ئامانجی هەدەپە لە چەولیگ گەورەیە و دەیەوێت هەر ٣ پەرلەمانتارەکەى ئەو پاریزگایە بەدەست بهێنێت

پاڵێوراوانى هەدەپە بۆ چەولیگ بە بەردەوامى و بە گەرموگوڕییەوە درێژە بە کارەکانیان بۆ هەڵبژاردن دەدەن. ئامانجى هەدەپە ئەوەیە لە چەولیگ رێژەى دەنگەکانى دوو هێندە بەرزبکاتەوە و هەر ٣ کورسییەکەى پەرلەمانى چەولیگ بەدەست بهێنێت.

کارى هەڵبژاردنى هەدەپە لە چەولیگ بەگەرمی بەردەوامە و هەر یەک لە ئەرداڵ ئایدەمیر، نیهاد ئاکسۆی و شەفیقە دۆغان پاڵێوراوانى هەدەپە بۆ چەولیگ شانبەشانی رێکخستنى هەدەپە لە شار و ناوچەکانى چەولیگدا، لە بەرە بەیانییەوە تاوەکو ئێوارە بە بەردەوامی لە کار و چالاکیدان. پاڵێوراوەکان سەردانى کاسبکاران و پیشەوەران و گوندەکان دەکەن و لەگەڵ دانیشتوانى شارەکانیدا بەربانگ دەکەنەوە و دواى بەربانگیش دەچن بۆ سەردانى ماڵان و زانیاری لەبارەى هەڵبژاردنەوە بە هاووڵاتییان دەدەن. پۆلیسى تورکیاش لە چەولیگ بە بەردەوامى کارى بانگەشەى هەڵبژاردنى هەدەپە چاودێرى دەکات.

بەپێى راپۆرتێکى ئاژانسى هەواڵى میزۆپۆتامیا (MA) سەربارى بوونى چەندین بنکەى بانگەشەى هەڵبژاردن، لە چەندین شوێنى شارى چەولیگ، لە ناوەندى قەزاکان و لە گوندەکاندا، هاووڵاتییان رۆژانە گوێ لە قسەکانى سەڵاحەدین دەمیرتاش پاڵێوراى هەدەپە بۆ سەرۆکایەتیى کۆمار دەگرن، کە لە ئۆتۆمبێلەکانى بانگەشەى هەڵبژاردنى هەدەپەوە بە موکەبەرە بڵاودەکرێنەوە.

بنکەى بانگەشەى هەڵبژاردنى هەدەپە، جەهەپە، ئی یى پارتی، مەهەپە و ئاکەپە زۆر لە یەکترەوە نزیکن، بۆیە بە ڕوونى ئەوە دیارە، کە زۆرترین ژمارەى هاووڵاتییان لە دواى بەربانگ دەچنە بنکەى بانگەشەى هەڵبژاردنى هەدەپە.

دەنگدەرانى عەلەوی ناچار دەکەن بڕۆن لە گوندی جاشەکاندا دەنگ بدەن

گەورەترین نیگەرانى لە چەولیگ بابەتى پاراستنی سندوقەکان و ئارامیى دەنگانە. بۆ ئەوەى لەو بوارەدا کەموکورتى ڕوو نەدەن، هەدەپە هەوڵ دەدات بەپلان و بەرنامە ڕێوشوێنى پێویست بگرێتە بەر. بابەتێکى تریش بڕیارەکانى کۆمسیۆنى هەڵبژاردنى تورکیایە بۆ گۆڕینى سندوق و شوینى دەنگدانى دەنگدەران. بەپێى ئەو گۆڕانکارییە عەلەوییەکان ناچار دەکرێن بڕۆنە گوندى جاش و جەردەوانەکان و لەو گوندانەدا دەنگ بدەن. هەدەپە لە ئێستاوە ئامادەکاریى کردووە بۆ ئەو هاووڵاتییانەى شوێنى دەنگدانیان گواستراوەتەوە بۆ ئەو گوندانە و ئۆتۆمبێلی بۆ ئامادە کردوون.

"ئێمە کۆتایى بە ئاکەپە دەهێنین"

ئەرداڵ ئایدەمیر پاڵێوراوى هەدەپە بۆ چەولیگ و یەکەم کەسى لیستەکەى هەدەپە لە چەولیگ لەبارەى کارەکانییەوە بۆ هەڵبژاردن بە ئاژانسى هەواڵى فوارت (ANF) راگەیاند، گەلی چەولیگ بڕیارى خۆى داوە و لەوبارەیەوە وتى "من سپاسی گەلی چەولیگ دەکەم بەهۆى ئەو پشتگیرییەوە کە لە ئێمەى دەکەن. کارەکانى ئێمە بۆ هەڵبژادرن لەلایەن دەستەى هەڵبژاردنى هەدەپەوە لە شارەکە و دەورووبەری بەڕێوەدەچێت و لەو چوارچێوەیەشدا سەردانى ماڵی هاووڵاتییان دەکەین. گەلەکەمان لە چەولیگ بۆ سەرخستن و هاتنەدیى ماف، دادپەروەری، ئاشتی و یەکسانى بڕیارى خۆى داوە و بە پێداگرییەوە داکۆکی لەو مافانە دەکات. ئێمە بڕوامان بەوە هەیە، کە ٢٤ى حوزەیران کۆتایى بەو زوڵمە و دەسەڵات وبەڕێوەبەرایەتیى رەهای تاکە کەسى دەهێنرێت. لەبەر ئەوەش ئاشتى و یەکسانى سەردەکەوێت. ئێمەش درێژە بە کارەکانى خۆمان دەدەین و نزیکایەتیى گەنجان بۆ ئێمە زۆر گەرم و باشە. گەنجان بە جۆش و خرۆشەوە پشتیوانى لە هەڵمەتى بانگەشەى هەڵبژاردنمان دەکەن. ئەگەر ئێمە دەست بدەینە دەستى یەکتر، ئەوا لە ٢٤ى حوەزیراندا کۆتایى بە ئاکەپە دەهێنرێت".

"جگە لە هەدەپە هیچ دەرفەت و شانسێکى تر بوونى نییە"

نیهاد ئاکسۆى پاڵێوراوى ریزبەندنى دووەمى هەدەپە بۆ چەولیگ یەکێک لەو کەسە رەنجدەرانەیە، کە بەپیى یاساکانى بارى نائاسایى دەوڵەتى تورکیا لەسەر کارەکەى دەرکراوە. ئاکسۆی رایگەیاند، ئەوەى زوڵمى ئاکەپەى بینیبێت، ئەوا بە دڵنیاییەوە ئەوە دەزانێت، کە جگە لە هەدەپە هیچ دەرفەت و شانسێکى تر بۆ گۆڕانکارى بوونى نییە.

ئاکسۆى وتیشی "سەرباری ئەوەش بۆ ئەوەى پێکەوە هەموو کارێک بکەین بۆ چارەسەری ئاشتییانە و دیموکراسییانەى کێشەى کورد، بڕیارمدا لە لیستى هەدەپەدا ببمە پاڵێوراو بۆ چەولیگ تاوەکو لە ئەگەرى سەرکەوتنمدا کاری زیاتر بۆ ئاشتى و دیموکراسی و مافەکانى ئەم گەل بکەم".

ئاکسۆى باسى ئەوەشیکرد "وەک مرۆڤێک، کە چەندین ساڵ لە کۆمەڵەى مافى مرۆڤدا کارم بۆ چارەسەرکردنى کێشەى کورد کردووە و لە نزیکەوە زوڵم و دەسەڵاتدارى و گوشارى دەوڵەتم بینیوە و بۆ ئەوەى لە پاڵ زوڵملێکراوەکاندا بم، بوومە پاڵێوراوى هەدەپە. بەشێوەیەکى تایبەت لە ٣٠ى ئایارەوە لە ناوچەى کانى رەش کار و خەبات بۆ هەڵبژاردن دەکەم. ئێمە دەڕۆین بۆ سەردانى گوندەکان و ماڵی هاووڵاتییان. گەلەکەشمان بە دڵخۆشی و روو گەشییەوە پێشوازیمان لێدەکەن".

"ئێمە دەتوانیین هەر ٣ پاڵێوراوەکەمان رەوانەى پەرلەمان بکەین"

شەفیقە دۆغان پاڵێوراوى هەدەپە و ریزبەندی سێیەمى لیستى هەدەپە لە چەولیگ رایگەیاند، هەدەپە حیزبى ژنانە. ئەوەشى وت "هاووڵاتیان زۆر بە باشی و بە ڕێزەوە نزیک دەبنەوە، بە تایبەتى نزیکایەتیى ژنان زۆر زۆر باش و لە ئاستێکى بەرزدایە.".

شەفیقە وتیشى "پشت بە خوا ئێمە هەر ٣ پاڵێوراوەکەمان بۆچەولیگ رەوانەى پەرلەمان دەکەین، چونکە ئەم خەڵکە ئێمە لە خۆیان دەزانن. هەندێکیش سەریان سوڕدەمێنێت و دەڵێن 'ژنێکى ماڵەوە چۆن دەتوانێت ببێتە پەرلەمانتار'، ئێمەش دەڵێین 'ئەگەر ئەو خانمە هەدەپەیى بێت، ئەوە زۆر ئاسانە'، چونکە هەدەپە حیزبى ژنانە".

ر.م