سیاسەتمەدارانی سوید داوای ڕاگرتنی هێرشەکانی تورکیایان کرد

ژنانی سیاسەتمەداری سویدی ڕایانگەیاند، دەوڵەتی تورک پشت بە لیستی تیرۆر دەبەستێت، بۆیە هێرشەکانی بۆسەر گەلی کورد زیاد دەکات و ڕاشیانگەیاند، "پێویستە جیهان ناڕەزایی بەرامبەر بە تورکیا نیشان بدات".

ژنانی سیاسەتمەداری سوید کاردانەوەیان بەرامبەر ئەو هێرشەکانی سەر کوردستان نیشاندا. سیاسەتمەداران بانگەوازیان بۆ کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی هەبوو و ڕایانگەیاند، لەبەر ئەوەی پەکەکە لە "لیستی تیرۆر"دایە تورکیا پشت بەوە دەبەستێت و هێرش دەکاتە سەر گەلی کورد و پەکەکە. ڕاشیانگەیاند، نایانەوێت پەکەکە لە "لیستی تیرۆر"دا بێت و لە پێناو مافەکانی مرۆڤ و دیموکراسی و یاسا و مافەکاندا دەبێت پەکەکە لەو لیستەدا دەربهێنرێت.

مۆرک: کورد لە دژی داعش شەڕ دەکات و تورکیاش هێرش دەکاتە سەر کوردان

هانا ڤیکتۆریا مۆرک ئەندامی پارتی چەپ و ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانیی ئوپسالا ڕایگەیاند، دەوڵەتی تورک لە هێرشە داگیرکەرەکاندا چەکی کیمیایی بەکاردەهێنێت و ئەوەش پێچەوانەی یاسایە. مۆرک وتی، "تورکیا کورد لە عێراق بۆردومان دەکات. ئەمەش پێشێلکارییە و لە دژی یاساکان و مافەکانە. بەکارهێنانی چەکی کیمیایی دژی یاسای نێونەتەوەیی و مافەکانی مرۆڤە. گەلی کورد لە دژی داعش دەجەنگێت. ئیدی نابێت تورکیا وڵاتانی دراوسێی داگیربکات و بیانکوژێت".

بجۆرک: پێویستە شەڕی ئەردۆغان بوەستێنین

مالین بجۆرک ئەندامی پارتی چەپ و ئەندامی ئەنجومەنی ئەوروپا ڕایگەیاند، هێرشەکانی دەوڵەتی تورک هێرشی ئیمپریالیستین و وتی: "ڕژێمی ئەردۆغان هێرشێکی ئیمپریالیستی بۆ سەر هەرێمێکی کورد ئەنجام دەدات. هێرشەکانی ئەردۆغان هەموو ناوچەکە دەخاتە مەترسییەوە. چارەسەری ئەوە سەربازی نییە، تەنها یەک چارەسەر هەیە و ئەویش ئەوەیە، کە دەبێت هەموو  لایەنەکان بە پەکەکەشەوە، لەسەر مێزێک چارەسەرێک بۆ کێشەکە بدۆزنەوە. دەبێت شەڕی ئەردۆغان، کە پشتبەستووە بە سەپاندنی ترس و تۆقاندن ڕابوەستێنرێت.

واڵداو بانگەوازی بۆ حکومەتی سوید هەبوو

ئیلۆنا سزاتماری واڵداو پەرلەمانتاری پارتی چەپ داوای لە حکومەتی سوید کرد، بۆ وەستاندنی داگیرکارییەکانی تورکیا دەست بە جموجوڵ بکات و وتی: "تورکیا هێرش دەکاتە سەر کوردان لە عێراق. تورکیا هێرش دەکاتە سەر وڵاتێک و گەلێکی تر و دونیاش  بێدەنگە. داوا لەحکومەت دەکەم سەبارەت بەم هێرشانە لەگەڵ تورکیا دانیشێت. پێویستە هێرشی تورکیا بۆ سەر کورد و پەکەکە ڕابوەستێنن".

ڤاراس: پێویستە سوید هەوڵی زیاتر بدات

لۆرینا دیلگادۆ ڤاراس پەرلەمانتاری پارتی چەپیش تیشکی خستە سەر ئەندامێتیی تورکیا لە ناتۆ و ڕایگەیاند، وڵاتێکی ئەندامی ناتۆ یاسا نێونەتەوەیەکان پێشێل دەکات. ڤاراس وتیشی: "لە مانگی نیسانەوە تورکیای ئەندامی ناتۆ لە باکوری عێراق هێرش دەکاتە سەر چەندین ناوەندی کوردی و بەوەش یاسا نێونەتەوەییەکانی پێشێل کردووە. بە نایاسایی چووەتە ناو خاکی وڵاتێکی ترەوە. ئێمە هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر گەلی کورد ئیدانە دەکەین. کاتێک داعش هێرشی کرد گەلی کورد لە بەردەمیاندا ڕاوەستا و بوونە لەمپەر و رێگر لە داعش و ئەوروپایان پاراست، ئێستاش پێویستی بە یەکگرتنی جیهان هەیە. داوا لە حکومەتی سوید دەکەم کە لەم بوارەدا دەست بە هەوڵێکی زۆر  بکات".

ئاگوێری: بە هۆی "لیستی تیرۆرەوە" ڕەوایی بە هێرشەکان دەدەن

بەرپرسی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکانی پارتی چەپ مارتا ئاگوێری ڕایگەیاند، دەوڵەتی تورک دەیان ساڵە هێرش دەکاتە سەر باشووری کوردستان، بەڵام ئەو هیرش و داگیرکارییانە هیچ ئەنجامێکی نەبووە. ئاگوێری باسی لەو ڕاپۆرتانە کرد، کە دەوڵەتی تورک چەکی کیمیایی بەکاردەهێنێت و وتی: "پێویستە ئەو ڕاپۆرتانە لەبارەی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی دژی گەریلاکانی پەکەکە بە جدی وەربگیرێت. بەکارهێنانی چەکی کیمیایی تاوانێکی جەنگییە و مانای پێشێلکردنی یاسا نێونەتەوەییەکانە. ئێمە دەزانین هێرش و بۆردومانەی سەر کورد بە هۆی "لیستی تیرۆرەوە" ڕەوایی پێدەدرێت، بۆیە پێویستە پەکەکە لە "لیستی تیرۆر" دەربهێنرێت.

کارل کۆڤیست: دەوڵەتی تورکیا شەرمەزار دەکەم

جێسیکا کارل کۆڤیست ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی ئۆرێبرۆ لە سوید ڕایگەیاند، پلانی ئەردۆغان بۆ ئەنجامدانی کۆمەڵکوژییەکی نەژادی و ئیتنیکییە و وتی: "ئێمە شاهیدی ئەوە بووین، کە ٢٠٠ هەزار کەس بەهۆی هێرش و شەڕی داگیرکاریی تورکیاوە هەڵهاتوون و ئاوارە بوون. ئێمە دەزانین ئەردۆغان پلانێکی پاکتاوی نەژادی و ئیتنیکیی هەیە و هەمیشە هێرش دەکاتە سەر کەمینەکان و هاوڵاتیان دەکوژرێن و ئامبولانس و نەخۆشخانەکانیش بۆردومان دەکرێن. هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر باشور شەرمەزار دەکەم. بۆردومانەکانی سەر باشووری کوردستان و پەکەکە ئیدانە دەکەم. من پشتگیری لە گەلی کورد دەکەم. پارتی چەپی سویدی هەمیشە لەگەڵ گەلی کورددایە".

ژ.ت