ئەشکەنجەکردنی هاووڵاتییان لە وان بۆ هێزە ئەمنییەکان ئازاد و سەربەست کراوە!

لەم چەند ساڵەی دوایدا حکومەت سیاسەتی ئەشکەنجەدانی بەرامبەر بە هاووڵاتییان و دەستگیرکراوان لە وان زۆر بە چڕی ئەنجامداوە. سکاڵاش لە دژی ئەو کەسانەش تۆمار دەکەن کە ئەشکەنجەکراون و ئەشکەنجەکەرەکانیش لە سزا دەپارێزرێن.

دوای ئەوەى سولەیمان سۆیلو بوو بە وەزیری ناوخۆی دەوڵەتی تورک، لە وان رووداوەکانی ئەشکەنجەدان رۆژ لە دوای رۆژ زیادیان کردووە. لە وان ماوەی ٤ ساڵە هەموو جۆرە چالاکییەکی مەدەنی، کولتوری، هونەری و سیاسی قەدەغەیە و ئەوە بۆ خۆی ئەشکەنجەیەکى دەروونییە، هاوکات هەموو شەقام و کۆڵانەکاندا پڕکراون لە پۆلیس، هەموو ساڵێک لە شارەکەدا دەیان رووداوی ئەشکەنجە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی دەوڵەتەوە لە دژی هاووڵاتییان ئەنجامدەدرێن و بەشێکیان ئاشکرا دەبن و بۆ رای گشتی بڵاودەکرێنەوە.

 هێزە تایبەتەکانی جەندرمە و پۆلیس شەقامەکان، گەڕەکەکان و گوندەکانی وان گەمارۆ دەدەن و ئەشکەنجە دژ بە هاووڵاتییان ئەنجام دەدەن و ئەشکەنجەدانی هاووڵاتییانیش لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاودەکەنەوە، بەڵام سەرباری ئەوەش بەبێ ئەوەى ئەشکەنجەکەرەکان سزا بدرێن لەلایەن دەوڵەتەکەى ئاکەپە و ئەدرۆغانەوە خەڵات دەکرێن.

دوای هێرشێکی مووشەکی بۆ سەر بنکەى پۆلیس لە ناوچەى وەستان لە وان لە ساڵی ٢٠١٨دا، هێزە تایبەتەکانی پۆلیس ئەو هاووڵاتییانەى کە رۆیشتبوون بۆ کۆکردنەوەى قارچک و کارگ کۆ دەکەنەوە و دەست بە ئەشکەنجەدانیان دەکەن و ئەشکەنجەدانی ئەو هاووڵاتییانەشیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکردەوە. لەسەر سکاڵای هاووڵاتییە ئەشکەنجەکراوەکان دۆز لە دژی پۆلیس کرایەوە. پۆلیسە ئەشکەنجەکەرەکە سزای ٣ هەزار لیرەی تورکی بەسەردا سەپێنرا، بەڵام ئەو پۆلیسە بە ناوی ئۆ . ش، کە سزای پارەی بەسەردا سەپێنرابوو ئازاد کرا. بەو شێوەیە ئەو پۆلیسە کە هاووڵاتییانی ئەشکەنجە کردبوو و ڤیدیۆی ئەشکەنجەکەى لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکردبووە بەبێ سزا دەرچوو.

لە ساڵی ٢٠١٩دا لە کاتی ئۆپراسیۆنی داسەپاندنی قەیومێکی ئاکەپەدا بەسەر شارەوانیدا، پۆلیسەکان چوونە چایخانەیەک لە شەقامی سانات لە وان و دەستیان بە لێدانی هاووڵاتییەک بە ناوی فرات کۆچ کرد، کە ئەو هاووڵاتییە نەخۆشیی شیزۆفرنیای (نەخۆشیی دەروونیی) هەبوو. داواکاری گشتیی کۆماریی دەوڵەتی تورک لەوان بەئامادەکردنی پاساونامەیەک رایگەیاندبوو، فرات کۆچی نەخۆشی شیزۆفرنیا 'ئەندامی رێکخستنە و بە ناوی رێکخستنەوە تاوانی ئەنجامداوە' و 'دژ بە یاسا کۆبووەوتەوە و سەرباری ئاگادارکردنەوەشى بڵاوەی نەکردووە' و لەبەر ئەوەش لە لایەن داواکاری گشتییەوە سکاڵای لە دژ تۆمار کرا.

'ئەو هاووڵاتییانەى سەرقاڵی لەوەڕاندنی مەڕەکانیان بوون لە کۆپتەرەوە هەڵیاندانە خوارەوە'

دوای روودانی شەڕ لە ناویەى شاخێ لە پارێزگای وان، هێزە تایبەتەکانی جەندرمە ٢ هاووڵاتییان بە ناوەکانی س. ت و ئۆ.ش دەستگیرکرد، کە سەرقاڵی لەوەڕاندنی مەڕەکانی خۆیان بوون و دەستیان بە ئەشکەنجەدانیان کرد و ئەوانیان برد بۆ ناو کۆپتەر و لە کۆپتەر لە ئاسمانەوە هەڵیاندانە خوارەوە. دوای ئەوەى پەردەی شاردانەوەى رووداوەکە تێکشکا و رووداوەکە بۆ رای گشتی بڵاوکرایەوە، پارێزگاری وان راگەیاندراوێکى فەرمیی بڵاوکردەوە. پارێزگار رایگەیاند، ئەو هاووڵاتییانە لە کۆپتەر خراونەتەخوارەوە و دەست بە لێکۆڵینەوەش لە رووداوەکە کراوە.

تەیب تەمەل و موراد ساریساج و موعەزەز ئۆرهان پەرلەمانتارانی هەدەپە لە پەرلەماندا هەڵدانەخوارەوەی هاووڵاتییانیان لە کۆپتەر کردە پرۆژە پرسیار و ئاراستەى سولەیمان سۆیلو وەزیری ناوخۆی دەوڵەتی تورک-یان کرد، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ وەڵامێک بەو پرۆژە پرسیارە نەدراوەتەوە.

ساریساچ: سەد لە سەد لە وان رێگا بۆ ئەشکەنجەدان کراوەتەوە

موراد ساریساچ پەرلەمانتاری هەدەپە لەبارەى ئەشکەنجەدانی هاووڵاتییان لە وان وتی، "سەد لە سەد دەرگا بە رووی ئەشکەنجەداندا لە وان کراوەتەوە. ئەشکەنجەدان گەیشتووەتە ئاستێک کاتێک هاووڵاتیاین دەچن بۆ کۆکردنەوەى کارگ ئەشکەنجە دەکرێن، بەڵام دادگای بڕیاری ئازادکردنی ئەشکەنجەکەرەکانی دەرکرد و دۆسیەکەشی داخست.

ئێستاش بابەتی خستنەخوارەوەی هاووڵاتییان لە کۆپتەر و ئەشکەنجەدانی هاووڵاتییان هاتووەتەوە رۆژەڤ و هەڵدانە خوارەوەی هاووڵاتییان لە کۆپتەر پشتڕاست کراوەتەوە. لەم ساڵانەی دوایدا لە وان رووداوەکانی ئەشکەنجەدانی هاووڵاتییان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە زیادیکردووە. ساڵی رابردوو گەنجێکیان ئەشکەنجە کرد، کە نەخۆشیی دەروونیی هەبوو و بە بەرچاوی کامێراکانەوە گەلە کۆمەکیی لێکرا و ئەشکەنجە درا.

کارەکانی وەزیری ناوخۆی تورکیا لەگەڵ دەستووری بنەڕەتیدا یەکناگرنەوە و دژ بە دەستوورن. وەزیری ناوخۆ هەموو یاسا و مافەکان پێشێل دەکات. ماوەیەک لەوە پێش رایگەیاندبوو 'قاچی فرۆشیارێکی ماددەی هۆشبەریان شکاندووە'. فەرمانی "بێ رەحم و بێ بەزەیی" بۆ هێزە ئەمنییەکان دەرکردووە. عەقڵییەتی پێشێلکاری یاسا و مافەکان وەک چەتەکان هەموو رۆژێک لە شوێنێکدا خۆیان نیشان دەدەن و پێشێلکاری و ئەشکەنجە و تاوان دژ بە هاووڵاتییان ئەنجام دەدەن و ئەوش دۆخێکی زۆر ترسناک و تۆقێنەرە".

ژ.ت