ئەندامێکى داعش لە سوید تاوانی ئەنجامدا و داوایکرد خەڵات بکرێت!

ئەو ئەندامەی داعش کە لە سوید تاوانی کرد، لە جیاتی سزا، داوای خەڵاتی کرد. دادگا بەهۆی تاوانەکەی ١٥ ساڵ و ١٠ مانگ سزای زیندانیکردنی بۆ بڕییەوە.

موراد كوسه‌یری/ ستۆكهۆلم

موباشیر قادر لە ساڵی ٢٠٠٣دا لەگەڵ براکانی لە ئۆرەبیرۆی سویدەوە چوونە سوریا. دوو برای لەناو ڕیزەکانی چەتەکانی داعشدا مردن، ئەمیش لە پشتییەوە بریندار دەبێت.

بەهۆی ئەو تاوانانەی قادر لە سوریا کردوویەتی، هیچ لێپرسینەوەیەکی لەگەڵ نەکرا. قادر لە ساڵی ٢٠١٥ بەهۆی توندوتیژی دژی خوشکەکەی سزا درا.

ساڵی ڕابردوو لە مانگی حوزەیراندا، لە ئۆرەبیرۆ لەنێوان دوو چەتەی تاوانباردا شەڕ دروست بوو. قادر بە مقەست کەسێکی تەمەن ٢٠ ساڵی کوشت.

قادر ڕایگەیاند، بۆ ئەوەی ئەو کەسە زیان بە کەسانی دیکە نەگەیەنێت کوشتویەتی و وتی: "لە جیاتی ئەوەی بە ئەنجامدانی تاوان سزام بدەن، دەبێت خەڵاتم بدەنێ. من خەڵکم ڕزگار کرد. مافی خەڵاتم هەیە".

بەهۆی تاوانەکەوە دادگا ١٥ ساڵ و ١٠ مانگ سزای زیندانیکردنی بەسەردا سەپاند.

ئەندامانی داعش لە سوریا دەگەڕێنەوە، دادگایی ناکرێن

بەپێی لێکۆڵینەوەکانی پۆلیسی ئاسایشی سوید، نزیکەی ٣٠٠ کەس لە سوید چونەتە سوریا و بەشداری داعش بوون. هەندێکیان کوژراون، بەڵام مەزەندە دەکرێت ١٠٠ کەسیان گەڕابنەوە. نزیکەی ٣٠ ئەندامی داعشی هەڵگری ڕەگەزنامەی سوید ئێستا لەدەست یەپەگە و قەسەدە دان.

هەتا ئەمڕۆ دۆسیە بۆ ٢ ئەندامی داعش کراوەتەوە، ئەویش بەهۆی تاوانی کوشتنەوە سزا دراون نەک ئەو کارانەی لەناو داعش کردوویانە.

حکومەتی سوید پێشنیازی کردبوو بۆ  ئەندامانی داعش کە لەدەستی یەپەگەدان، دادگاییەکی نێونەتەوەیی دابمەزرێنرێت، بۆ دادگاییکردنی ئەندامانی داعش کە گەڕاونەتەوە سوید دادوەران دەستیان بە کار کردووە.

بۆ لێکۆلینەوە لەو پرسە، ٤ دادوەر ئەرکدار کراون. لە کۆبوونەوەی هاوبەشی دادوەرەکاندا ڕەنا دەڤگون ڕایگەیاند، ڕووخانی داعش هیوایەکی دروست کردووە و ئەوان لە جینۆسایدی ئێزدییەکانیش دەپێچنەوە. دەڤگون وتیشی، بۆ ئەوەی تاوانبارەکان ڕابکێشێنرێنە بەردەم دادگا بەڵگە کۆ دەکەنەوە، شوێنێکیش بۆ وتەی شاهێدەکان لەبەرچاو دەگرن لە دۆسییەکاندا.

دەڤگون ڕاشیگەیاند، ئەندامانی داعش بە تاوانی شەڕ، قڕکردن و تیرۆر دادگایی دەکرێن و تاوانەکانی کوشتن، ئەشکەنجە، دەستدرێژیکردن، سزای هەتاهەتاییان بۆ دەبڕێتەوە.

دەڤگون بۆ وەڵامی ئەو پرسیارەی، ئاخۆ ئەوان بۆ دادگاییکردنی ئەندامانی داعش تا ئێستا پەیوەندیان بە یەپەىگە و قەسەدەوە کردووە، وتی: "ئەوە مەسەلەیەکی تایبەتە".

ئێمەش ڕامانگەیاند، هەتا پەیوەندی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی باکوری سوریا دروست نەکەن، ناتوان دەستیان بگاتە بەڵگەکان.

ژ.ت