بایک: ئامانجی سەرەکی هەڵوەشاندنەوەی فاشیزمە – بەشی سێیەم

جەمیل بایک رایگەیاند، ئامانجی بنەڕەتیی سەردەمی داهاتوو؛ هەڵوەشاندنەوەی فاشیزم و بەدیموکراتیکردنی تورکیایە. ئەو دروشمە، کە هەموو هێزە دیموکراسییەکانی تورکیا بگەیەنێتە یەک 'فاشیزم هەڵدەوەشێنین، تورکیا بەدیموکراتی دەکەین'ە.

جەمیل بایک هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەریی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە - KCK) لەبارەی ئەو چاوپێکەوتنانەی لەگەڵ رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ئەنجام دران، هەڵبژاردنەکانی ئەستەنبۆڵ و هەڵمەتی "کۆتایی بە گۆشەگیری دێنین، فاشیزم تێکدەشکێنین، کوردستان ئازاد دەکەین"، وەڵامی پرسیارەکانی ئێمەی دایەوە.

      - بینالی یلدرم چەند رۆژ لەوە پێش چووە ئامەد و باسی کوردستانی کرد. باسی لە یەکەم ئەنجوومەنی مەبعوسان (پەرلەمانى ئەو کاتی تورکیا) کرد، کە نوێنەرە دانراوەکانی کوردستان، لازیستان-ی تیادا بووە.هەروەها باسی کۆمەڵکوژیی دێرسیمیشی کرد. باسی لەوە کرد کە لەو کۆمەڵکوژییەدا جەهەپە بەرپرسیار بووە. ئێوە ئەوە چۆن هەڵدەسەنگێنن؟ بینالی یلدرم بۆچی لەناکاو دەچێتە ئامەد و بەو شێوەیە قسە دەکات؟

   - منداڵێکیش لە قسەکانی بینالی یلدرم تێدەگات. بۆچی چوو لە ئامەد قسەی کرد؟ بۆچی پێش هەڵبژاردنی ئیستەنبول قسەی کرد؟ هەموو کەس تێدەگات. بۆ تێگەیشتن لەوە پێویست ناکات مرۆڤ سیاسەتمەدارێکی شارەزا بێت. ئەو کەسانەی لە گەڕەکێک، لە چایخانەیەک، لە ماڵێک، لە کۆڕێک بن دەزانن ئەو قسەیە بۆ هەڵبژاردنی ئیستەنبولە. بۆ فریودانی کوردانە، بۆ بەدەستهێنانی دەنگی کوردانە.

 گەلۆ ئەوانە ئەوەندە عەقلی کوردان بە کەم دەبینن؟ کورد بە نەزان دەبینن. بە سووکی سەیری کورد دەکەن و گاڵتەیان پێ دەکەن. کاتێک تۆ هێرش دەکەیتە سەر پەرلەمانتاران، کە لە پەرلەمان دا وتیان کورد - کوردستان، کاتێک تۆ قسەی ناشیرینیان پێ بڵێی، کاتێک تۆ نەهێڵیت کەس باسی کورد و کوردستان بکات، بەڵام دواتر خۆت لە ناکاو دەڕۆیت بۆ ئامەد و دەڵێیت، کوردستان. لە کاتی سەرۆکایەتیی بینالی یلدرم لە پەرلەمان دا بە شێوەیەکی ئاشکرا و روون وتیان 'وتنی کورد و کوردستان قەدەغەیە'. سزای دەرکردنی پەرلەمانتارانیان لە پەرلمان بۆ پەرلەمانتارەکان دەرکرد. ئەو شتانە لە کاتی سەرۆکایەتیی تۆ لە پەرلەمان روویاندا، بەڵام دوای ئەوانە بچی لە ئامەد باسی کوردستان بکەی، کێ تۆ بە جدی دەبینێت؟

ماوەیەک لەمەوبەر ئەردۆغان پێش هەڵبژاردنی ٣١ی ئاداری ٢٠١٩ / ١٠ نەورۆز (خاکەلێوە) وتی 'کوردستان نییە، ئەوانەی دەڵێن کوردستان، با بڕۆن بۆ عێراق'. پەرلەمانتارە ژنەکەی ئاکەپە، کە گوایە یەکێکە لە پەرلەمانتارە لیبرالەکانیان و  جێگری سەرۆکایەتیی پەرلەمان بوو، پرسیی کوردستان لە کوێیە؟ ئەو کاتە لە میدیاکانیاندا هێرشی زۆر کرایە سەر عوسمان بایدەمیر.

 ئێستاش لە هەر شوێنێک ئەو تابلۆیانەی لەبارەی کوردبوونەوەن لایان دەبەن. دەیانەوێت هەموو ئەو بابەت و شتانە، کە بەناوی کوردستانەوە بیانسڕنەوە، بەڵام بینالی یلدرم بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەستەنبۆڵ دەڵێت، کوردستان و پێدەچێت بیەوێت بەو شێوەیە بتوانێت دەنگی کوردان وەرگرێت، گەلۆ ئەوە قبوڵە؟

 لە لایەکی دیکەوە دەڵێت، جەهەپە لە دێرسیم کۆمەڵکوژیی کرد، بەڵام هەر ماوەیەکى نزیک و لەوە پێش ئەنجوومەنی شارەوانیی دێرسیم بڕیاری دا تابلۆی 'دێرسیم' هەڵبواسێت، بەڵام میدیاکانی ئەکەپە لەدژی ئەوە ناڕەزاییان دەربڕی. وەزیرەکانی دەسەڵاتی ئاکەپە، پارێزگار و داواکاریی گشتییان خستە جموڵە. دێرسیمیان کردە ئامانج. یانی تەنها لەبەرئەوەی وشەی دێرسیمی بەکارهێنا، لەدژی دێرسیم دەستیان بە سەفەری و هێرشێکى هەمەلایەنەی دیکەیان کرد. بنیالی یڵدرم و ئەوانەى عەقڵی پێدەدەن لەناو ئەو راستییانەدا ناتوانێت بە وتنی کوردستان لە ئامەد، ناتوانێت بە دوو وشەی کوردی کەس بخەڵەتێنێت.

 کاتی خۆیشی دۆغان گیورەش، کە بەرپرسیاری شەڕی چەپەڵی ساڵانی ١٩٩٠ی کوردستانە، چووە شەڕنەخ  و بە کوردی دوو قسەی کردبوو. کورد ئەوە بە بینالی یلدرم دەڵێت؛ ١٧ ساڵە تۆ لەسەر دەسەڵاتی، ئەو کارەی تۆ کردووتە چییە؟ جگە لە زوڵمکردن لە کورد، جگە لە دەستگیرکردنی سیاسەتمەدارانی کورد، جگە لە ئەشکەنجەدانی کوردان، تۆ چیت کردووە؟ ئەو هەموو پەرلەمانتار، هاوسەرۆکانی شارەوانی بۆ زیندانیکران؟ تۆ بۆچی ئیرادەی کوردان بە نەبوو دەبینی. لەم ٦-٧ ساڵەی دوایدا بۆچی چوون بۆ کوێستانەکان لە هاووڵاتییانى کوردستان قەدەغەکراوە. بۆچی هەموو رۆژێک لە هەندێک لە شارۆچکەکان دا هاتوچۆکردن لە هاووڵاتییان قەدەغەیە، چوونە چیاکان قەدەغەیە، ١٠ شاری کوردان خاپوور کران و سوتێندران. عەفرین داگیر کرا، ئەوەی ئەوانەیان کرد دەسەڵاتی ئاکەپە نەبوو؟ ئەو دەسەڵاتە دەیەوێت کورد لە رەگەوە هەڵکەنێت و بیسڕێتەوە، بۆیە کەس قسەکانی بینالی یلدرم بە جدی نابینێت.

 قسەکانی سەرۆکی گشتی ئاکەپە تەیب ئەردۆغان لە بەرچاون. ئاشکرایە کاتێک ئەو سەرۆکی پەرلەمان بوو، ئەوانەی لە پەرلەمان وتیان کورد و کوردستان چیان بەسەر هات، چ سووکایەتییەکیان پێ کردن، بۆیە ئەوەی ئێستا کراوە پڕوپاگەندەی بێنرخە، چونکە کاتێک ئەوەیان بینی؛ نەک تەنها لە ئیستەنبول، بەڵکو کورد وایکرد لە ئەنتالیا، مێرسین، ئەدەنە، هاتای، ئەنقەرە، واتە لە شارە گەورەکانی تورکیا ئاکەپە تێکبشکێت. لەبەر ئەوەش بردنەوەی شارەوانیی ئەستەنبۆڵ بۆ ئاکەپە زۆر گرنگە. هەڵبژاردنەکانی ئەستەنبۆڵیش زۆر گرنگن. بۆ ئەوەش لەو هەڵبژاردنەدا سەربکەون هەموو شتێک دەڵێن. بۆ سەرکەوتن هەموو درۆیەک دەکەن. بۆ بردنەوە دەتوانن، بڵێن دەریایش دەهێنینە ئامەد. سبەینێ ئەردۆغان دەتوانێت هەستێت و دەست بە درۆ بکات، هەندێکی تریش درۆ بکەن، چونکە لە دەسەڵاتی ئاکەپەدا چی نەوترا، چی لەبیر نەکرا!

      - لە کاتی بەرخوداندا نامەی زیندانییەکان، پەیام و نووسینەکانیان بڵاو کرانەوە. گەلۆ ئێوە دەرفەتتان هەبوو چاودێرییان بکەن. کاتێک دڵسۆزیی و بڕیاری خۆیان نیشان دەدا و رەخنەیان لە خۆیان دەگرت و رەخنەشیان دەگرت، بەتایبەتی لە بابەتی رێکخستنی کۆمەڵایەتی و چالاکییەکاندا رەخنەیان دەگرت. هەندێک رەخنەیان لە کادیرەکانی دەرەوە هەبوو. ئێوە ئەوە چۆن دەیبینن؟

   - بەتایبەتی ئەو رەخنانەی زیندانییەکان لە بابەتی رێکخستنی ناو کۆمەڵگە و تێکۆشانی نێو کۆمەڵگە لەسەر حەقن، چونکە وێڕای ئەوەی بەرخودانێکی گەورەیان نیشان دا، وێڕای ئەوەی گۆشەگیرییەکی قورس لەسەر رێبەرایەتی هەبوو، وێڕای ئەوەی دەسەڵاتی ئاکەپە لە کوردستان سیاسەتی پاکتاوکردن و سڕینەوەى بەڕێوە برد، عەفرینی داگیر کرد و هەڕەشەی لە باکوری سوریا کرد، وێڕای ئەوەی لە دژی باشووری کوردستان ، هەرێمەکانی پاراستنی میدیا هێرشی داگیرکاریی کرد، لە باکوری کوردستان هەم لە گۆڕەپانی سیاسی و هەم لە تێکۆشانی ناو کۆمەڵگادا رێکخستن کەموکوڕی هەبوو و پێڕانەگەیشت.

هەربۆیە رەخنەی هاوڕێیانی زیندان لەوانەی سەر گۆڕەپانی سیاسی، رێکخستنی ناو کۆمەڵگە و چالاکییەکانی ناو کۆمەڵگە رەوایە. رێبەر ئاپۆ لە چاوپێکەوتنی پارێزەران و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەیدا رەخنەی لەو کەموکوڕییە گرت. بەشێوەیەکی ئاشکرا ئاماژەی بەوە کرد، کە چالاکییەکانی مانگرتن هەتا شوێنێک کاریگەری و ئەنجامی هەیە، بەڵام کارە  بنەڕەتییەکە تێکۆشانی ناو کۆمەڵگەیە، ئەنجامەکانی تێکۆشانی ناو کۆمەڵگەیە. لەبەرئەوە بەرپرسیارێتیی هەموو کەسێکە، کە کەموکوڕییەکانی چالاکی و رێکخستنی کاتی هەڵمەتەکە ببینن، بەپێی ئەوەش رێکخستنەکان و چالاکییەکانیان بەهێز بکەن، بۆ کۆتاییهێنانی گۆشەگیری تیکۆشانی دیموکراتیکبوون پتەو و بەهێز بکەن و لەو چوارچێوەیەدا هاوپەیمانیی فاشیستیی ئاکەپە - مەهەپە تێکبشکێنن. دوای ئەوەی هەڤاڵان لە رۆژووی مردنی گەورەی ١٤ی تەمموزی ١٩٨٢ / ٢٣ی پووشپەڕ شەهید بوون، گەلی کورد و گەریلاکان لە دەرەوە و کادیرەکان بیریان لەوە کردەوە؛ کاتێک هەڤاڵان لە زیندانەکان گیانی خۆیان فیدا دەکەن و لەناو ئەو هەلومەرجە سەخت و قورسانەدا تێدەکۆشن، دەرفەتەکانی ئێمە، کە لە دەرەوە زیاترە پێویستە ئێمە زیاتر تێکۆشانی خۆمان بەهێز بکەین. هەربۆیە دوای بەرخودانی ١٤ی تەمووز/٢٣ی پووشپەڕ لێپرسینەوە لە ناو کۆمەڵگە دەستیپێکرد و ئەوەش گۆڕدرا بۆ رێکخستن و تێکۆشان. هەروەها کادیرەکانی دەروەش وتیان، ئەگەر ئەوانە لە زیندانن هێندە فیداکاریی دەکەن و گیانی خۆیان فیدا دەکەن، دەرفەتی ئێمە لە دەرەوە زیاترن و دەستیان بە تێکۆشانی گەریلایی کرد. لەو چوارچێوەیەدا تێکۆشانی ئازادی بەرەو پێشەوە چوو.

لەم کاتەشدا ئەگەر هەزاران هاوڕێمان لە زیندانەکان دەستیان بە چالاکیی مانگرتن کرد، ئەگەر لەیلا گیوڤەن جەستەی خۆی تواندەوە، ئەو کاتە ئەوانەی لە دەرەوەن، گەنجان، ژنان و هەمووان دەتوانن زۆر زیاتر خۆیان بەرێکخستن بکەن و تێبکۆشن. ئەوەی، کە پێویستە بکرێت ئەوەیە. گوشار و زوڵم دەبێت وەکو بیانوویەک نیشان نەدرێت. لە جیهاندا بەبێ تێکۆشان ئازادی، دیموکراسی، ماف و یاسا بەدەستنەهاتووە. بەبێ قوربانیدان، بەبێ تێکۆشان ئازادی و دیموکراسی بەدەست نایەت. سادەترین مافەکانیش بەبێ تێکۆشان بەدەستنایەن. هەموو پێشکەوتنە دیموکراتییەکان بە تێکۆشان بەدەستهاتوون. لە کام ناوچەی جیهان بێت با ببێت، ئەگەر پێشکەوتنی دیموکراتیک هەبێت ئەو پێشکەوتنە بە تێکۆشان و قوربانیدان ئافرێنراوە.  لەبەر ئەوەش بەبێ ئەوەی سەختی وەکو بەربەست ببینرێت، پێویستە رێکخستنبوون هەبێت، پێویستە بۆ ئازادیی کوردستان و دیموکراتبوونی تورکیا تێکۆشان پەرەی پێبدرێت. خۆی لە خۆیدا هەڵوێستی هاوڕێیان لە زیندانەکان، هەڵوێستی لەیلا گیوڤەن، هەڵوێستی هەڤاڵان لە باشووری کوردستان و ئەوروپا، بانگەوازە بۆ ژنان و گەنجان و هەموو کۆمەڵگە، کە خۆیان بە رێکخستن بکەن. بۆ تێکۆشانی ئازادی و دیموکراسی چالاکییەکان بەهێز بکەن. ئەوانە بۆ تێکۆشانی ئازادی و دیموکراسی بانگەوازی هەڵگرتنی بەرپرسیارییەتییە، بانگەوازی دەستکردنە بە جموجۆڵ.

     - چالاکییەکانی مانگرتن و رۆژووی مردن کۆتایی هات، بەڵام ناڕەحەتى و گرفت و لەمپەر بۆ چارەسەرکردونیان دروست دەکرێت. سەرباری ئەوەش راستیی گرتووخانەکانی تورکیا بە بوونی سەدان زیندانیی نەخۆش نەگۆڕاوە و وەک خۆی بەردەوامە. لە کاتی 'قۆناغی دیالۆگ' یشدا لە بابەتی زیندانییە نەخۆشەکاندا هەنگاو نەنرا. گەلۆ هۆکاری ئەو هەڵوێستەی دەوڵەتی تورک چییە؟

  - پرسیارێکی گرنگە، بەڕاستیش ئەوە کارەکتەری دەوڵەتی تورک بە شێوەیەکی کراوە دەخاتە بەرچاو. ساڵی ٢٠١٣ وێڕای ئەوەی، کە ئێمە پۆلیس و سەربازی دیلکراوەکانمان ئازاد کرد، بەڵام دەوڵەتی تورک زیندانییەکی نەخۆشیشی ئازاد نەکرد. ئەگەر بەڕاستیش دیالۆگە و چارەسەرییەک هەبوایە دەکرا ئەوە کرابا. خۆی لە خۆیدا بە ئەنجامنەدانی ئەو کارە سەلمێنرا، کە دەسەڵاتی ئاکەپە جدی نییە لە قۆناغەکەدا. راستییەکە ئەوەیە، کە یەک دوو مانگ دوای ساڵی ٢٠١٣ ئاشکرا بوو، کە دەسەڵاتی ئاکەپە خاوەن سیاسەتی چارەسەری نییە و راستگۆ و جدیش نییە. وێڕای ئەوەی ئێمە هێزە سەربازییەکانی خۆمان کشاندەوە و سەربازە دیلکراوەکانمان ئازاد کرد، بەڵام دەسەڵاتی ئاکەپە هەنگاوێکی نەنا، هەروەها وتیان 'دەڕۆن با بچن هەتا دۆزەخ' لەو کاتەدا زۆرێک لە خەڵکی دەورووبەر بانگەوازی ئازادکردنی زیندانییە نەخۆشەکانیان کرد، بەڵام دەسەڵاتی ئاکەپە لەو بابەتەوە هەنگاوێکی نەنا.

هۆکارەکەشی ئەوەیە، کە سیاسەتی دەوڵەتی تورک لەبارەی کوردەوە زیندانیکردنە. خۆی لە خۆیدا زیندانیکردنی هەزاران سیاسەتمەدار و توندکردونیان لە زیندانەکان ئەنجامی ئەو تێڕوانینەی دەسەڵاتی ئاکەپەیە بەرامبەر بە کورد، ئەنجامی دوژمنایەتیکردنی کوردە. دەسەڵاتی ئاکەپە گۆڕدراوە بۆ دەسەڵاتێکی پاشکەوتوتر لە عەقڵیەت و دەسەڵاتى کودەتاى سەربازیی ١٢ی ئەیلولی ١٩٨٠، بەڵام لە دەسەڵاتی ١٢ی ئەیلولدا هەندێک نەریتی دەوڵەتداری بەردەوام بوون. لانیکەم هەوڵیان دەدا بەپێی یاساکانی خۆیان بجوڵێنەوە، بەڵام لە دەسەڵاتی ئاکەپەدا دوژمنایەتییەکی وشک و تووند هەیە. عەقڵیەتی تۆڵەکردنەوە هەیە. لەشەڕیشدا لایەنەکانی شەڕ رێز نیشانی یەکتر دەدەن، بەڵام لە دەسەڵاتی ئاکەپەدا هەڵسوکەوت و رەفتارێکى لە جۆرەش بوونی نییە. لە دوایینترین نمونەدا، لە خەلفەتی دوای کوشتنی پۆلیسێک دەستیان کرد بە تیرۆرکاری، کە ئەوەش عەقلیەتی ئاکەپە دەخاتەڕوو. بۆ تۆڵەکردنەوە، ژنان، پیاوان و گەنجانیان ئەشکەنجە دا. دەوڵەت توندوتیژیی ئەنجامدا. لە گرتووخانەکانیش تۆڵە دەکاتەوە. ئەو سزایانە، کە دادگاکان بۆیان دەبڕنەوە لەئاست تۆمەتەکانیان دا نییە. لە هەموو شوێنێک گوشار دەخەنە سەر زیندانییەکان و زوڵمیان لێ دەکەن. بە چارەسەرنەکردنی زیندانییەکان تۆڵە دەکەنەوە. راستییەکی بەو شێوەیەی دەوڵەت لە بەرامبەر ئێمەدا هەیە.

دەسەڵاتی ئاکەپەش لەناو ئەو راستییەی دەوڵەتدا خۆی توندتر و دژوارتر کردووە و بووەتە خاوەن کارەکتەرێکی زۆردار و ملهوڕ. دەتوانین ئەوە بڵێین؛ دەسەڵاتی ئاکەپەی گۆڕیوە بۆ دەسەڵاتدارییەک، کە سیاسەتەکانی زوڵم و گوشاری لە تورکیا و لەناو خۆیدا پێکەوە بەستووەتەوە. ئەو سیاسەتەی ئێستا لە کوردستان و هەم لە دەرەوە و هەم لە زیندانییەکان بەڕێوە دەبردرێن بەو شێوەیەیە. خۆی هەرچی دوژمنی کورد هەیە پشتگیریی ئاکەپە دەکات. مەهەپە بۆچی ئەوەندە پاڵپشتیی ئاکەپەی کرد؟ بۆچی ئەو هێزانەی کە لە دوژمنایەتیی کورددا خۆیان سەلماندووە چوونەتە پاڵ ئەردۆغان؟ چونکە ئەردۆغان بە نوێنەری خۆیان دەزانن. هەندێک نەتەوەپەرست، کە پێشتر پشتگیریی جەهەپەیان دەکرد ئێستا پشتگیریی ئاکەپە دەکەن. دەڵین 'جەهەپە لەگەڵ تیرۆریستەکان لە یەک ریزدایە' بۆچی، چونکە دەسەڵاتی ئاکەپە دوژمنایەتیی لەگەڵ کورد زۆر قووڵ کردووەتەوە. ئەوەى، کە لە مەهەپە نەوەشێتەوە، یان بەوان نەکرێت، ئاکەپە لە ئاستێکی بەرز و زیاتر لەوان دوژمنایەتیی کوردی کرد. ئەوەی، کە هێزێک بە ناوی ئەرگەنەکۆن نەیتوانی ئەنجامى بدات، ئاکەپە کردی و گەیاندییە ئاستێکی بەرز. لە زیندانەکانیش بە تۆڵەکردنەوە ز بە رق دەیکات. لەبەر ئەوەش بەڕاستی دەسەلاتی ئاکەپە لە ناو رەفتار و نزیکایەتییەکى سیاسیی مەترسیداردایە و هیچ بەهایەک ناناسێت. سیاسەتیشی لە رێچکەکەی بەلاڕێدا بردووە. تەنانەت عەقڵیەتی 'دەکرێت هەموو شتێک ئەنجام بدرێت'یشی تێیپەڕاندووە. هەر بۆیە ئەو سیاسەتە لە کەسایەتیی زیندانییەکاندا، کارەکتەری ئەو دەسەڵاتە نیشان دەدات.

        - پارێزەران دوو چاوپێکەوتنیان لەگەڵ ئۆجالان کرد، ٣٠ ئایاری ٢٠١٩ / ٩ی جۆزەردان جارێکی دیکە داوای دیداریان کرد، بەڵام وەڵامی ئەرێنیان پێنەدرایەوە، بەڵام بڕیار درا بنمەماڵەکەی ئۆجالان ببینن. لەو چاوپێکەوتنانەدا هەندێک خاڵی پێوانەیى هەیە کە نەگۆڕاون. سێ پێناسەی 'رێککەوتنی کۆمەڵگەیی'، 'دانوستانی دیموکراتی' و 'هێزی نەرم' بۆ کێیە و بەردەنگی ئەوانە کێن؟

   - رێبەرایەتی لەو چاوپێکەوتنانەدا رایگەیاند، پابەندە بە جاڕنامەی نەورۆزی ٢٠١٣ و لەو چوارچێوەیەدا جارێکی دیکە ئاماژەی بەوە کرد، کە دەبێت پرسەکانی تورکیا چارەسەر بکرێن. رێبەرایەتی لە زینداندا هەمیشە ئەو تێڕوانینە نیشان دەدات. دەیەوێت لە چوارچێوەی دانوستانی دیموکراتیکدا و لەسەر بنەمای بەدیموکراتیکبوونی تورکیا پرسەکان چارەسەر ببن، چونکە هەڵسوکەوت و رەفتاری رێبەرایەتی بۆ چارەسەریی پرسی کورد ئاشکرایە. لەناو سنوورەکانی تورکیادا چارەسەرییەک بە دانوستانی دیموکراتیک. دەڵێت، لەو بابەتەدا قووڵتر بووەتەوە. بۆیە رێبەرایەتی پەیامی دایە گەلانی تورکیا و رای گشتیی جیهان. لەبەرئەوەی لەو ٣ - ٤ ساڵی ئەمدواییدا، دەسەڵاتی ئاکەپە لەگەڵ مەهەپەدا لەبارەی رێبەر ئاپۆ، بزووتنەوەی ئازادیی کورد، سیاسەتی دیموکراتیکی کورد، لەبارەی کوردانەوە وتی 'خراپترین دوژمنی تورکیا' بەو شێوەیە هەوڵی دا کەشێک بخولقێنێت.

لەناو گەلی تورکیادا بۆ چارەسەریی کێشەی کورد هەندێک پێشکەوتن هەبوون، لەو بابەتەدا هەندێک رەفتاری نەرم هەبوون. بەڵام دەسەڵاتی ئاکەپە بەو قسانەی ئەم ساڵانەی دوایی، بە سیاسەتەکانی خۆی ئەوەی لەناوبرد و سیاسەتێکی وەهای بەڕێوەبرد، کە ئیتر کەس نەما باسی دیموکراتیکبوونی تورکیا و کێشەی کورد بکات. وای لێهات کاتێک مرۆڤ بیەوێت باسی دیموکراسی و پرسی کورد بکات، دەبێت بوێرییەکی گەورەی هەبێت. بە چاوترساندن هەوڵیان دا بیروڕای لەو شێوەیە لە مێشکی مرۆڤەکان دا بسڕنەوە. رێبەر ئاپۆ دەرفەتی ئەو دیدارە، کە بەرخودێرانی زیندان خوڵقاندیان، هەڵیسەنگاند و لە رێگەی پارێزەرەکانییەوە جارێکی دیکە نیشانی دا، کە ئەو، بزووتنەوەی ئازادی و گەلی کورد بە چ شێوەیەک لە دیموکراتیکبوونی تورکیا و پرسی کورد دەڕوانن. خواستی کێشىەی کورد لەناو سنوورەکانی تورکیا بە رێککەوتنی دیموکراتیک چارەسەر بکات. گەلانی تورکیا جارێکی دیکە بە شێوەیەکی کراوە بینییان پرۆژەی رێبەر ئاپۆ بۆ تورکیا چییە، بۆ پرسی کورد چارەسەرییەکی چۆنی دەوێت، رێبەر ئاپۆ کەسایەتییەکی چۆنی سیاسییە، بزووتنەوەی ئازادیی کورد بزووتنەوەیەکی چۆنە.

وتیان؛ رێککەوتنی کۆمەڵگەیی زۆر گرنگە. دەسەڵاتی ئاکەپە کۆمەڵگەی زۆر لەدژی یەکتری هانداوە، کە ئەوە لە مێژووی کۆماری تورکیادا هێندە نەبینراوە. بەڵێ، پێشتریش سیاسەت لە دژی کوردان هەبوو و کۆمەڵکوژیی کران. کۆمەڵکوژیى دێرسیم روویدا؛ گوشار و زوڵم هەبوون، بەڵام ئەوە سیاسەتی دەوڵەت بوو، بەڵام دەوڵەت نەیتوانی لە ئاستی کۆمەڵگەدا ئەو ئەنجامە بەدەست بهێنێت کە دەیەوێت. جگە لە چەند هێزێکی نەتەوەپەرست، نەیتوانی دەوروبەری ئیسلامی، گەلی تورک، رەنجدەر و کرێکارانی گوندەکانی تورکیا و کورد لە دژی یەکتری هان بدات. لە تورکیا کەسەکان دەنگیان بدایە بە حزبی جیاوازیش لە گەڕەک بەهۆی دەنگدانەوە نەدەبوونە دوژمنی یەکتر. هێندە رقیان لە یەکتری نەدەبوویەوە. لە تورکیا پارتیزانییەکی وەکو ئێستا نەبوو، کارمەندان لە فەرمانگەکانی دەوڵەت، بیرۆکراتی خاوەن بیروڕای جیاوازی سیاسی بە ناسنامەی جیاوازەوە هەبوون، کرێکار هەبوون، بەڵام ئێستا کەسێک بێەوێت ببێتە کارمەند و کرێکار، دەبێت یان ئاکەپە بێت یان مەهەپە. واتە پارچەپارچەبوونی کۆمەڵگە لە تورکیا هیچ کاتێک لەم ئاستەدا نەبووە. رێبەرایەتی باسی لەوە کردووە، کە ئەوە بەکەڵکی تورکیا نایەت، هەم بۆ کورد و هەم بۆ گەلانی تورکیاش باسی رێککەوتنی کۆمەڵگەیی کرد، کە پێش بەو پارچەپارچە بوونە بگرێت.

وەکو تر ئاماژەی بەوەش کرد، کێشەکان نەک بەشەڕ، بەڵکو دەکرێت بە دانوستان چارەسەر بکرێن. ئەگەر کێشەیەک هەبێت دەبێت وتوێژی لەسەر بکرێت و چارەسەر بکرێت. ماف، مافداری، ویژدان، ئەخلاق و بەهای دیموکراتیک هەیە. کاتێک ئەو پێوەرانە بکرێنە بنەما، گەلۆ کام کێشە چارەسەر نابن؟ دەبێت مافی کەس نەخورێت، کەس گوشار لە کەس نەکات. کەس لە کەسی دیکە زیاتر داوای ماف نەکات. هەموو کەس بە مافی خۆی رازی بێت. گەلۆ سەختە مرۆڤ ئەو شتە لەناو ماف، ویژدان، دادپەروەری، مافەکانی مرۆڤ و پێوەرە دیموکراسییەکان بچەسپێنێت؟ لەو رووەوە رێبەر ئاپۆ باسی دانوستانە دیموکراتیکەکانی کرد.

  بابەتی هێزی نەرمیش لەم ١٠ ساڵانەی دواییدا زۆر بەکار دێت، چونکە شەڕ زۆر زیان دەگەیەنێت، بۆ ئەوەی شەڕ نەبێتە کەرەستەیەک بۆ چارەسەرکردن و دوای جەنگی جیهانیی دووەم رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، میدیا و هەندێک هێز گوشاریان خستە سەر سیاسەت و ویستیان کێشەکان چارەسەر بکەن. تێڕوانین و نزیکایەتییەک بە شێوەی 'دیموکراسیی بەکۆمەڵ' هاتەگۆڕێ. لەم ١٠ ساڵەی دوایدا هێزی نەرم کەوتە سەر زاران و ئەویش جۆرێکە لە هێزی میدیایی، کولتووری، ئابوری، بیروڕایی و بیرمەندیی (ئینتەلەکتویل) و هاتەپێشەوە و دەیەوێت کێشەکان بەبێ شەڕ و توندوتیژی چارەسەر بکات. رێبەر ئاپۆ کاتێک وتی هێزی نەرم، مەبەستەکەی رێکارەکانی دەرەوەی توندوتیژی و هێزە. رێکخستنەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، رێکخستنەکانی ژنان، واتە ئەو هەموو هێزانە وەکو هێزی نەرم دەبینێت، کە دەتوانێت کاریگەری لە رێکارەکانی دەرەوەی شەڕ بکەن. دەیانەوێت چارەسەری بەو هێزە نەرمە؛ هێزی میدیا، کولتور، هونەر، وێژە و بیروڕا بکرێت. رێبەر ئاپۆ بە وتنی عەقڵ، کولتور، سیاسەتی دیموکراتیک نیشانی دا ئەو هێزە چییە.

ئێستاکە بەشێک لە هێزی نەرمیش میدیایە. ئەگەر میدیا راست بەکار بهێندرێت لە تورکیا لە هەر روویەکەوە فکر و تێڕوانینی ئەرێنی دێنە گۆڕێ. لە کاتی ئاگربەستدا داواکاری بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد زۆر بوون، ماوەیەک ئەردۆغان باسی دیموکراتیکبوونی دەکرد. ئەو کاتە رێژەی ئەو کەسانەی کە دەیانەویست بچێنە ناو یەکێتیی ئەوروپا گەیشتبووە ٨٠%. چونکە یەکێتی ئەوروپا وەکو گۆرەپانێکی ئاشتی و دیموکراتیکبوون دەبینرا. کاتێک دژایەتیکردنی کورد هاتەپێشەوە، ئەو تێڕوانین و تێگەیشتنەشیان گۆڕدران. دژایەتیکردنی کورد بە واتای دژایەتیکردنی دیموکراسییە. کاتێک دژایەتیی بەها دیموکراتییەکان دەکرێت ئەو کاتە چەند کێشەیەک لەگەڵ دونیا دێنەگۆڕێ، بۆیە رێژەی ئەو کەسانەی دەیانەویست کێشەی کورد بە رێکاری دیموکراتیک چارەسەر ببێت کەم بوویەوە. رێژەی ئەوانەی دەیانەویست بچنە ناو یەکێتیی ئەوروپاش کەم بوونەوە. بێگومان چوون بۆ ناو یەکێتیی ئەوروپا تاچەند سوودی هەیە، تا چەند سوودی نییە ئەوە بابەتێکی دیکەی جێگاى مشتومڕ و وتوێژە. خۆی لەناو یەکێتی ئەوروپاشدا کێشە هەیە. لە تورکیا دژایتیکردنی ئەوروپا لە چوارچێوەی ئەو وتوێژانەدا ناکرێت، چونکە دەوترێت دەبێت پرسی کورد بە رێگەی شەڕ چارەسەر نەکرێت، یانیش وەکو مەرجی خۆبەڕێوەبەری بۆ بەڕێوەبردنی خۆجێی پێویستە و دەبێت هەندێک بەهای دیموکراتیکبوون بوونیان هەبێت. لە تورکیا دژایەتیی یەکێتی ئەوروپا دەکرێت. بە یەکێتیی ئەوروپا دەوترێت 'ئێوە ئەوانەتان بۆچییە، ئەوە لە قازانجی کوردە، لەبەر ئەوەش ئێوە ئەوانتان دەوێت، کە ئێوە لە دژی تورکیان' بەو شێوەیە هانی دژایەتیکردنی ئەوروپا دەدرێت. ئەگەرنا لەبەر مەسەلەی ئابووری، یان سەربەخۆیی سیاسیی نییە کە دژایەتی ئەوروپا دەکرێت.

رێبەر ئاپۆ باسی رێککەوتنی دیموکراتیک و ئاشتی شکۆدار دەکات. دەیەوێت ئەو شتە بە هێزی نەرم، رێککەوتنی کۆمەڵگەیی و دانوستانی دیموکراتیک بکرێت. کاتێک واز لە شەڕ بهێنرێت و کێشەکان بە هێزی نەرم؛ واتە بە عەقڵ، کولتور، سیاسەتی دیموکراتیک چارەسەر بکرێت، ئەوکاتە رێگە خۆش دەبێت بۆ ئاشتیی شکۆدار و رێککەوتنی کۆمەڵگەیی. ئەگەرنا ئەو سوورە لەسەر شەڕ. رێبەر ئاپۆ لە چاوپێکەتنەکەی ئەم دواییەیدا لەگەڵ بنەماڵەکەی رایگەیاند، دەوڵەتی تورک ناتوانێت بە شەڕ شتێک چارەسەر بکات. رێبەر ئاپۆ پێش چەند ساڵێک وتبووی 'ئەگەر هێزی دونیا بەدەست ئیمەوە بێت، ئێمە هێرش ناکەینە سەر کەس، بەڵام هەموو دونیاش بێتە سەرمان ئێمە خۆمان دەپارێزین'. بەو قسەیە تێڕوانینی خۆی خستبووە روو. هەروەها زۆر جار رایگەیاند، 'ئێمە چارەسەریمان بە شەڕ ناوێت، لە کۆتاییدا ئەوەی بکرێت دانوستانی دیموکراتیکە، چارەسەریی دیموکراتیکە' بەو شێوەیە بە دەوڵەتی تورکی وت، پێویستە واز لە سیاسەتی پاکتاوکردن و سڕینەوەى بزووتنەوەی ئازادای، بە شەڕ بهێنێت. ئەمڕۆکەش ئەو تێڕوانینەی خۆی خستەوەڕوو.

بێگومان بەردەنگی ئەو بانگەوازانە هێزە دیموکراسییەکانن. لایەنگرانی چارەسەریی کێشەی کورد لە دەرەوەی شەڕن. بێگومان بۆ ئەوەش پێویستە هەبوونی کێشەی کورد قەبوڵ بکرێت. تاوەکو بوونی کێشەی کورد قەبوڵ نەکرێت و تاوەکو دەستبەرداری سیاستی پاکتاوکردن و سڕینەوەى کوردان نەبن، واتە واز لە ئامانجی پاکتاوکردن و سڕینەوەى کولتوری کورد و هەوڵدان بۆ بە تورککردن نەهێندرێت، نە دانوستانی دیموکراتی دەتوانێت پێک بێت، نە کێشەی کورد بە هێزی نەرم دەتوانرێت چارەسەر بکرێت. لەبەر ئەوەش بەڕاستیش پێویستە زێهنیەتێک لە تورکیا بچەسپێت، کە هەبوونی کورد بناسێت، کورد وەکو گەل و نەتەوەیەک بناسێت و قەبوڵی بکات، کە مافی بنەڕەتی و سروشتییان هەیە. لەبەر ئەوەی زێهنیەتێکی لەو جۆرە دروستنەبووە، ئەو قۆناغەی کە رێبەر ئاپۆ باسی لێوە دەکات، پێک نایەت. رێبەر ئاپۆ بەو هەوڵدان، تێڕوانین و هەڵوێستی ماقووڵ و هۆشمەندانە دەیەوێت ئەو زێهنیەتە تووندە، کە لە تورکیا هەیە بیگۆڕیت. دەیەوێت تێگەیشتنی جیاکاری لەناو کۆمەڵگەی تورکیادا بگۆڕیت و لەناو یەکێتیی تورکیادا کێشەکان چارەسەر بکات. پێویستە هێزە دیموکراسییەکان هەموو ببینن، کە چوارچێوەی هەوڵەکانی رێبەر ئاپۆ بەو شێوەیەیە و بۆ گۆڕینی ئەو زێهنیەتە دەست بە هەوڵ و تەقەلا بکەن.

****

 

ر.م