ژنانی چالاکوان: ژنان رۆڵی سەرەکییان هەیە لە پێشەنگایەتیی تێکۆشانی گەلی کورد دا

ژنانی چالاکوانی باشوری کوردستان پشتیوانیی بەرخۆدانی گەریلا دەکەن و دەڵێن، " ژنانی کورد هیچ کات کۆیلایەتیان قەبووڵ نەکردووە و هەمیشە بەرامبەر ستەم و داگیرکاری وەستاونەتەوە".

لە ٤٨هەمین ساڵیادی شەهیدبوونی ژنە تێکۆشەری باشوری کوردستان لەیلا قاسم، ژنانی چالاکوانی باشوری کوردستان باس لە قارەمانیەتی ژنانی کورد دەکەن لە پێشەنگایەتی شۆڕشەکانی گەلی کورد لەپێناو بەدەستهێنانی مافی نەتەوەیی گەلی کورد، وە رۆڵی (لەیلا قاسم)یان بەرزنرخاند لە پێشەنگایەتی شۆڕشی باشوری کوردستان، هەروەها باسیان لە پیرۆزی و گرنگی رۆڵی ژنانی گەریلا و شەرڤانان کرد لە شەری دژ بەستەمکاران و داگیرکەرانی کوردستان.

لە شۆڕشەکانی گەلی کورد ژنان رۆڵیکی سەرەکییان هەبوو

سۆزان عەبدول عارف ناسراوە بە سۆزان کوردی ژنە نووسەر و چالاکوانی بواری ژنان، کە ماوەی ٢٦ ساڵە پێشمەرگەیە و ژنە چالاکوانێکی خەڵکی سلێمانییە و لە تەواوی باشوری کوردستان وەکو چالاکوان کار دەکات و سەبارەت بەرؤلی ژنانی کورد لە تەواوی شۆڕشە یەک لەدوای یەکەکانی گەلی کورد بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) بەم شێوەیە باسی لە رۆڵی ژنی کورد کرد: "لە ٤٨هەمین ساڵیادی شەهیدبوونی ژنە شۆڕشگێری کورد لەیلا قاسم، وەکو چالاکوانێکی بواری ژنان و پێشمەرگەیەک، ئەم یادە بەرز دەنرخێنم، ژنانی کورد هەمیشە پێشەنگ بوونە و هاوکار و هاوشانی هاوژین و کەسوکارەکانیان بوونە لە تەواوی کایەکان ژیان، ژنان لە تەواوی شۆڕشە یەک لەدوای یەکەکانی گەلی کورد رۆڵیکی سەرەکی هەبوو، بۆ نموونە حەثسەخانی نەقیب و لەیلا قاسم لە باشوری کوردستان و لەیلا زانا لەباکوری کوردستان نموونەی ئەو ژنە شۆڕشگێؤ و تێکۆشەرانەی گەلی کوردن، هەوروەها خوشکانمان لە هەرچوارپارچەی کوردستان و چیاکانی کوردستان دژ بە دوژمنانی گەلەکەمان تێکۆشان دەکەن و دەجەنگن لەپێناو بەدەستهێنانی مافە نەتەوەیەکانی گەلەکەمان و دروستکردنی دەوڵەتێک و هەڵکردنی ئاڵای کوردستان تیدا".

بەیەکریزی ژنانی کورد دەتوانین خزمەت بە کوردستان بکەین

هەروەها سەبارەت بە تێکۆشانی ژنانی کورد لەبەرامبەر دوژمنانی نەتەوەی کورد، سۆزان کوردی ڕایگەیاند: " هیچ جیاوازییەک نیە لەنیوان ژنانی هەر چوار پارچەی کوردستان چونکە کورد یەکە، من وەکو ژنێکی نەتەوەیی پێم خۆشە تەواوی ژنانی کوردستان بەیەکەوە پەیوەندیمان هەبێت تا لەڕێگەی یەکریزی ژنانەوە بتوانین خزمەت بە کورد و کوردستان بکەین، سوپاسی تەواوی ژنانی شۆڕشگێؤی هەرچوار پارچەی کوردستان دەکەم و چاوی ژنانی گەریلا، شەڕڤان و پێشمەرگەکان ماچ دەکەم و دەستخۆشیان لێدەکەم کە لەپێناو بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلی کورد دەجەنگن".

ژنانی کورد هیچ کات کۆیلایەتیان قەبووڵ نەکردووە

هەروەها ئەو ژنە چالاکوان و پێشمەرگەیە تیشکی خستەسەر بەهێزی ئیرادەی ژنانی کورد و ووتی: "سەبارەت بەهۆکاری بەهێزی ئیرادەی ژنانی کورد لە شۆڕشگێری و تێکۆشان بەراورد بە ژنانی ناوچەکە، ئەو ژنە چالاکوان و پێشمەرگەیە ووتی: "ژنانی کورد بەهۆی زوڵم و زۆرداری دوژمنان و داگیرکەران کە بەرامبەر جاکی کوردستان و گەلی کورد ئەنجامیانداوە، ژنانی کورد هەستیان بە زوڵم و داگیرکاری دوژمن کردووە، بۆیە ژنانی کورد جیاواز لە ژنانی نەتەوەکانی ناوچەکە بەئیرادەیەکی بەهێزەوە دەستیان بە تێکۆشان کردووە لە پێناو بەدەستهێنانی ئازادی و مافی نەتەوەیی، ژنانی کورد هیچ کات کۆیلایەتیان قەبووڵ نەکردووە، چ کۆیلایەتی ناو خێزان بێت یان کۆیلایەتی دەولەتی داگیرکەر بێت".

بەردوام بن لە تێکۆشان بەرامبەر داگیرکەران

لەکۆتایدا سۆزان کوردی نووسەر و چالاکوان و پێشمەرگە، پەیامێکی ئاڕاستەی ژنانی کورد کرد و ووتی: " پەیامی من بۆ ژنانی چالاکوان و تەواوی شۆڕشگێڕانی گەریلا، شەرڤانان و پێشمەرگە لە تەواوی پارچەکانی کوردستان دەستخۆشیتان لێ دەکەم و ئێوە جێگای شانازین، هیوادارم بەردەوام بجەنگێن لەبەرامبەر دوژمنان و داگیرکەرانی کوردستان و هیچ کات سڵ لەدوژمن نەکەنەوە چونکە ماف نادرێت بەڵکو دەسەندرێت".

ژنانی کورد بەرامبەر بەداگیرکاری وەستاونەتەوە

ئامینە ئەحمەد کچە چالاکوانێکی شاری کەرکوکە، لەساڵیادی شەهیدبوونی لەیلا قاسم باسی لە پێشەنگایەتی ژنانی کورد کرد و ڕایگەیاند: " لە ساڵرۆژی شەهیدبوونی لەیلا قاسم کە ژنێکی شۆڕشگێر و سیاسەتمەداری کوردی بووە، لەیلا قاسم لەسەردەمی خۆیدا توانیویەتی پێشەنگایەتی شۆڕش بکات وەکو ژنێک رۆڵێکی کاریگەری هەبێت لە شۆڕشی ئازادیی گەلی کوردا، لە ئێستادا دەبینین کە شۆڕشگێرانی کورد بەتایبەتی ژنانی کورد لە داژی داگیرکەری وەستاونەتەوە و تێکۆشان دەکەن، کە ئەمەش درێژە پێدانە بەڕێگەی ژنانی شۆڕشگێڕ و تێکۆشەری وەکو لەیلا قاسم".

لەیلا قاسم پێشەنگی شۆڕشی ژنان بووە

هەروەها ئامینە ئەحمەد سەبارەت بە رۆڵی ژنانی وەکو لەیلا قاسم لە تێکۆشانی ڕەوای گەلی کوردا ڕایگەیاند: " ئەو ئامانجەی کە ژنانی وەکو لەیلا قاسم شەهیدبوونە لە پێناویدا لە پێناو ئازادی گەلی کورد و خاکی کوردستان بووە، نموونەی لەیلا قاسم وەکو ژنێکی پێشەنگی شۆڕش بۆتە هۆی پەرەسەندنی هەستی نەتەوەیی لای هەموو ژنێکی کورد، پێویستە لەیلا قاسم بکەینە نموونەیەکی زیندوو بۆ ئەو شەڕڤان و گەریلایانەی لە ئێستادا لە بەرەکانی جەنگن کە هەوڵی رزگارکردنی کورد و کوردستان دەدەن".

بەرخۆدانی گەریلا کارێکی پیرۆزە

لەکۆتایدا، ئامینە ئەحمەد کچە چالاکوانی شاری کەرکوک، سەبارەت بە رۆڵی گەریلا و شەڕڤانان لە شەڕی دژ بە داگیرکەران پەیامێکی ئاڕاستەیان شۆڕشگێرانی ڕێگای ئازدی کرد و ووتی: "پەیامی من وەکو کچێکی چالاکوان بۆ بەرخۆدانی ژنانی گەریلا و شەڕڤانان ئەوەیە کە کارێکی زۆر پیرۆز دەکەن، چونکە ئامانجی گەریلاکان پاراستن و بەدەستهێنانی مافی نەتەوەیی گەلی کورد و کوردستانە و ئەمەش ئەرکیکی پیرۆزە لەسەر شانیان و بە گەورەیی خۆیان پیویستە بەردوام بن لە پاراستنی میللەتی کورد".

لەسایەی شەهیدان ئێمە بەئازادی دەژین

سارا شێخانی چالاکونێکی دیکەی شاری کەرکوکە، دەربارەی رۆڵی ژنان لە شۆڕشەکانی گەلی کورد، بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات ووتی: "سەرەتا لە ٤٨هەمین ساڵیادی شەهیدبوونی شەهید لەیلا قاسم درود بۆ گیانی شەهیدانی ڕێگای ئازادی کورد و کوردستان، ئێمە ئەمڕۆ لەسایەی قوربانی شەهیدان لە ئازادیدا دەژین، پەیامی من بۆ ئەو ژنانەی کە لەبەرەکانی جەنگن وەکو شەرڤانانی ژن و ژنانی گەریلا ئەوەیە کە بەردەوام بن لە تێکۆشان ئێمەش پشتیوانتانین کە هەمیشە ژنانی کورد هەمیشە پشتیوانی پیاوان بوونە لەکاتی خەباتی چەکداری، ئەو ژنانەی کە نەیاتوانیوئشە چەک هەڵبگرن بە جۆرە ڕێگەی دیکە پشتیوانی خەبات و تێکۆشانیانی نەتەوەیی کوردیان کردووە".

بەڕوحی کورد پەروەرانە سیاسەت بکەن

هەروەها ئەو چالاکوانە ووتیشی: "پەیامی من بۆ ئەو ژنانەی کە دەیانەوێت بێنە ناو سیاسەتەوە ئەوەیە کە بە روحێکی کورد پەروەرانە بێنە ناو سیاسەت و کاری سیاسی بکەن، لەرۆژگاری ئەمرۆدا کاتی ئەوە هاتووە کە ژنانی کورد لە تەواوی کایەکانی دەسەڵات و بەڕێوەبردنی دەوڵەت و دامودەزگاکانی رۆڵی بەڕیوەبردنیان پێ بدرێت".

هەستی نەتەوەیی وایکردووە ژنانی کورد پێشەنگایەتی بکەن

هەروەها ناوبراو باسی لەرۆڵ و قارەمانیەتی ژنی کورد کرد بە درێژایی مێژوو و ووتی: "بێ گومان قارەمانیەتی ژنانی کورد بە درێژایی مێژوو جیاوازبووە لەگەڵ ژنانی نەتەوەکانی دیکەی ناوچەکە، ژنانی کورد هیچ کات کۆیلایەتی و زوڵم ستەمی قەبوول نەکردووە و چەکی هەڵگرتووە و سیاسەتی کردووە، هەستی نەتەوەیی لەناخی ژنان و هەموو تاکێکی کوردیک وایکردووە ژنان بتوانن پێشەنگایەتی شۆڕش و تێکۆشان بکەن لە پێناو بەدەستهێنانی مافی نەتەوەیی گەلەکەمان".

پشتیوانی بەرخۆدانی گەریلا دەکەین دژ بە داگیرکەران

هەروەها سەبارەت بە بەرخۆدانی گەریلا دژ بە داگیرکەران، سارا شێخانی چالاکوانی مەدەنی، ڕایگەیاند: "بێگومان دەستخۆشی لە بەرخۆدانی گەریلا دەکەین و پیان دەلین بەردەوامن چونکە ئەوان لەم پارچەیە و پارچەکانی دیکەی کوردستان دژ بە داگیرکەران داکۆکی لەمافی گەلی کورد دەکەن، وە ئێمەی ژنانی چالاکوان پشتیوانییان دەکەین هەرچەندە نەتوانین لەڕێگەی خەباتی چەکداری پشتیوانیان بکەین بەڵام لە ڕێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتی چالاکی مەدەنی، کاتێک کە ئێمە بە کەشێکی ئاراما سیاسەت دەکەین ئەوە بەهۆی بەرگری ئەو شۆڕشگێرانەیەی کە لەپێناو کورد و کوردستان تێدەکۆشن".

ژ.ت