ئۆپەڕاسیۆنی قڕکردنی سیاسی لە چەند شارێک شەرمەزار کرا

لە ئەنقەرە، مێردین، شڕنەخ لەدژی ئۆپەڕاسیۆنی سیاسی، چالاکی شەرمەزاکردن ئەنجامدران.

چالاکیەکان لەدژی ئۆپەراسیۆنی قڕکردنی سیاسی کە لە بەرانبەر سیاسەتمەدارانی هەدەپە ئەنجامدرا، بەردەوامن. لە ئەنقەرە، مێردین و شڕنەخ دەسەڵاتی ئاکەپە و مەهەپە شەرمەزار کرا.

ئەنقەرە

پلاتفۆرمی ژنانی ئەنقەرە لە ناوەندی سەندیکای تومبەرل – سەن کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەنووسیان سازکردن. لە کۆنفڕانسەکەدا ڕاگەیەنرا کە ئۆپەراسیۆنی قڕکردنی سیاسی بڕیارێکی سیاسیە و ئاماژە بەوەکرا،"ئێمە دەزانین ئەگەر بەرخۆدان نەکەین، ناتوانین هەناسەش هەڵبمژین."

مێردین

ڕێکخستنی هەدەپەی مێردینیش لەدژی ئۆپەڕاسیۆنی قڕکردنی سیاسی لە ناوەندی پارتەکەی کۆنفڕانسی ڕۆژنامەنووسی ئەنجامدا. محەمەد ڕوشتو تریاکی پەرلەمانتاری هەدەپەی ئێلح وتی،"ئەوان شکست دەهێنن و ئێمە سەردەکەوین. ئۆپەڕاسیۆنەکە سیاسیە. دەسەڵات دەستی بە ئۆپەڕاسیۆنی قڕکردنی سیاسی کردووە. هەوڵ دەدات هەدەپە بێدەنگ بکات."
تریاکی ئەوەی خستەڕوو کە هەدەپە چۆک دانادات و سەری دانانەوێنێت و سەردەکەوێت.

شڕنەخ

لە ناوچەی جزیری شڕنەخ لە باڵەخانەی ڕێکخستنی هەدەپەدا کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەنووسی ئەنجامدرا. لەگەڵ ئەندامانی هەدەپە، چالاکوانانی تەڤگەری ژنانی ئازادیش بەشداریان لە چالاکیەکەدا کرد. لە ڕاگەیەنراوەکاندا ئاماژە بەوەکرا،"ئێمە بە بەرەیەکی دژەفاشیست، ئاشتی بەرجەستە دەکەین، دیموکراسی جێگیر دەکەین. ئێمە ڕژێمی دەوڵەتی پارت لەناو دەبەین."
ز.ش