ئەحمەد تورک و فیگەن ئاڵتین داغ بەڵگەنامەى دەستبەکاربوونیان وەرگرت

ئەحمەد تورک و فیگەن ئاڵتین داغ هاوسەرۆکانى شارەوانیى مێردین، بەڵگەنامەى دەستبەکاربوونیان بۆ هاوسەرۆکایەتیى شارەوانیى گەورە شاری مێردین وەرگرت.

ئەحمەد تورک و فیگن ئاڵتین داغ هاوسەرۆکانی شارەوانیى گەورە شاری مێردین بەڵگەنامەى دەستبەکاربوونیان بۆ هاوسەرۆکایەتیى شارەوانیى گەورە شاری مێردین وەرگرت. هاوسەرۆکانى شارەوانیى مێردین لەگەڵ پەرلەمانتارى هەدەپە ئەبرو گیونەی و هاوسەرۆک شارەوانییەکانى ناوچە جیاجیاکانى مێردین چوون بۆ لقی کۆمسیۆنى هەڵبژاردنى شاری مێردین و بەڵگەنامەى دەستبەکاربوونیان لە کۆمسیۆنەکە وەرگرت.

'ئێمە بە هەموو هێزى خۆمانەوە کار و خزمەت دەکەین'

ئەحمەد تورک سپاسی هەموو گەلانى مێردینى کرد و رایگەیاند "شارەوانیى شوێنى خزمەتکردنە. ئێمە بە هەموو هێزى خۆمانەوە بۆ خزمەتکردن کار دەکەین. ئێمە بە ورە و حەماسەتێکى گەورەوە خزمەتى گەلەکەمان دەکەین. بۆ چارەسەرکردنى کێشەکان بەردەوام دەبین لە هەوڵەکانمان. ئێمە لەگەڵ گەلی مێردین و رێکخراوەکانى کۆمەڵى شارستانى کار دەکەین و هیودارین لە شارەکەدا پێشهات و کاری باش رووبدەن".

مانگرتن لە خواردن

ئەحمەد تورک هاوسەرۆک شارەوانیى گەورە شاری مێردین بۆ نەهێشتنى گۆشەگیرى لەسەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد وتى "بانگ لە سەرۆک کۆمار و وەزیری داد دەکەم، کە پێویستە پێش ئەوەى مرۆڤەکان ژیانیان لە دەست بدەن دەستێوەردان بکرێت. ئێمە نامانەوێت کەس بمرێت".

ئەحمەد تورک هاوسەرۆک شارەوانیى مێردین و شاندە یاورەکەى چوون بۆ شارەوانیى گەورە شاری مێردین. لەوێش ئەحمەد تورک رایگەیاند "ئێمە هەموو کار و خەباتەکان لەگەڵ گەلەکەى خۆماندا ئەنجام دەدەین. ئێمە هەرگیز مافی رەنجدەران و زەحمەتکێشان ناخۆین. هەڵوێستێک کە بەپێى چاوەڕوانیى گەل نەبێت، ئەوا بە بڕواى ئێمەش ئەو هەڵوێستە ناتوانێت نوێنەرایەتیى گەلەکەشمان بکات. ئێمە لەو بوارانەدا هەندێک کار ئەنجام دەدەین. ئێمە مافی کرێکاران و خەباتکاران دەپارێزین".

هەروەها فیگەن ئاڵتین داغ هاوسەرۆک شارەوانیى گەورە شاری مێردین سپاسی گەلی مێردینى کرد.

ر.م