بزووتنەوەی گۆڕان: ڕۆژئاوا تەنیا نییە

بزووتنەوەی گۆڕان هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی شەرمەزار کرد، لەوبارەیەوەشەوە ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.

بزووتنەوەی گۆڕان، لە ڕاگەیاندراوێکدا هێرشی سوپای تورکی بۆ سەرباکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا شەرمەزارکرد و داوا لە عێراق و هەرێمی کوردستان کرد پشتیوانی ڕۆژئاوا بکەن.

 تەواوی بەیاننامەکە:

رۆژئاوا تەنیا نیە

جێبەجێکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازیەکانی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان بە توندی ئیدانە دەکەین و بڕوامان وایە ئەم پڕۆسەیە نەک خزمەت بە سەقامگیری سیاسیی لە ناوچەکە ناکات، بەڵکو دەبێتە هۆی قوڵبونەوەی کێشەکان و کارەساتی مرۆیی و، ئاوارەبونی سەدان هەزار خەڵکی سیڤیل بەدوای خۆیدا دەهێنیت، هاوکاتیش دەرفەتێک دەبێت بۆ خۆرێکخستنەوەی شانە نوستوەکانی داعش و بەهێزکردنەوەی گروپە تیرۆریستییەکان لەناوچەکە و شکاندنی ئیرادەی نەتەوەیەکی ئازا کە بەخوێنی خۆیان بەرگرییان لە ئازادییەکانیان کردوە.

رۆژئاوای کوردستان کە قوربانییەکی زۆریان داوە بۆ پاراستنی خاکەکەیان لەچنگی گروپە تیرۆریستیەکان و لەبری هەمو جیهان شەڕی داعشیان کردوە، شایەنی قەرەبوکردنەوە و لالێکردنەوەی کۆمەڵگای نێودەوڵەتین، نەک پەلاماردانی تورکیا و جێبەجێکردنی پڕۆسەی داگیرکاری، ئەمەش بەرپرسیارێتیی ئەنجومەنی ئاسایش و نەتەوە یەکگرتوەکان و هاوپەیمانانی دژی داعشە، کە ڕێ لە پڕۆسەی داگیرکاریی دەوڵەتی تورک بگرن و ڕێگربن لە ئەگەرە نەخوازراوەکان کە ڕوبەڕوی کورد و پێکهاتەکانی دیکەی ئەو ناوچانە دەبنەوە.

کێشەی کورد، بە شەڕ و داگیرکاری و ئۆپەراسیۆنی زەمینی و ئاسمانی چارەسەر ناکرێت، ڕێگەی ئاشتییانە و گرتنەبەری لێکتێگەیشتن کلیلی چارەسەری کێشەکانی ناوچەکەیە. ئەم دۆخە وادەخوازێت هەمو لایەک بە گیانی بەرپرسیارێتی سیاسی و ئەخلاقی و مرۆیی مامەڵە لەگەڵ کەیسی ڕۆژئاوای کوردستان بکەن و ئەگەرەکانی جەنگ و ماڵوێرانی و خوێنڕشتن و کارەساتی مرۆیی دور بخەنەوە.

ئێمە لە بزوتنەوەی گۆڕان، سەرباری ناڕەزایەتیی توندمان بۆ ئەو هێرشە دوژمنکارییە و پشتگیریی تەواومان بۆ خەبات و مافی ڕەوای گەلەکەمان و دانیشتوانی ڕۆژئاوا، لەهەمان کاتدا داوا لەسەرجەم هێزە سیاسییەکانی کوردستان و حکومەتی هەرێم و عێراق و جەماوەر دەکەین، کە لەم ساتەوەختە هەستیارەدا پشت و پەنای ڕۆژئاوا بن و بەهەمو شێوازێکی خەباتی دیبلۆماسی و سیاسی و مەدەنی و جەماوەری ئەو پشتگیرییەی خۆیان پێشان بدەن و هەرێمیش هەمو جۆرە کۆمەکێک بۆ هاوڵاتیانمان لە ڕۆژئاوا فەراهەم بکات. هاوکات داوای دەست پێکردنی کەمپینی جەماوەری بەرفراوان ئەکەین هەم بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین دژ بەو داگیرکاریەو هەمیش بۆ پشتگیری مادی و مەعنەوی گەلەکەمان لە ڕۆژئاوا. داواش لە ڕەوەندی کوردی ئەکەین بە هەمو شێوازێکی مەدەنی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی دەربڕن و یارمەتیی خێرا بۆ ڕۆژئاوا کۆ بکەنەوە.

ک-ش