"ساڵی ٢٠٢٠ لە تورکیا ٣٠٠ ژن کوژراون"

پلاتفۆرمی ئێمە تاوانەکانی دژ بە ژنان رادەوەستێنین رایگەیاند، لە ساڵی رابردوودا لە تورکیا ٣٠٠ ژن کوژراون.

پلاتفۆرمی ئێمە تاوانەکانی دژ بە ژنان رادەوەستێنین (کەجەدەپە / KCDP) راپۆرتی ساڵی ٢٠٢٠ لەبارەى تاوانەکانی دژ بە ژنان لە تورکیا بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ساڵی رابردوو لە سەرتاسەری جیهان و تورکیا بە دژواری تێپەڕی و ئەوەش زۆرترین کاریگەریی لەسەر ژنان دروستکردووە.

کەجەدەپە رایگەیاند، لە ساڵی ٢٠٢٠ لە تورکیا ٣٠٠ ژن لەلایەن پیاوانەوە کوژراون. ١٧١ ژن بە شێوەی گوماناوی گیانیان لە دەستداوە و تەرمەکانیان دۆزراوەتەوە. هەروەها تاوەکو ئێستا هۆکاری کوشتنی ١٨٢ ژنی تریش روون نەکراوەتەوە. ئەوەندەی روون بووەتەوە، ٢٢ ژن بە هۆی کێشەى ئابووری و ٩٦ ژن لەسەر داوای جیابوونەوە کوژراون.

ئاماژە بەوەشکراوە، لە ساڵی ٢٠٢٠دا زۆرترین ژن لە ئیستەنبول کوژراوە و رایگەیاندووە، لە ئیستەنبول ٤٢ ژن، لە ئیزمیر ٢٥ ژن، لە ئەنقەرە ١٥ ژن کوژراون. لەو ٣٠٠ ژنە، ٩٧ ژن لەلایەن هاوسەرەکانیانەوە کوژراون، ٥٤ ژن لەلایەن ئەو پیاوانەوە کوژراون، کە لەگەڵ ژنەکاندا ژیاون، ٣٨ ژن لەلایەن پیاوێکەوە کە دەیانناسی کوژراون، ٢١ ژن لەلایەن مێردە پێشووەکانیانەوە کوژراون، ١٨ ژن لەلایەن کوڕەکانیانەوە کوژراون، ١٧ ژن لەلایەن باوکیانەوە کوژراون، ١٦ ژن لەلایەن خزمەکانیانەوە کوژراون، ٨ ژن لەلایەن ئەو پیاوانەوە کوژراون، کە پێشتر لەگەڵ ئەو ژنانەدا ماونەتەوە، ٥ ژن لەلایەن براکانیانەوە کوژراون و ٣ ژن لەلایەن کەسانی بێگانەوە کوژراون. تا ئێستا روون نییەوە ٢٣ ژن لەلایەن چ کەسانێکەوە کوژراون.

بەپێی راپۆرتەکە سەدا ٦٠ی ژنان لە ناو ماڵاندا کوژراون و ئەوەش خراوەتەڕوو، ١٨١ ژن لە ماڵاندا، ٤٨ ژن لەسەر شەقامەکان، ١٥ ژن لە شوێنی کارەکانیاندا، ١٤ ژن لە زەوییە کشتوکاڵییەکاندا، ١١ ژن لە ناو ئۆتۆمبێل دا، ٥ ژن لە ئۆتێلەکاندا، ٤ ژن لە شوێنی سەڵت بۆ مانەوەى خۆیان، ژنێک لە عەمباری دار دا، ژنێک لە ساڵۆنێ جوانکاری دا کوژراوە. شوێنی کوشتنی ٢٠ ژنیش روون نەبووەتەوە.

هەروەها ئاماژە بەوەشکراوە، ١٧٠ ژن بە چەک، ٨٣ ژن بە کەرەستەى بڕین، ٢٦ ژن بە خنکاندن، ١٠ ژن بە توندوتیژیی جەستەیی، ٢ ژن بە سوتاندن و ژنێک بە ماددەی کیمیاویی کوژراون. ژنێکیش لە شوێنێکی بەرزەوە هەڵدراوەتە خوارەوە و کوژراوە.

بەپێی راپۆرتەکە لە مانگی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٠دا ٣٢ ژن لەلایەن پیاوانەوە کوژراون و گیان لە دەستدانی ٩ ژنیش گوماناوییە.

ژ.ت