سیاسەتمەدار ئایسەل دۆغان شەهید بوو

سیاسەتمەدار ئایسەل دۆغان، کە ساڵانێکی زۆر بەشداری تێکۆشانی ئازادیی گەلی کورد بوو، لە ماڵەکەی خۆی لە ئەڵمانیا شەهید بوو.

ئایسەل دۆغان ئەندامی گروپی دووەمی ئاشتی بوو، کە لە ساڵی ١٩٩٩ لەسەر بانگهێشتی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە پێناو ئاشتی و چارەسەرکردنی کێشەى گەلی کورددا لە ئەوروپاوە گەڕایەوە بۆ تورکیا، بەڵام لە تورکیا ١٧ ساڵ زیندانیکرا. بەهۆی نەخۆشیی شێرپەنجەوە ماوەیەکی زۆر بوو لە ئەڵمانیا لە ژێر چارەسەری پزیشکیدا بوو، بەڵام سەرباری هەموو هەوڵەکان و چارەسەرکان  کاتژمێر ١٤:٠٠ی دوێنی ١١ی ئایاری ٢٠٢٢ بەکاتی ئەوروپا لە ماڵەکەی خۆیدا شەهید بوو.

ئایسەل دۆغان بە گشتی  ماوەی ١٧ ساڵ لە زینداندا بوو. هەر چۆن لەگەڵ گروپی دووەمی ئاشتی دا لە ئەوروپا گەڕایەوە بۆ وڵات لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی دەوڵەتی تورکەوە دەستگیرکرا و سزای ١٠ ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێنرا و لە ساڵی ٢٠٠٩ لە زیندان ئازاد کرا. لە دوای ئازادبوونی لە زیندان ئەکادیمیای باوەڕ و ڕۆشنبیریی دێرسیمی دامەزراند و لە ژێر چەتی ئەکادیمیاکەیدا درێژەی بە کار و تێکۆشان دا.

دۆغان لە مێژبوو بە هۆی شێرپەنجەوە چارەسەریی بۆ دەکرا، بەڵام سەرباری ئەوەش لە ساڵی ٢٠١١ لە ئۆپەراسیۆنی پاکتاوکردن و  قڕکردنی سیاسیی گەلی کورددا دەستگیرکرا و دووبارە سزای ١٨ ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێنرایەوە، بەڵام بەهۆی تەشەنەسەندنی نەخۆشیەکەیەوە لە ٧ی ئایاری ٢٠١٥دا و پاش چوار ساڵی تر لە مانەوەی لە زیندان و بە هەوڵی پارێزەران و گوشارەکانی سەر دەوڵەتى تورک، بە بڕیاری دادگای باڵا ئازاد کرا.

ئایسەل دۆغان کێیە؟

ئایسەل دۆغان لە ساڵی ١٩٥٣ لە دێرسیم لەدایکبووە، لە تەمەنی گەنجییەوە بە شێوەیەکی چالاکانە لە ڕێکخراوە جەماوەرییەکاندا کاری کردووە بۆ ئەوەی بە ناسنامەی کورد بناسرێت و لە دەستووردا مافەکانی گەلی کورد مسۆگەر بکرێت. دوای تەواوکردنی بەشی مامۆستایی بۆ راهێنانی وەرزشی لە زانکۆی غازیی ئەنقەر بوو بە مامۆستای قۆناغی دوا ناوەندی. لە ساڵانی دوای کودەتا سەربازییەکەی ساڵی ١٩٨٠ چەندین جار دەستگیرکرا و ئەشکەنجە درا. بە بێ پرسیار و لێکۆڵینەوە بۆ چەندین ساڵ زیندانی کرا.

لە هەڵبژاردنی٢٠ی تشرینی یەکەمی ١٩٩١ بۆ پەرلەمان، کە لەو کاتەدا شەڕی کوردستان گوڕ و گەرم بوو و زۆر پەرەی سەندبوو، لە شاری دێرسیمی خۆی وەک کاندیدی سەربەخۆ بۆ هەڵبژاردن پاڵاوت. هەرچەندە زۆرترین دەنگی ناوچەکەی خۆی بەدەستهێنابوو، بەڵام بەهۆی یاسای نادیموکراتیکی هەڵبژاردنەوە ڕێگەی پێنەدرا بڕواتە پەرلەمان.

هەڕەشەی کوشتنی لێکرا

ئایسەل دۆغان بەهۆی کارەکانییەوە لە دێرسیم بووە ئامانجی دەزگای هەواڵگریى جەندرمە و بەرەنگاربوونەوەى تیرۆر (ژیتەم - JÎTEM) و هەڕەشەی کوشتنیان لێکرد و بەو هۆیەوە وڵاتی جێهێشت و لە ئەڵمانیا بەشداریی لە خەباتی ئازادیی گەلی کورد و خەباتی  سیاسیدا کرد.

بۆ ئاشتی گەڕایەوە بۆ وڵات و زیندانیکرا

لە ساڵی ١٩٩٩ لەگەڵ دەستپێکردنی چاوپێکەوتنەکانی ئاشتی لەگەڵ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە ئیمرالی، ئایسەل دۆغان بوو بەشێک لە گروپی ئاشتی و لە ئەوروپاوە لەگەڵ گروپی ئاشتی دا گەڕایەوە بۆ تورکیا. کاتێک گەیشتنە تورکیا لەگەڵ ئەندامانی گروپی ئاشتی دا دەستگیرکرا و دادگایی کرا. ١٠ ساڵ سزای زیندانی بەسەردا سەپێنرا. ماوەی  زیندانییەکەى لە زیندانەکانی مەلەتی و ئەلبیستان تێپەڕاند.

ئایسەل دۆغان دوای ئازادبوونی گەڕایەوە بۆ شارەکەی خۆی دێرسیم. بۆ ماوەیەک کاری بۆ دامەزراندنی گروپی سێیەمی ئاشتی لە ئەوروپا کرد، بەڵام کاتێک پرۆسەی ئاشتی وەستا ئیدی لە دێرسیم مایەوە. بەشداریی لە دامەزاندنی کۆمەڵەی باوەڕ و ڕۆشنبیری دێرسیم دا کرد و یەکێک لە دامەزرێنەرانی بوو و سەرۆکایەتیی کۆمەڵەکەى دەکرد.

هەڵمەتەکانی کوژاندنەوەى ئاگری دارستانەکانی ڕێکدەخست، کە بەهۆی پێکدادانەکان و ئۆپەراسیۆنەکانەوە ئاگریان تێبەردەدرا. سیمینار و چالاکیی بۆ بەرزکردنەوەی هۆشیاری و ڕاونەکردنی ئاژەڵانی بۆ دانیشتووی ناوچەکە رێکدەخست، بە تایبەتی ئەو ئاژەڵ و بوونەوەرانە، کە لە دۆخی لە ناوچووندا بوون. ڕێکخستنی هەڵمەتی دژ بە پرۆژەکانی دروستکردنی بەنداوەکان، نێوەندگیری و ناوبژیوانی لە نێوان کەسەکاندا دەکرد بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان، سیمینار و کۆنفرانس و ورۆکشۆپی لەسەر مافەکانی ژنان و نامۆبوونی رۆشنبیری و کولتوری رێکدەخست، لە ڕۆژانی مێژوویی و پیرۆزودا چالاکی و سیمیناری رێکدەخست، بە هەرەوەزی کتێبخانەی دەکردەوە و کاری دەکرد بۆ پاراستنی شوێنە پیرۆزە وێرانکراوەکان.

دەوڵەتی تورک بە سەرۆکایەتیی ئاکەپە و بە هاوکاریکردنی گروپی فەتحوڵا گولەن (جەماعەت) لە دوای هەڵبژاردنی پەرلەمان لە ساڵی ٢٠٠٧دا دەستیکرد بە ئەنجامدانی زنجیرە ئۆپەراسیۆنێک بۆ پاکتاوکردنی سیاسیی گەلی کورد و ئەو ئۆپەراسیۆنانەیان بە ناوی دۆسیەى کەجەکەوە ئەنجام دەدا. لە بەردەوامیی ئەو ئۆپراسیۆنانەدا لە پاییزی ساڵی ٢٠١١دا ئایسەل دۆغان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی دەوڵەتی تورکەوە دەستگیرکرا.

سزای قورسی ١٨ ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێنرا

کۆمەڵەی ئەکادیمیایی باوەڕ و ڕۆشنبیریی دێرسیم، کە لەلایەن ئایسەڵ دۆغانەوە دامەزرابوو و سەرۆکایەتیی دەکرا لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکانی کەجەکەدا بە پاساوی ئەوەى "لە دەرەوەی ئامانجەکانی خۆی چالاکیی ئەنجامداوە" لەلایەن دادگای دەوڵەتی تورکەوە داخرا.

لە ٢٥ی ئەیلولی ٢٠١١ لەلایەن دادگای تایبەتی سزا قورسەکانی مەلاتییەوە بڕیاری زیندانیکردنی بۆ دەرکرا و ڕەوانەی زیندان کرا.  دوای ساڵێک لە ڕاگرتنی لە زیندان دا سزای ١٨ ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێنرا.

دەستی بە چالاکیی مانگرتن (ڕۆژووی مردن) کرد

دۆغان لە پایزی ساڵی ٢٠١٢دا لە زیندان و لەگەڵ گروپی دووەمی چالاکییەکانی ڕۆژووی مردن (مانگرتن تاوەکو مردن) دەستی بە مانگرتن کرد بۆ کۆتایهێان بە گۆشەگیریی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، کە لەلایەن زیندانیانی پەکەکە و پاژکەوە ئەو مانگرتنە رێکخرابوو.

دوای زیندانیکردنی بە بڕیاری دادگای تایبەتی سزا قورسەکانی بەرپرسان، لە ساڵی ٢٠١٤دا دۆسیەکەی لەلایەن پارێزەرانەوە برایە دادگای باڵا و بەشی دادگایکردن بە پاساوی ئەندامبوون لە رێکخستن دا هەڵوەشاندەوە و دادگای باڵا لە بڕیارەکەیدا ڕایگەیاند، مافی ئەیسێل دۆغان بۆ دادگاییکردنێکی دادپەروەرانە پێشێل کراوە.

ئایسەل دۆغان لە زیندانی ئامەد تووشی نەخۆشیی شێرپەنجە ببوو و نەشتەرگەریی بۆ کرابوو، بەڵام سەرباری ئەوەش نەخۆشییەکەى لە تەشەنەدا بوو و بەهۆی تەشەنەسەندنی نەخۆشییەکەیەوە لە ساڵی ٢٠١٥ لە زیندان ئازاد کرا. دۆغان دوای ئازادبوونی لە دێرسیم نیشتەجێ بوو و لەوێ شانبەشانی گەل بەشداریی لە کار و خەباتە جۆراوجۆرەکاندا دەکرد.

دوای ماوەیەک لە بەردەوامبوونی لەو دۆخەدا بە ناچار بۆ چارەسەری پزیشکی بە هاوکاریی هاوڕێکانی و رێنمانیی پزیشکەکانی گواسترایەوە بۆ ئەڵمانیا و لەوێ چارەسەریی بۆ دەکرا، بەڵام سەرباری هەموو هەوڵەکان و چارەسەرەکان، دوێنی چوارشەممە ١١ی ئایاری ٢٠٢٢ لە کاتژمێر ١٤:٠٠  دا لە ماڵەکەى خۆی لە ئەڵمانیا شەهید بوو.

ژ.ت