یەپەسە-ژن ساڵیادی خۆی و ٨ی مارسی پیرۆزکرد

یەپەسە-ژن حەوتەمین ساڵیادی دامەزراندنی خۆی و ڕۆژی ٨ی مارس ڕۆژی جیهانیی ژنانی زەحمەتکێش پیرۆز کرد.

یەپەسە- ژن بەبۆنەی حەوتەمین ساڵیادی دامەزراندنی خۆی و ٨ی مارس ڕۆژی جیهانیی ژنانی زەحمەتکێشەوە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەی یەپەسە – ژن دا هاتووە:

"ژن پێکهاتەی بنەڕەتیی کۆمەڵگایە، لە سایەیاندا کۆمەڵگا دەبێتە کۆمەڵگا، ئەو و بەها سروشتیەکانی کۆ دەکاتەوە، چونکە ژن ئەخلاق،  ویژدان، زمان و کولتوورە. ئەوەی کۆمەڵگا بە تایبەتمەندییەکانی خۆییەوە دەئافرێنێت، بە هەموو هێزی خۆیەوە بۆ ژیانی ئاشتییانە و مرۆڤانە تێدەکۆشێت. سیستمێک، کە دەیەوێت کۆمەڵگا بکاتە بنەما بۆ قازانجی خۆی، ڕۆڵ و ئەرکی ژنی زەوتکردووە و ژنی کردووە بە کاڵا. لەسەر ئەم بنەمایە رێبەر ئاپۆ، کە ئافرێنەری کۆمەڵگایەکە لەسەر بنەمای ئەخلاق و ویژدان، ژنان و بەها بنەڕەتییەکانی هێنایە پاڵ یەک و کۆی کردنەوە و بواری تێکۆشانی بۆ ئافراندن. لە ٧هەمین ساڵیادی یەپەسە ژن و ٨ی مارس ڕۆژی جیهانیی ژنانی زەحمەتکێش دا لەسەر بنەمای بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی پشتبەستوو بە بنەمای خۆبەڕێوەبەری و خۆپاراستنی ژنان، کە لەلایەن ڕێبەر ئاپۆوە ئافرێنراوە، پیرۆزبایی لە هەموو ژنانی بەرەنگاری دژ بە فاشیزم، گەلی کوردستان و بە تایبەت ڕێبەر ئاپۆ دەکەین.

دەسەڵاتی ئاکەپە – مەهەپە لەسەر بنەمای نەژادپەرەستی و ئایینپەرەستی هەوڵی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی فاشیستی دەدات، سەرەڕای هەموو هەوڵەکانیان بۆ لەناوبردنی زمان و کولتوری گەلی کورد، هەوڵیش دەدەن لەڕووی جەستەییەوە کۆتایی گەلی کورد بهێنن، بۆ ئەوەش لە ساڵانی ٢٠١٥ – ٢٠١٦دا هێرشی چۆک پێدادانی دەستپێکرد. لە دژی ئەو هێرشانە بەرخۆدانی خۆبەڕێوەبەریی دەستیپێکرد و هەموو کەس ببووە شایەتحاڵی چالاکی، بەرخۆدان و فیداکاریی ژنانی کورد. ژنان لەسەر فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ سەرەڕای کەمیی دەرفەت و ئیمکانیەت شەقام بە شەقام و کۆڵان بە کۆڵان تێکۆشانی ئازادییان بەڕێوەبرد و خۆ بە رێکخستنکردنیان زیاتر کرد. بۆ ئەوەی خۆیان بپارێزن بەرخودانێکی گەورەیان نیشاندا.

 دوژمن کە باوەڕی بە تکنەلۆژیای خۆی هەبوو، نەیانتوانی لە زرێپۆش و ئۆتۆمبێلەکانیان بێنە دەرەوە و نەیانتوانی سەریان لە سەنگەرەکاندا بەرز بکەنەوە. لە بەرامبەر بەرخۆدانی خۆبەڕێوەبەری دا، کە بە سووری ئامەد، نسێبین، جزیر، شرنەخ و باکوری کوردستان دا بڵاوببوویەوە، دەوڵەتی فاشیستی داگیرکەر ژنانی شۆڕشگێڕی کردە ئامانج و بە سیاسەتی پاکتاوکردن ژنانی شۆڕشگێڕی وەک پاکیزە، سێڤێ، فاتمە، ئاسیا و دایە تایبەت کۆمەڵکوژ کرد و خواستی ورە و ئیرادە و ڕۆحی بەرخۆدان بشکێنێت، بەڵام گەلی کورد بەدروشمی ژن، ژیان، ئازادی خاوەنداریی لەو ژنە شۆڕشگێڕە شەهدیانە کرد.

ئەو ڕژێمە فاشیستە، کە لە جزیرە خەڵکی لە ژێرزەمینەکان دا بە زیندووی سووتاند، لە بوومەلەرزەدا، کە لەم ڕۆژانەدا ڕوویدا، دیسانەوە خەڵکی لە ژێر داروپەردوی بینا ڕووخاوەکاندا بەجێهێشت، بە تایبەتی دەزگای ئافاد، سوپا و دامەزراوەکانی دیکە، نەک بۆ ڕزگارکردنی خەڵک، بەڵکو بۆ ئەوەی خەڵک بمرێ دەستبەکار بوون. ئەو عەقڵییەتە، کە لە ژێرزەمینەکانی جزیر دا خەڵکی بە زیندوی سووتاند، ئەمڕ کورد، تورک، عەرەب، سونە و عەلەوییەکانی لە ژێر داروپەردوی بینا ڕووخاوەکاندا بەجێ هێشت. لە ڕاستیدا  بەو بوومەلەرزەیەدا خودی ڕژێمی فاشیستیی ئاکەپە - مەهەپە و ڕەگەزپەرست بوو بە ژێر داروپەردوەکانەوە. گەل تەنیا دەتوانن بە کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیک، بە سیستەمی خۆبەڕێوەبەریی بژین و خۆیان بپارێزن، بوار و زەمینەی خەبات و تێکۆشان بئافرێنن و برینەکانیان ساڕێژ بکەن.

هەوڵەکانی دەسەڵاتی ئاکەپە- مەهەپە ماوەی چەندین ساڵە بۆ تێکدان و لەناوبردنی ئەخلاق لە کۆمەڵگای تورکیا و دروستکردنی مرۆڤایەتیی بکوژ، بە هاوهەڵوێستی و یەکگرتووی و پشتیوانییەک، کە لە کاتی بومەلەرزەکەدا ئەزموون کرا، پووچکرایەوە. ئەوەش دەریدەخات، کە هەتا لە خوێنی مرۆڤایەتیدا ئەخلاق و ویژدان هەبێت، دەکرێت تێکۆشان لە دژی ڕژێمی فاشیستی بکرێت. بەهۆی ئەو بەها سروشتیانە، کە لە سروشتماندا هەیە، ئێمەی ئەو ژنانە، کە خۆمان بۆ خەبات و تێکۆشان بۆ گەل تەرخانکردووە، ئێمە پێشەنگی بۆ ئەم پرۆسەیە دەکەین. ئێمە گەلی خۆمان لە ناو دەستی ئەو ساختەکارییانەدا بەجێناهێڵین و ئێمە لێپرسینەوەیان لێدەکەین.

هەتا ئازادی جەستەیی رێبەر ئاپۆ بەدەست نەهێنرێت، کە ئێمە بە ناسنامەی خۆمانەوە لە دەوری یەک کۆکردەوە و بوار و زەمینەی تێکۆشانی هەبوونمانی بۆ ئافراندین، ئێمە ڕاناوەستین. ئێمە هەموو ڕۆژێک بەهێزتر و بەهێزتر دەبین، ئێمە خۆمان ڕێکدەخەین،  دوژمنی فاشیزمی مرۆڤایەتی لەناودەبەین. لە کەسایەتی فەرماندە زەریان، کە پێشەنگایەتیی بەرخۆدانی خۆبەڕێوەبەریی دەکرد، لە حەوتەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەپەسە ژن و ڕۆژی ٨ی مارس رۆژی جیهانی ژنانی زەحمەتکێش بەڵێنمان دووپات دەکەینەوە هەتا دوا دڵۆپی خوێنمان تێدەکۆشین، دەست لە سەنگەرەکانمان هەڵناگرین و تۆڵە لە دوژمنی بێ ڕەگە و ڕیشە دەکەینەوە".

ژ.ت