سیروان قەندیل ئەندامی کەجەرە: پێویستە قەڵغانێک لە دژی هێرشەکانی سەر ژنان دروست بکرێت

سیروان قەندیل ئەندامی کۆمەڵگەی گەنجانی رۆژهەڵاتی کوردستان (کەجەرە) ڕایگەیاند، هەموو ڕۆژێک هێرش دەکرێتە سەر ژنان و وتی، "دەبێت بە ڕێکخستنکردنی ژنانی گەنج و پاراستنی ڕەوا لە ناوکۆمەڵگەدا رێگە لە هێرشەکان بگیردرێت".

سیروان قەندیل ئەندامی کۆمەڵگەی گەنجانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کەجەرە) ڕایگەیاند، لە پێش هەموانەوە هەموو ڕۆژێک هێرش دەکرێتە سەر ژنان و گەل و گەنجان و باسی لە بە رێکخستنکردنی ژنان و گەنجان و کۆمەڵگا کرد.

 قەندیل وتی: "لە سەرەتای مێژووەوە تا ئەمڕۆ بەردەوام هێرش، تواندنەوە، کۆمەڵکوژی، پاکتاوکردن، سەرکوتکردنی کلتوری لەلایەن داگیرکەرانەوە لە ناو کۆمەڵگادا لە دژی ژنان ئەنجام دەدرێت. لە هەمان کاتدا چ لە باکور، ڕۆژهەڵات، باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان و چ لە هەموو شارەکانی ئێران و تەنانەت هەموو جیهان دا ئەم هێرشانە بە فراوانی ئەنجام دەدرێن. دەتوانین بڵێین، داگیرکەران بە تەواوی هەستیان بە ئیرادە و بوێریی ژنان کردووە، بۆیە ئەو هێرشانە ئەنجام دەدەن. لەبەر ئەو هۆکارە، سەرەکیترین شت ئەوەیە، کە ئەو ژنانە خۆشیان لەو بابەتە ئاگادار بن و هەستی پێ بکەن. بۆ نموونە هەموو ڕۆژێک دەبیستن، کە لە هەموو شوێنێک هێرش دەکرێتە سەر سەدان و هەزاران ژن، ئەمە لە کاتێکدایە، کە ئەو هێرشانە تەنیا ئەمڕۆ ڕوونادەن، بەڵکو بە درێژایی مێژوو تا ئەمڕۆ بەردەوامە. بە تایبەتی، هێرشەکانی ئەم دواییە بۆ سەر ژنان گەیشتووەتە ئاستێکی بێ لە ژمارە نەهاتوو.

 هەموو ڕۆژێک دەیبینن و دەبیستن، کە ژنێک لەلایەن هاوسەرەکەیەوە کوژراوە. بۆ نموونە چەند هەفتەیەک پێش ئێستا ژنێک لە بەردەم دادگا لە کرماشان لەلایەن هاوسەرەکەیەوە کوژرا. هاوکات چەند ساڵێک لەمەوبەر ژنێکی مەهابادی بەناوی فەریناز خوسرەوانی خۆی لە نهۆمی هۆتێلەکەوە فڕێدایە خوارەوە بۆ ئەوەی لە لایەن پاسدارانی ئێرانەوە دەستدرێژیی نەکرێتە سەر.

سیروان قەندیل ئەندامی کۆمەڵەی گەنجانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کەجەرە) ڕایگەیاند، ئەو هێرشە کۆتا هێرش نەبوو و وتی: "لێرەدا بە تایبەتی هێرشەکەی سەر شلێر ڕەسوڵی لە مەریوان، دەتوانین بڵێین، کە بەهەمان شێوەی فەریناز خۆسرەوانی بۆ ئەوەی دەستدرێژیی نەرێتە سەر خۆی لە ماڵەکەوە فڕێدایە خوارەوە و بە سەختی بریندار بوو و گیانی لە دەستدا. ئەوە ئیرادەیەکی زۆر گەورەیە کە لە خۆیانیان نیشاندا. هاوکات سڵاو بۆ ئەو هێڵە دەنێرین، ئەو ژنانە، کە خۆیان ڕادەستی عەقڵیەتی پیاوسالاری و دەسەڵات ناکەن، ئەوە  هێڵێکی زۆر گرنگە، بەڵام لە دۆخی ئێستادا ئەو ڕاپەڕینانەى لە دژی ئەوانە دەکرێت، هەندێکجار سەدان ژن ڕووبەڕووی هەمان هێرش دەبنەوە، بەڵام ئەوانەی ئەو تاوانانە ئەنجام دەدەن سزا نادرێن.

چ لەلایەن دەوڵەتەوە، یان لەلایەن کۆمەڵگاوە هەمووی بەو شێوەیە بووە و سزا نادرێن، لێرەدا گرنگ ئەوەیە، ئەگەر دەوڵەت خۆی لەو کەسان ناپرسێتەوە و سزایان نادات و ئەوا دەبێت گەنجان و ژنانی گەنجی کۆمەڵگا خۆیان بە پێشختسنی پاراستنی جەوهەری ئەوان سزا بدەن. بۆ نمونە لە ڕووداوەکەی شلێر ڕەسوڵی دا ڕاپەڕین و خاوەنداریکردن هەبوو، لە سنە ژنانی سنەیی خاوەندارییان لێکرد و لە هەمان کاتدا چەند ڕۆژێکیش لە مەریوان ڕاپەڕین و ناڕەزایەتی هەبوو، بەڵام ئەوە بەس نییە، ئەگەر ژنان، ژنانی گەنج و بە گشتی  بەشەکانی تری کۆمەڵگا ڕێکخستنی خۆی و پاراستنی ڕەوای خۆی دروست نەکات، ئەوا ئەمڕۆ و سبەی سەدان ڕووداوی وەک شلێر ڕوودەدەن و ڕووداوی هاوشێوە ڕوودەنەوە.

ئێستا پێویستە ڕێکخستن، ڕێکخستنکردنی ژنانی گەنج و پاراستنی ڕەوا دابمەزرێنرێت. هەر ئێستا خۆی کاتی خۆ بەڕێکخستن کردنە، تاوەکو ئیدی ئێمە بتوانن ڕێگە لە ڕووداوی هاوشێوە بگرین. چ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، چ لە شارەکانی تر و چ لە بەشەکانی تری کوردستان و هەموو جیهان، چیتر نابێت ئەم ڕووداوانە دووبارە بکرێنەوە".

قەندیل تیشکی خستە سەر بیروبۆچوونەکانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و وتی: "ئێستا لە سایەی بیر و ڕامانەکانی رێبەر ئاپۆ ژنان ناسنامە و ئیرادەیان هەیە، ئیرادەیەک کە بتوانێت بڕوات و لە ناو کۆمەڵگەدا پاراستنی ڕەوا و رێکخستنی خۆی دروست بکات، ژنان یەکبگرن و ببنە یەک دەنگ تاوەکو هیچ کەسێک نەتوانێت دەستوەردان لەوەدا بکات و نەتوانێت ئیرادەیان بشکێنێت. دەبێت ئەمە لە هەموو شارەکاندا ئەنجام بدرێت. چ لە مەریوان، سنە، بۆکان، سەقز، دیواندەرە، بانە و چ لە گوندەکان، چونکا ئەوەی دەیڵێین تەنیا سنووردار نییە بە شارەکانەوە، بەڵکو بۆ گوندەکانیشە. کاتێک ئەو ڕێکخستنە پێکبێت، ئیدی تۆ قەڵغانێک بەرامبەر هێرشەکان دروست دەکەیت. قەڵغانێک دروست دەکەیت بۆ ئەوەی جارێکی تر بە هیچ شێوەیەک هێرشی تر ئەنجام نەدرێتەوە.

بۆ ئەوەی ئێمە چیتر جارێکی تر ڕوبەڕوی ئەم جۆرە ڕووداوە ئازاربەخشانە نەبینەوە. ئەوا پێویستە خاوەن هەڵوێست بن. ئێمە وتمان،  پێویستە ئیدی رێکخستنی خۆیان دروست بکەن و یەک بگرن، ئەمە ئەو شتەیە، کە ئێمە لێرەدا باسمان کرد، بەڵام هەموو کەسێک دەتوانێت بەشداری لەو شتەدا بکات. ئەمە نەک تەنیا بۆ ژنان، بەڵکو لە هەمان کاتدا بە تایبەتی بۆ ژنانی گەنج، پیاوان و دایکانیشە و هەریەکەیان دەتوانن هێزی خۆیان هەبێت. دایکێک دەتوانێت ڕۆڵێکی زۆر باش ببینێت لەڕێکخستن و پەروەردەکردنی منداڵەکانی دا و هەروەها ئەوەش بۆ پیاوان ڕاستە.

لێرەدا گرنگ ئەوەیە، کە هەموو کەسێک دەتوانێت بەپێی بەرپرسیارێتی خۆی پشتیوانی و بەشداری لەم پرۆسەیەدا بکات. ئەو پرۆسەیە کە لە ئێستادا لە هەموو لایەکەوە هێرشی دەکرێتە سەر، بە هەموو شێوەکانییەوە هێرش دەکاتە سەر گەریلا، گەل و ژنان، بۆیە دەبێت لە بەرامبەر ئەو هێرشانەدا بوەستنەوە و خاوەنداری و پشتیوانی لە یەکتر بکەن. واتە بەرامبەر هەموو ئەو هێرشانە پێویستە وەک گەنجان ئیدی هەست بە جیاوازیی ئەو هێرشانەى ئێستا بکەن و پێویستە ئیدی بەو چاوەوە سەیری خۆیان و ئەو جیهانە نەکەن، کە بۆ خۆیان دروستیان کردووە.

لە کۆتاییدا بانگەوازی ئێمە بۆ هەموو ژنانی جیهان بە تایبەتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هەرێمی ئەردەڵان ئەوەیە، کە خاوەنداری و پشتیوانی لە بیر و ڕامانەکانی ڕێبەر ئاپۆ بکەن، با بیر و ڕامان و کتێبەکانی ڕێبەر ئاپۆ بخوێننەوە و هاوکات بۆ بنیاتنانی پاراستنی ڕەوای خۆیان و ڕێکخستنی ژنان لەناو کۆمەڵگەدا کار بکەن، واتە کاتێک ڕووداوێک ڕوو دەدات با هەڵوێستیان هەبێت، چ دژی ژنان بێت، چ لە دژی گەریلا بێت، یان لە دژی گەنجان بێت، دەبێت ئیدی ژنان ئەو هۆشیارییەیان هەبێت و هەست بەو جیاوازییە بکەن و  هەموو کۆمەڵگاش بەهەمان شێوە بێت".

ژ.ت