ئارام قادر:پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕۆڵی هەبێت لە ئارامکرنەوەی ڕەوشەکە

یەکێتی نیشتیمانی کوردستان هەڵوێستی خۆی دووپات دەکاتەوە و پاڵپشتی گەلی ڕۆژئاوا دەکات و داواش لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات ڕۆڵ ببینن لە ئارامکردنەوەی ڕەوشەکە.

ئارام قادر ئەندامی ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان دەربارەی هەڕەشەکانی تورکیا بۆ سەر خاکی ڕۆژئاوای کوردستان لە لێدوانێکدا بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) ڕایگەیاند: "ئێمە وەک ئەنجومەنی ناوەند لەگەڵ هەڤاڵانمان هاتین بۆ سەردانی ناوەندی کانتۆنەکانی ڕۆژئاوا هەم بۆ پشتیوانی و هەم بۆ دوپات کردنەوەی پشتیوانی ڕاگەیەندراوەکەی مەکتەبی سیاسی کە بەشێکی پشتیوانی بو لە گەلی ڕۆژئاوا و ئارامکردنەوەی ئەو ڕەوشەی نێوان تورکیا و ڕۆژئاوا".

هەروەها وتیشی:"ئێمە دووپاتی دەکەینەوە کە پشتیوانی گەلی خۆمانین لە ڕۆژئاوا و ئەم ڕەوشە بە شەڕ چارەسەر نابێت، ڕۆژئاوا و شەڕڤانان ڕۆڵێکی گرینگیان هەبووە لە تێکشکاندنی داعش لە ناوچەکە بۆیە ناکرێت بەو شێوەیە پاداشت بکرێنەوە. پێویستە ئەوروپا و نەتەوە یەکگرتۆکان هەمووی بێنە سەر خەت چونکە ڕۆژئاوا خوێنی داوە لە پێناو ڕزگاری و ئازادی و ئاسایشی گشتی ناوچەکە بۆ هەموو جیهان، بۆیە ناکرێت تورکیا بەو شێوەیە تەماشای ڕۆژئاوا بکات پێویستە پەیوەندیەکی نەرم و نیان لەنێوانیان هەبێت. هیوادارین هەموو لایەک بێنە سەر خەت بۆ ئەوەی ئەو دۆخە هێور بکرێتەوە و بتوانین ڕۆڵمان هەبێت لە ئاشتەوایی ناوچەکە".

ئارام قادر لە درێژەی قسەکانیدا ئەوەشی خستە ڕوو کە گەلی باشوور وەک هەمیشە پشتیوانی گەلی ڕۆژئاوا بووە و یەکێتی نیشتیمانی کوردستانیش هەوڵی خۆی دەدات بۆ ئەوەی بتوانین بە ئاشتیانە کێشەکان چارەسەر بن. دەبێت هەموو جیهان بزانێت کورد لەهەر چوار پارچەی کوردستان خەبات و تێکۆشانی خۆی بەردەوام دەکات بۆ بەدەست هێنانی مافە ڕەواکانی خۆی، هیچ هەڕەشەیەکیش ناتوانێ شەڕڤانان ببەزێنێ و وەک دەبینین شەڕڤانان گەورەترین هێزی تیرۆریستیان لە ناوچەکە تێکشکاند.

ف.ق