زوڵێخا گوڵوم: چادر بۆ ژنان دروست دەکەین

زوڵێخا گوڵوم پەرلەمانتاری هەدەپە وتی، پێویستە کێشەکانی ئەو ژنانە، کە لە چادرشارەکاندا دەژین، لە چەندین ڕوو و لایەنەوە چارەسەر بکرێن. گوڵوم وتیشی: ژنان توندوتیژیی پیاوانیان ڕووبەڕوو کراوەتەوە و پێویستە بە زووترین کات سەلامەتی ژنان دابین بکرێت.

زوڵێخا گوڵوم پەرلەمانتاری ئیستانبولی پارتی دیموکراتیکی گەلان (هەدەپە) سەبارەت بە کێشەی ئەو ژنانە، کە بەهۆی بومەلەرزەکەوە زیانیان بەرکەوتبوو بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) دوا.

گوڵوم ئاماژەی بەوەدا، ژنان بەتایبەتی لە ناوچە بومەلەرزەلێدراوەکان ڕووبەڕووی چەندین کێشە دەبنەوە و لەوبارەیەوە وتی: "وەکو چاودێری و تێبینیمان کردووە، ژنانی قوربانیی ئەو بوومەلەرزەیە لەم قۆواغەدا لە دۆخێکی زۆر قوس دا دەژین. کێشەی حەوانەوە و ئارامی و ئاسایش لە بەرزترین ئاستدایە. ئەو ژنانە، کە لە چادر شارەکاندا دەژین لەلایەن ئەو پیاوانەوە، کە دەیان ناسان و نایناناسن ڕووبەڕووی دەستدرێژیی زایەندی و پەلاماردان و توندوتیژی دەبنەوە. پێویستە سەلامەتی و ئاسایشی ژنان لە هەموو ئاستەکان مسۆگەر و دابین بکرێت. پێویستە ناوەندەکانی فریاکەوتن لە نزیک چادر شارەکان دا دابمەزرێن تاوەکو ژنان بتوانن سەردانی بکەن و ئاگادار بکرێنەوە. هەروەها دەبێت توندوتیژیی دژی ئەو ژنانە، کە لە بوومەلەرزەکەدا ماڵەکانیان ڕووخاون و ناچار بوون پەنا ببنە بەر شوێنێک، بە یاسای ژمارە ٦٢٨٤ ئەو توندوتیژییە قەدەغە بکرێت. یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی ژنان، پاکی و خاوێنییە. لە هەندێک شوێن لە ناو چادر شارەکاندا توالێتە کاتی و گەڕرۆکەکان بە شێوەیەکی تێکەڵ بەکاردێن. توالێتی کاتی و گەڕۆک بۆ ئافرەتان بوونی نییە، یان زۆر کەم و دەگمەنن. ژنان پێویستییان بە پێداویستییە تایبەتمەندەکانی ژنان و جلی ژێرەوە و کەرەستەی پزیشکی بۆ پاراستنی تەندروستیان هەیە. هەروەها دەبێت پێداویستییەکانی وەک پاڵتۆی منداڵان، خواردنی منداڵان و کۆت و پاڵتۆ بۆ پێگەیشتووانیش بە شێوەیەکی ڕێک و پێک بۆ ناوچەی بوومەلەرزە بنێردرێن".

دەزگای دیانەتی دەوڵەتی تورک تاوان ئەنجام دەدات

گوڵوم ئاماژەی بەوەدا، دەزگای دیانەت تاوان ئەنجام دەدات و لەبارەی ڕاگەیاندراوی دەزگای دیانەت لە دوای بومەلەرزەکە، کە لە ماڵپەڕەکەیاندا بڵاویانکردەوە و تیادا نووسیبوویان، ئەو کەسانەی کە منداڵ هەڵدەگرنەوە، یان منداڵیان پێدەدرێت هیچ لەمپەر و کێشەیەکیان بۆ هاوسەرگیرکردن لەگەڵ ئەو منداڵانەدا نییە، وتی: "کاتێک خەڵک لە قەیرانێکی هەمە لایەنەدایە و بە دوای منداڵەکانیان دا دەگەڕێن و هێشتا کەسانێک لە ژێر داروپەردوەکاندان، دەزگای دیانەت دێت و دەڵێت، ئەوانەی منداڵ هەڵدەگرنەوە، یان منداڵیان پێدەدرێت، دەتوانن هاوسەرگیرییان لەگەڵدا بکەن، بەو ڕاگەیاندراوە و لەو ڕێگەیەوە تاوان ئەنجام دەدات. دەبێت وەزارەتی خێزان و خزمەتگوزاریی کۆمەڵایەتی سکاڵا لە دژی دەزگای دیانەت تۆمار تاوەکو رێگە لە ئازاردان و دادۆشینی منداڵان بگیردرێت. دەبێت ئەو چەند پرۆتۆکۆڵە، کە لەبارەیەوەن دەستبەجێ هەڵبوەشێنرێنەوە. ئەو وەزارەتە بەرپرسیارە لەپاراستنی منداڵان. هاوکات ڕاگەیاندراوی دەزگای دیانەت دژی مادەی ١٢٩ی یاسا مەدەنییەکانە".

چادر بۆ ژنان دادەنێن

گوڵوم رایگەیاند، وەک هەدەپە لە ٨ی ئازاردا پشتیوانی و هاوکاری بەهێز پێشکەش دەکەن و وتی: "ئێمە هەوڵ دەدەین تۆڕی پشتیوانی بۆ ئەو ژنانە دروست بکەین. ئێمە چادر بۆ ژنان دادەنێین. ئێمە لە چادرەکانماندا گفتوگۆ دەکەین و هەوڵ دەدەین بە پشتیوانیی خۆمان  ئازارەکانمان ساڕێژ بکەین. ئێمە کەمپەین و هەڵمەتێک ڕێکدەخەین تاوەکو پێداویستییە بەپەلەکانی ژنان دابین بکەین. ئێمە بەردەوامین لە کارکردن، چونکا دەوڵەت بەرپرسیارییەکانی خۆی جێبەجێ ناکات. لەگەڵ نزیکبوونەوە لە ٨ی ئادار، چالاکییەکانمان بۆ یەکگرتن و بەهێزکردنی پشتیوانی لە ژنان رێکدەخەین".

ژ.ت