ئێران دووبارە سزای قامچی لێدان و زیندان و لێسەندنی پارەی بەسەر نێرگز محەمەدیدا سەپاند

دادگای ئێران سزای لێدانی ٨٠ قامچی، ٢ ساڵ و نیو زیندانیی تر و ٢ جار سزاکردنی پارەی بەسەر نێرگز محەمەدیی زیندانیکراو و چالاکوانی مافەکانی مرۆڤدا سەپاند.

نێرگز محەمەدی جێگری سەرۆکی ناوەندی داکۆکیکردن لە مافەکانی مرۆڤ لە ئێرانە و سەرباری ئەوەى تاوەکو ئێستا چەند جار دەستگیرکراو و پێشتر ماوەى ٥ ساڵ لە زینداندا بووە و دیسانەوە ماوەى ٧ ساڵە دەستگیرکراوەتەوە و سەرباری ئەوەى ئێستا لە زینداندایە، تاوانبارکراوە بە ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە سزای لە سێدارەدان و پشتیوانیکردن لە مافی زیندانیان و بەشداریکردن لە چالاکیی ناڕەزایەتیی دانیشتن لە بەردەم بەڕێوەبەرایەتیی زیندانەکەیاندا.

نێرگز محەمەدی جاری یەکەم دوای ٥ ساڵ لە زیندان ئازاد بوو و لە دوای ئازادبوونی بەردەوام بوو لە چالاکییەکانی بۆ داکۆکی لە مافەکانی مرۆڤ و بە توندی دژایەتیی سزای لە سێدارەدانی دەکرد.

رژێم و بەرپرسانی ئێران داکۆکیکردن لە مافەکانی مرۆڤ لەلایەن نێرگز محەمەدییەوە پێ قبوڵ نەکرا و دیسانەوە دەستگیریان کردەوە و سزای ١٦ زیندانییان بەسەردا سەپاند. سەرباری ئەوەى ئێستا لە زینداندایە و لە زۆربەى مافەکانیشی بێبەشکراوە، بەڵام دیسانەوە دەزگای دادی رژێمی ئێران سزای لێدانی ٨٠ قامچی، ٢ ساڵ و نیوی تر سزای زیندانیکردن و ٢ سزای لێسەندنی پارەی بەسەردا سەپاندووە.

ژ.ت