ژن، ژیان، ئازادی لە کوێوە هاتووە؟

ژن، ژیان، ئازادی ئەو دروشمەیە، کە لە ئاکامی تێکۆشانی ئازادیی ژنانی کورد لە دڵی باکوری کوردستان دا بوو بە گەردوونی.

تەڤگەری ئازادیی کوردستان بە پیشەنگایەتیی ڕێبەر عەبدوڵڵا ئۆجالان تێکۆشانی ئازادیی ژنە. ڕێبەر ئۆجالان ژنی وەکوو یەکەمین نەتەوەی بە کۆیلەکراو لە مێژوودا پێناسە کردووە و لە دوای ئەوەی ئایدۆلۆژیای ئازادیی ژنی لە ساڵی ١٩٩٨ دا گەڵاڵە کرد و ڕایگەیاند، "هەتا ژن ئازاد نەبێت، کۆمەڵگە ئازاد نابێت".

ژن، ژیان ئازادی بەرهەمی ٤٥ ساڵ تێکۆشانی تەڤگەری ئازادیی کوردستانە. ئەم تەڤگەرە لە یەکەمین کۆنگرەیەوە، کە دوو ژن تێیدا بەشداریان کرد، تا ساڵی ١٩٩٣، کە بۆ یەکەمینجار هەنگاو بۆ بە ئەرتەش بوونی ژنانی هەڵگرت، بە قۆناغی دژوار دا تێپەڕیوە. دوای قەڵەمبازی ١٥ی تەباخ و دەستپێکردنی تێکۆشانی گەریلایی، ژنانی کورد بە هەوڵ و تێکۆشان و پێداگریی خۆیان و لە ئاکامی تێکۆشانێکی دژوار دا جێگەی خۆیان لە ناو تێکۆشانی گەریلایی دا کردەوە.

 لە ئاکامی شەهید بوونی دەیان ژنە پێشەنگی تێکۆشانی کورد وەک بێریڤان، بێریتان، زیلان و سەدان ژنی دیکە، ژنانی کورد هەنگاو بە هەنگاو خۆیان ئۆرگانیزە کرد و خۆیان گەیاندە ئاستی بە ڕێکخستنکردن. پارتی ئازادی ژنانی کوردستان (پاژک) و یەکینەکانی ژنانی ئازادیی ستار ناسراو بە (یەژاستار)، بەرهەمی ئەو بەرێخستنکردنە بوو.

 ژنانی کورد هاوتەریب لەگەڵ چیاکان لە ناو کۆمەڵگەی باکوری کوردستانیش بە شێوەیەکی بەرفراوان خۆیان بەڕێکخستن کرد. لە ساڵانی ١٩٩٠کان و بە تایبەت ساڵانی ٢٠٠٠کانەوە تێکۆشانی ژنانی کورد لە شەقامەکانی باکوری کوردستان مۆرکی خۆیان لە تێکۆشانی ئازادیی کوردستان دا.

دروشمی ژن، ژیان، ئازادی بەرهەمی ئەو قۆناغەی تێکۆشانی ئازادیی ژنانی باکورە. ئیتر لەو کاتەوە ئەو دروشمە لە ناو تێکۆشانی ئازادی دا بووەتە هێمای پێشەنگایەتیی ژنانی کوردستان. بەمشێوە شۆڕشی ژیانەوەی ژنان جارێکیتر، لە سەر ئەو خاکەی شۆڕشی کشتوکاڵیی تێدا پێکهاتبوو، دەستی پێکرد و گەیشت بە ئاستێک، کە ئێستا سەرتاسەری رۆژهەڵاتی کوردستان و جیهانی تەنیوەتەوە.

بەم شێوە تەڤگەری ئازادیی کوردستان بە پێشەنگایەتیی ڕیبەر ئۆجالان شۆڕشی لە ناو شۆڕش دا پێکهێنا و ڕێگەی بۆ سەرهەڵدانی شۆڕشی ئازادیی ژنان خۆش کرد. ئێستا ژنانی کورد لە باکوور، باشوور، رۆژئاوا و رۆژهەڵات بە تێکۆشانی قارەمانانەی خۆیان لە ناو ریزەکانی تەڤگەری ئازادیی ژن دا پێشەنگایەتی بۆ ژنانی جیهان دەکەن.

 ئێستا ئیتر نەک تەنیا لە کوردستان بەڵکو لە ئێران، ئەفغانستان، تورکیا و وڵاتانی عەرەبی، ئەمریکای لاتین و تەواوی جیهان دا دروشمی ژن، ژیان، ئازادی بووە بە دروشمی تێکۆشانی ئازادیخوازانەی ژنان.

ژ.ت