سەبری ئۆک، لە وتووێژێکدا لە مەڕ ٢٥ڕۆژ بەرخۆدانی مێژوویی عەفرین لەدژی داگیرکاری دەوڵەتی تورکیا، بۆ ئاژانسی فرات قسەی کرد.
ئۆک بە ئاماژە بە خەون و خەیاڵی دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر بۆ داگیرکردنی عەفرین لە چەند کاتژمێر یا چەند ڕۆژدا، بەرخۆدانی عەفرینی بەواتای شکستی هەموو پیلان و پڕۆژەکانی دەوڵەتی تورکیا لێکدایەوە و وتی: سەدان چەکداریان کوژراوه و بە دەیان تانک و هێلیکۆپتەریان تێکشکاوە. گەلی عەفرین لە راستیدا بەرەنگارییەکی مێژوویی کردووە و خاک و شەرەفی خۆی دەپارێزێ".
سەبری ئۆک، لە درێژەی قسەکانیدا، باسی خۆڕاگری قارەمانانەی یەپەگە/یەپەژە-ی لە دژی داگیرکەران کرد و ستایشی هاودەنگی و هاوهەڵوێستی گەلانی باکووری سووریای کرد و بە یەکگرتنی مێژوویی ناوی برد. ئۆک، هاوهەڵوێستی گەلانی باکووری سووریا-ی وەک مسۆگەری داهاتووی دموکراتیکی گەلانی سوریا لێکدایەوە و وتی: " داگیرکەری بە چۆک داهاتووە و ئیرادەی پۆڵایینی گەلانی دێموکراسی خواز و بەرخۆدانی مێژوویی عەفرین، سەرکەوتووە"
سەبری ئۆک، ئاکامەکانی ئەو خۆراگرییەی شکۆدار بەناو کرد و ڕایگەیاند؛ تەنیا یەک هەنگاویش لە ژێر پۆستاڵی داگیرکەراندا نامێنتەوە. ئەو ئەندامەی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە، بانگیشی لە هێزە نێودەوڵەتییە پەیوەندیدارەکانی سووریا کرد کە ئەرکەکانی خۆیان بەپێی ڕێکارە دێموکراتیکەکان، پێک بێنن و وتیشی: ''ڕێگەچارەی دێموکراتیک، ڕەتکردنەوەی داگیرکارییە و پێویستە هێزە داگیرکەرەکان لە خاکی عەفرین، بچنە دەرێ. گەلی عەفرین، هیچ ڕێگە چارەیەکی دیکە بێجگە لە چوونە دەرەوەی داگیرکەران پەسەند ناکات".
سەبری ئۆک ، لە کۆتایی قسەکانیدا، وتی: ''ئەوڕۆ بیست و پێنجەمین ڕۆژی بەرخۆدانی عەفرینە. شکاندنی داگیرکەران نیزیکە و سەرکەوتنی عەفرین بە ڕیگەوەیە. بەردەوامی هێرشەکان، بەرەنگاری بەهێزتر بەدوای خۆیدا دێنێت. ئەوەی گرینگە ئەوەیە کە سەرکەوتن بۆ عەفرین و تەواوی گەلانی بەرخۆدێر و ئازادیخوازە".