ئەمجارەشیان، ژنانی ڕاگەیاندنکار و بەڕێوەبەرە نەخۆشەکانیان!

هەندێک دۆسیەی تر هاتەبەرباس، کە ژنانی ڕاگەیاندکار قوربانیی دەستی بەشێک لە بەرپرسانی دەزگا ڕاگەیاندنەکانیشن، پێش بەرپرسانی حزبیی و حکومیی و گێچەڵی جۆراوجۆریان پێ دەکرێت.

هەروەکو چۆن بیرە نەوت و داهاتی ناشەفاف پێویستی بە میدیای گەورە هەیە بۆ سپیکردنەوە، هەروەکو چۆن دەزگای سیخوڕیی و داپڵۆسین و ئەشکەنجەدان و تیرۆر و تۆقاندن پێویستی بە هێزی نا ڕێکخراو و دەسەڵاتێکی دادوەریی گوێڕایەڵ هەیە بۆ پەردەپۆشکردن و هۆنینەوەی سیناریۆ و ونکردنی تاوانباران لەبەرچاوی کۆمەڵگا، بەهەمان شێوەیەش کەسانی گەندەڵ و دز و نەخۆش و لادەریش لە داب و نەریت و بەهای ئینسانی و ئەخلاقیی، پێویستی بە پەیجی ساختە، ماڵپەڕی بێ دایک و باوک و ڕۆژنامەی بێ ئامانج هەیە بۆ پەردەپۆشکردنی لادانەکانی، بۆ نیگا و چاوتێبڕینە ناشیرینەکانی، بۆ دەستدرێژیی و فریودانەکانی.

دوای بڵاوکردنەوەی وتارێکمان بەناونیشانی 'مایکی ژنانی ڕاگەیاندنکار و نیگای بەرپرسە نەخۆشەکان !' کە کۆمەڵێک موعاناتی ڕۆژنامەنووس و پەیامنێری ژنمان خستەڕوو بەدەستی کۆمەڵێک  بەرپرسی (نەخۆش و لادەر)ی ئیداریی و حزبیی، هەندێک دۆسیەی تر هاتەبەرباس، کە ژنانی ڕاگەیاندکار قوربانیی دەستی بەشێک لە بەرپرسانی دەزگا ڕاگەیاندنەکانیشن، پێش بەرپرسانی حزبیی و حکومیی و گێچەڵی جۆراوجۆریان پێ دەکرێت.

میدیایەک ئامانجی ئەوە بێت ڕەش بکات بەسپی و سپی بە ڕەش، پەیج و ماڵپەڕێک شەهیدێکی ڕێگای ئازادیی بە تیرۆریست ناوببات، دەزگایەک ئەو هێزانە لەپشتیەوە بن، کە هەموو بیرکردنەوەیەکیان بۆ ورد و خاشکردنی شکۆی مرۆڤ بێت، دەیان پلان دابڕێژن بۆ ناشیرینکردنی دەزگا نیشتیمانییەکان، لەهەوڵی جدییدابن دەسەڵاتی دادوەریی ڕۆڵی خۆی نەبینێت، کار لەسەر پڕکردنی خەزێنەکانی خۆیان و برسیکردنی زیاتری خەڵک بکەن، هەرچی ئەدەب و ئیتیکی ڕۆژنامەگەرییە بیخەنە ژێر پێ، تەلەفزیۆنێک کلتور و فەرهەنگی نامۆ بەم کۆمەڵگایە بهێنێتە ماڵەکانمان و بیکاتە بەرنامە و کاری سەرەکیی خۆی، دەزگایەک لە بودجەی دزراوی خەڵک پارەی بۆ هەڵڕێژرێت بۆ خزمەتی دووژمنانی کوردستان. بێگومان هەڵسوڕێنەران و سەرپەرشتیارانیان ناتوانن نمونەیەکی جوانتر و باڵاتر لە خاوەنەکانیان نیشانی دەوروبەرەکەیان بدەن.

دیسانەوە دەیڵێینەوە، دەستبردن بۆ برینەکان بە ئامانجی دۆزینەوەی هەتوان و ساڕێژکردنیانە، نەک پاشەکشە و دوورکەوتنەوە، لەنێو ئەو هەموو بێسەروبەرییەدا، لەم سیستمی چەتەگەرییەدا، لەناو ئەو هەموو مرۆڤە نەخۆش و لادەرەدا، تەنها کۆڵنەدان و ئیرادە و بەرەنگارییە دەتوانێت بەر بگرێت بە دەیان دیاردە و حاڵەتی ناشیرین و قێزەونتر، تەنها بەردەوامییە دەتوانێت بەربەست بێت لەبەردەم مەرامە گڵاوەکانیان.

 نابێت ئەوەشمان بیر بچێت لە مێژووی ڕاگەیاندنی کوردییدا ناوبانگی چەندین ژنمان بیستووە، چەندین ژنمان دیوە و ناسیوە و هەن، کە خۆیان و دەزگاکەیان، چونکە بەرژەوەندییە نیشتیمانیەکانیان، پرەنسیپە ئینسانی و ئەخلاقیەکانیان، ئەدەب و ئیتیکی ڕۆژنامەنووسییان، بەرژەوەندیی گشتیی کۆمەڵگاکەیان، لەسەرووی هەموو شتێک و کەسێکەوە بووە و هەیە، نمونەیەکی باڵا و جوانن لەناو دنیای ڕۆژنامەگەریی و هێزێکیشن بۆ ژنان و ئازادیی، بۆیە با بە باوەڕبەخۆبوونەوە بەڵێنیی بەردەوامیی و کۆڵنەدان بدەین.

ژ.ت