ئیدانە و شەرمەزارکردنی رووداوەکەی ناو نەخۆشخانەی گشتی کەرکوک بەردەوامە

ناڕەزایەتیەکان بەردەوامن لە دژی کەمتەرخەمی و ئەنجامدانی کردەوەیەکی نامرۆڤانەی دژ بە مامۆستایەک لە نەخۆشخانەی گشتی کەرکوک کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی هاوژینەکەی.

دوای ئەوەی دوو رۆژ لەمەوبەر لە نەخۆشخانەی گشتی کەرکوک کە تایبەت کراوە بە تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا، دیمەنی مامۆستایەکی کورد لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان بڵاوبووەوە لە کاتی گیانلەدەستدانی هاوژینەکەی، مامۆستاکە دەستی لەلایەن پۆلیس بە کەلەپچە بە قەروێڵەی هاوژینە کۆچکردووەکەی بەستراوەتەوە، ئەمەش کاردانەوەیەکی زۆری لێکەوتەوە لەماوەی ئەم دوو رۆژەی ڕابردوودا.

کەیسەکەش لەلایەن پارلمانتەرە کوردەکانی کەرکوکەوە گەیێنرایە وەزیری ناوخۆی عێراق و وەزیری ناوخۆش بڕیاری داوە سەردانی بنکەی پۆلیسی قۆرییە بکات کە بەرپرسن لەدەستگیر کردنی ئەو مامۆستایە.

ئەو مامۆستایە کە ناوی محەمەد کەریمە دوای ئەوەی هاوژینەکەی تووشی کۆرۆنا دەبێت بە پارەی خۆی چەند بوتڵ ئۆکسجین بۆ هاوژینەکەی دەکڕت، بە وتەی مامۆستا محەمەد کارمەندانی نەخۆشخانەکە ئۆکسجینەکەیان لە دەمی هاوژینەکەی کردووەتەوە و لەگەل ئەوەی کە مامۆستا محەمەد پێی وتوون، ئەو ئۆکسجینانەی بە پارەی خۆی کریوە و مولکی نەخۆشخانەکە نین، هەروەها هاوژینی ناوبراو بەهۆی نەبوونی ئۆکسجین گیانی لەدەستداوە و مامۆستا محەمەد یەکیک لە ئامێرەکانی شکاندوە لەکاتی تورەبووندا، ئەمەش وای کردوە هیزە ئەمنیەکانی بنکەی پۆلیسی قۆرییە دەستگیری بکەن و لیبدەن و پاشان دەستی کەلەپچە بکەن بە قەروێڵەی هاوژینەکەیەوە، دیمەنی مامۆستا محەمەد بە دیار خێزانە کۆچکردووەکەیەوە بە کەلەپچە کراوی ناڕەزایەتی هاوڵاتیان و رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و مامۆستایانی شارەکەی لێکەوتەوە.

هەر ئەمرۆ چوار شەممە بەدەستپێشخەری گروپی هۆشیاری گەنجان و بە بەشداری مامۆستایانی ناڕازی لە کەرکوک گردبوونەوەیەک رێکخرا لەبەردەم نەخۆشخانەی گشتی کەرکوک بۆ ئیدانە کردن و شەرمەزارکردنی ئەو کارە نامرۆڤایەنە.

شاڵاو لەتیف بەناوی ئامادە بووانی گردبوونەوەکە لێداونێکی بۆ ڕایگشتی و دەزگاکانی ڕاگەیاندن بڵاو کردەوە کە تیدا هاتووە:

"وەك لای هەمووان ئاشكرایە كە پەتای کۆرۆنا پەتایەكی جیهانیە و بێ چارەسەرە و لە بەشێكی وڵاتانی جیهان بە بەرنامەی پێش وەختە ە خزمەتگوزاری بۆ خەڵكەكەیان، توانیان تا رادەیەك كۆنترۆڵی پەتاكە بكەن، بەلام بەداخەوە نە وەزارەتی تەندروستی عیراق و نە بەڕێوبەرایەتی تەندروستی كەركوك بەرنامەیەكی ڕوون و ئاشكرایان بو بەرەنگار بوونەوەی ئەو پەتایە نەبووە، لەگەل ئەوەشدا باری ژیانی خەڵكیان بەرەو خراپتر بردووە."

هەروەها شاڵاو لەتیف وتی: "مامۆستا محمد و هاوژینەكەشی بوونە قوربانی ئەو بێ بەرنامەیی و بێ پلانیەی بەرێوبەرایەتی تەندروستی كەركوك، لەگەل ئەوەی زۆر كەمتەرخەمن لە خزمەتكردنی نەخوشدا وەكو پێویست بە ئەركی خۆیان هەڵناسن و تەنانەت سەرەتاییترین خزمەتگوزاری پزیشكی پێشكەشی نەخوش ناكەن و نەخوشخانەكان بێ دەرمان و چارەسەرن و بەشیك لە پزیشكەكانیش وەك پێویست بە ئەركی خۆیان هەڵناسن، مامۆستا محمد لەگەڵ ئەوەی لەسەر ئەركی خۆی پێداویستیە پزیشكێكانی دابین كردوە، بەڵام بەداخەوە لە ناو نەخۆشخانە بە زۆر لێی سەندراوەتەوە، ئەوەش ببوە هۆی ئەوەی كە كارەساتێك بە دوای خۆیدا بێنێت، لەدوای سووكایەتی و بەستنەوەی بە قەرەوێڵەی هاوژینەكەیەوە و تا وەكو بە بەرچاوی خۆیەوە گیانی سپارد."

لەکۆتایدا شاڵاو لەتیف وتی: "ئیمە وەك كۆمەڵەی وشیاری گەنجان بە توندی ئیدانەی ئەو ڕەفتارانەی پزیشك و كارمەندانی تەندروستی و پۆلیسی کەرکوک دەكەین كە لە بەرامبەر مامۆستا محمد و هاوژینەكەی كرا و ئەمە دوورە لە هەموو بەهایەكی مرۆڤایەتی و ئەخلاقی، داواکاریشین چی زووە ئەوانەی كەمتەرخەم بوون لەم كەیسەدا ببرینە بەردەم دادگا."

ز.ش