ئاکەپە لە ئەردیشی وان بە ٢ زێندان تێر نابێت و زیندانێکى تریشی دروستکرد

رژێمى ئاکەپە، کە جگە لە شەڕ و کوشتن هیچى دیکە لە کوردستان ئەنجام نادات زیندانێکى تری دروستکرد. لە ناوچەى ئەردیش کە ژمارەى دانیشتوانەکەى ٢٠٠ هەزار کەسە و ٢ زیندانی هەیە، بەڵام ئاکەپە زیندانێکى ترى دروستکرد.

رژێمى ئاکەپە پێش هەموو هەڵبژاردنێک لە وان مەراسیمى کردنەوەى پرۆژەکانى ئەنجام دەدات و داوا لە خەڵک دەکات دەنگى پێبدەن. ئاکەپە بەردەوامە لە "سەرمایەگوزارییەکانى"!. ئاکەپە جگە لە زوڵمکردن بە هیچ شێوەیەکى تر لە گەلی کورد نزیک نابێتەوە و ئەمجارە لە ناوچەى ئەردیشی وان زیندانێکى تری دروستکرد. بەوەش زیندانەکان لە ئەردیش لە ٢ زیندانەوە بوون بە ٣ زیندان.

هاوکات لە ناوەندی وان زیندانى جۆری ئێف، زیندانى جۆری تی و زیندانی جۆری ئێم دروستکراون، کە زیندانی جۆری ئاست بەرزی ئەمنین. بە گشتى دەوڵەتى تورکیا لە وان ٧ زیندانی هەبوو و ئێستاش بە دروستکردنى ئەو زیندانەى تر لە ئەردیش ژمارەى زیندانەکانى کرد بە ٨ زیندان.

دەوڵەتى تورکیا لە مێژووی ٩٠ ساڵەیدا لە ئەردیش چەندین کۆمەڵکوژی ئەنجامداوە. لە ساڵی ١٩٣٠دا لە کۆمەڵکوژیى زیلاندا ٤٥ هەزار هاووڵاتیى کۆمەڵکوژکرد. دواى کۆمەڵکوژیى زیلان سەدان کەسى تر لە سێدارە دران و هەزاران کەسی تریش دەستگیر و زیندانى کران و دەیان هەزار کەسیش لە شوێن و ماڵ و حاڵی خۆیان دوورخرانەوە.

رێژەی ٨٠%ی خەڵک بێکارن

ساڵانى ١٩٤٥ و ١٩٧٦ و ٢٠١١دا سێ بولەمەرزەى گەورە لە ئەردیش روویانداوە. بەهۆی ئەو بومەلەرزانەوە دەیان هەزار کەس گیانیان لەدەستدا و برینداربوون. دەوڵەتى تورکیا لە مێژووى ٩٠ ساڵیدا هەر وەک شارەکانى تری کوردستان لە ئەردیش زوڵمی زۆر گەورەی لە هاووڵاتییان کردووە.

ئەردیش کە ناوەندی کشتوکاڵ و ئاژەڵداری بوو بە گرتنەدەستى دەسەڵات لەلایەن ئاکەپەوە ئەوەشی لە دەستدا. دەسەڵاتى ئاکەپە لە ئەردیش کۆتایى بە کارى کشتوکاڵ و ئاژەڵداری و بەرهەمهێنان هێنا. شارەوانیى ئەردیش بە دەنگی گەل لەلایەن دەبەپەوە بەڕێوەدەبرا، بەڵام ئاکەپە ساڵی ٢٠١٦ دەستیگرت بەسەر شارەوانیى گەلی ئەردیش دا و قەیومێکى بەسەردا سەپاند. ئاکەپە هاوسەرۆک شارەوانییەکانى دەبەپە لە ئەردیش و ئەندامانى ئەنجوومەنى شارەوانی و سەدان کەسی دەستگیرکرد.

ئەردیش کە ژمارەى دانیشتوانەکەى ٢٠٠ هەزار کەسە رێژەى ٨٠%ی هاووڵاتییەکانى بێکارن. دانیشتوانى ئەو ناوچەیە ناچارن لەبەر بێکاری بڕۆن بۆ گەورە شارەکانى تورکیا و لەو شارانەدا کار بکەن. لەبەر ئەوەى خزمەتگوزاریى تەندروستیش لە ئەردیش پێشکەش بە هاووڵاتییان ناکرێت، هاووڵاتییانى ئەردیش ناچارن بۆ چارەسەرکردنى نەخۆشییەکانیان بڕۆن بۆ شاری وان.

خزمەتەکانى ئاکەپە: بینای نوێى ئاسایش و زیندان

نەخۆشخانەى نوێى حکومەت لە ئەردیش لە ساڵی ٢٠٠٨ەوە بەردی بناغە بۆ دانراوە و ماوەى ١٠ ساڵە تەواو نەبووە، بەڵام لەلایەن ئاکەپەوە ١٤ جار بۆ بانگەشە و پڕوپاگەندە فریودەرانەکانى کرایەوە!. ئەو نەخۆشخانەیە کە تەواو نابێت بووەتە شوێنى گەندەڵی و دزینى پارەى هاووڵاتییان. حکومەتى ئاکەپە کە ماوەی ١٠ ساڵە نەخۆشخانەیەکى بۆ دروستنەکراوە لە ماوەى ساڵێکدا بینای نوێی ئاسایشی ئەردیشی تەواوکرد. ئاکەپە ئێستاش زیندانى تر دروست دەکات.

زیندانێک کە ماوەیەک لەوە پێش بەردی بناغەکەى بۆ دانرا بە خێرایى بەرەو تەواوبوون دەڕوات. ئاکەپە ماوەیەک لەوە پێشیش لە گۆڕەپانى شارستانیەتى ئورارتودا کە ناوچەیەکى پارێزراوى مێژوییە بە خێرایى بیناى فەرمانگەى بیناسازیى حکومەتەکەیى تیایدا دروستکرد. ئێستاش هەر لە ناوچەى گۆڕەپانى  ئورارتوەکاندا خەریکى دروستکردنى زیندانە. لە ئەردیش ٢ زیندان هەیە، بۆیە دروستکردنى زیندانێکى دیکە ناڕەزایەتیى هاووڵاتییانى لێکەوتووەتەوە.

ئێمە زیندانیمان ناوێت، ئازادیمان دەوێت

هاووڵاتییانى وان لە دروستکردنى زیندانى تر ناڕازین و یەکیک لەو هاووڵاتییانە کە بەهۆی داپلۆساندنی هێزە ئەمنییەکانەوە داوایکرد ناوەکەى نەنووسین وتى، ئاکەپە و دەوڵەتى تورک لە ناوچەکەماندا تەنها زوڵم و زۆرداری ئەنجام دەدەن. یان خەڵک و هاووڵاتییان دەکوژن، یان زیندانیان دەکەن، یان لەسەر کار دەریان دەکەن، یان لە زێدی خۆیان دووریان دەخەنەوە. چەندین ساڵە ناوچەکەمان تاڵان دەکەن.

وتیشی، ئەگەر بە ڕاستى ئاکەپە و دەوڵەتەکەى مەبەستیان دادپەروەری بوایە، ئەوا لە بریى زیندان نەخۆشخانەیەک و کارگەیەکیان دروست دەکرد.

راشیگەیاند، ئێمە ماف و ئازادیمان دەوێت، بەڵام ئەوان زیندانى نوێ دروست دەکەن. ئێمە زیندانمان ناوێت، بەڵکو ئازادیمان دەوێت.

ر.م