. لەبەرامبەر سیستمی پیاوەتی و بیردۆزییە رەگەزپارێزەکەی ژن و کۆمەڵگا رووبەڕووی هەرسهێنانێکی گەورەکرانەوە. لەبەرامبەر ئەو هەرسهێنانە گەورە و رووخێنەرە ژنان بەردەوام تێکۆشان و خۆڕاگرییان کرد. لەسەردەمی ئێستادا سیستمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری، لە بەرامبەر تێکۆشانی ژن و هەڵسانەوەی کۆمەڵگا بە دەوری ژنەوە ئیتر کەوتووەتە قۆناغێکی تاریکەوە. ژنان لەو جیهانەدا کە سیستمی سەرمایەداری تیایدا خۆی باڵادەست کردووە تێکۆشانێکی مێژوویی ئەنجام دەدەن.

کۆمەڵگای ئازاد، سیاسی و ئەخلاقی بە تێکۆشانێک بە پێشەنگایەتی ژنان دەتوانێت دابمەزرێت

لەبەرامبەر سیستمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری و بیرکردنەوەی باڵادەستی پیاو، ژنان و کۆمەڵگای ئازاد بە بەرەوپێشبردنی زانابوون و ئیرادەی ئازاد، بە رێکخستن و بەرزکردنەوەی تێکۆشانی هاوبەش سەردەکەون. کۆمەڵگایەکی ئازادی سیاسی و ئەخلاقیش بە تێکۆشانێک کە ژنان پێشەنگایەتی بۆ دەکەن دەتوانێت دابمەزرێت.ئەو ئەرک و بەرپرسیارێتییە دەکەوێتە سەر شانی هەموو ژنێک کە لە تێکۆشانی هاوبەشدا جێی کردووەتەوە. ژنان دەتوانن بەم وشیارییە لە بەرامبەر ئەقڵیەتی پیاو-دەوڵەت تێکۆشانی ئازادی بگەیەننە سەرکەوتن. تێکۆشانی ژنان، رێکخستن و یەکگرتنی ژن لەمرۆکەدا لە هەموو کات زیاتر دەرفەتی رەخساندووە.

لە هەموو شوێنێکی دنیادا ژنان لە دژی ناهەقی، لە دژی زاڵبوونی پیاو و سیستمە دەسەڵاتدارەکەی ڕادەپەڕن و تێدەکۆشن. هەر لەگەڵ هۆشیاربوونەوەیی ژنان دا کۆمەڵگەش زیاتر هۆشیار دەبێـەوە. لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان - ئێران، ڕاپەڕینی کۆمەڵایەتی بە پێشەنگایەتیی ژنان ماوەی شەش مانگە بەردەوامەو کاریگەری لەسەر هەموو ژنان و کۆمەڵگا هەبووە. ئەوەش نیشانی دەدات، ئەوەش ننیشانی دەدات، کە گرینگی و کاریگەریی تێکۆشانی ژنان چەند جیهانگیر بێت، ئەوەندەش لە تێکۆشانی ئازادی نزیکتر دەبێتەوە.

ژنان ئازادیی خۆیان لە پارادایمی ڕێبەر ئاپۆدا دەبینن

ڕێبەر ئاپۆ لە ژێر هەلومەرجی قورسی زیندانی ئیمراڵی پەرەی بە پارادایمی دیموکراتیک، ژینگەپارێزی و ئازادی ژنان دا. ئەو پارادایم و تێکۆشانەی ئازادیی ڕێبەرایەتیمان بۆ ژنان لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا کاریگەریی لەسەر ژنانی سەرتاسەری جیهان و هەموو مرۆڤایەتی هەیە. ژنانی جیهان ئازادیی خۆیان لە پارادایمی ڕێبەر ئاپۆدا دەبینن. ئەو ڕەنجەی ڕێبەرایەتیمان بۆ ئازادیی ژن داوێتی تاوەکو دێت بەرهەمدار دەبێت و بناغەکانی شۆڕشی ژنان و کۆمەڵگا بەهێزتر دەبێت.

ژنان ئیدی بۆ شۆڕشی مەزنی ژنان و مرۆڤایەتی تێدەکۆشن

مرۆڤایەتی لە سەدەی ٢١دا بە پێشەنگایەتی، رێکخستن و یەکگرتوویی ژنان تێکۆشانی ئازادی سەردەخات. ژنان و چینی زەحمەتکێش و کرێکار لە سەدەی ١٩-٢٠ دا بۆ مافە نەتەوەییەکانی خۆیان تێکۆشان و قوربانیی گەورەیان دا. ژنان بەو تێکۆشانە چەندین مافیان بەدەست هێنا، بەڵام کێشەکانی ژنان بە بەدەستهێنانی ئەو مافانە چارەسەر نەکرا. جیاوازیی گەورەی تێکۆشان لەو سەردەمەدا لەگەڵ تێکۆشان لە سەدەی ٢١ دا ئەوەیە، ژنان ئیدی بۆ شۆڕشی مەزنی ژنان و مرۆڤایەتی تێدەکۆشن. سیستەمی زاڵی پیاویش لەبەر ئەوەیە ئەمڕۆ  لە بەرامبەر ڕابوونی ژنان و کۆمەلگە تووشی بێچارەیەکی گەورە بووە، ئەوە هۆکار و بناغەکەی بۆ ئەو جیاوازییە دەگەڕێتەوە. تاکو دێت تێکۆشانی ژنان کاراکتەری جیهانگیری خۆی دیاری دەکات. ژنان بۆ بنیاتنانی جیهانێکی ئازاد و یەکسان تێدەکۆشن. ژنان بۆ پێشخستنی کولتوری ژیانی ئازاد بەرەنگاری و خۆڕاگری دەکەن.

ئاڵای تێکۆشانی 'ژن، ژیان، ئازادی' دەبێتە بناغەی بنەڕەتیی ئازادیی ژن و کۆمەڵگا

ئاڵای خەبات بە فەلسەفەی ژن، ژیان، ئازادی لە سەدەی ٢١دا لەسەر دەستی ژناندا بەرز دەبێتەوە، بێگومان ئەوە دەبێتە بناغەی بنەڕەتیی ئازادیی ژن و کۆمەڵگا. ئەم کات و سەردەمە، کە ئێمە تیاداین لە هەموو کات و سەردەمێک زیاتر نزیکە لە بەدیهێنانی ژیانێکی ئازاد. ئێمە وەک پارتی ئازادیی ژنانی کوردستان (پاژک) هەمیشە ئافرێنەرانی بۆ تێکۆشانی ئازادیی ژنان دەکەنە پێورەکانی سەرکەوتنی تێکۆشان. لە ساڵی ٢٠٢٣دا تێکۆشان بۆ ئازادیی جەستەیی رێبەر ئاپۆ و بۆ ئازادیی ژنان زیاتر و بەهێزتر دەکەین.

لەسەر ئەم بیر و باوەڕە، داوا لە هەموو ژنان دەکەین، کە بەشداری لە تێکۆشانی هاوبەشی ژناندا بکەن. بۆ ئەوەی هەموو ڕۆژێک ببێت بە ڕۆژی تێکۆشان و ئازادی، بۆ ئەوەی شۆڕشی ژنان ببێتە کۆمەڵایەتی و جیهانی، دەبێت تێکۆشانمان زیاتر بکەین و ڕێکخستنەکەمان بەهێزتر بکەین و دەستکەوتەکانی شۆڕشی ژنان بپارێزین".

هـ.ب / ژ.ت