به‌شێك له‌و فه‌رمانانه‌ی دژی كۆمه‌ڵگه‌ی ئێزدی كراون

 جینۆسایدی ٣ی ئابی ٢٠١٤ كه‌ به‌ «فه‌رمانی ٧٤» ناوی ده‌برێت، له‌ ڕاستیدا له‌ لایه‌ن هێزه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌ له‌ڕێده‌ركه‌وتووه‌كان كرا كه‌ ئێزدییه‌تی وه‌ك ئایین قبووڵ ناكه‌ن و له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئایین سه‌یریان كردوون و به‌ ئامانجیان گرتوون.

هه‌رچه‌نده‌ به‌ ئازاریش بێت، به‌ڵام كاتێك مرۆڤ سه‌یری فه‌رمانه‌كانی سه‌ر ئێزدییه‌كان بكات، جێده‌ستی هێزه‌ باڵاده‌سته‌كانی كوردانی سووننی ده‌بینێت. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئێمه‌ ده‌ستنیشانی ده‌كه‌ین كه‌ به‌رفره‌وانترین و سیسته‌ماتیكترین قڕكردن له‌ به‌رانبه‌ر ئێزدییه‌كان، له‌ لایه‌ن عوسمانییه‌كانه‌وه‌ كراوه‌.

فه‌رمانه‌كانی سه‌ر ئێزدییه‌كان:

ئه‌و فه‌رمانانه‌ی له‌ به‌رانبه‌ر ئێزدییه‌كان كراون، مرۆڤ یه‌ك به‌ یه‌ك ڕیزیان بكات، سه‌ره‌ڕای خستنه‌ڕووی ئه‌و شتانه‌ی ڕوویانداوه‌، ئه‌و ئازارانه‌ی كه‌ بینراون هه‌تا ڕۆژی ئه‌مڕۆ، ئه‌گه‌ر كه‌میش بێت له‌وانه‌یه‌ زه‌مینه‌سازی تێگه‌یشت بكات. ئێمه‌ له‌ خواره‌وه‌ به‌شێكی سه‌ره‌كیی ئه‌و فه‌رمانانه‌ ده‌خه‌ینه‌ڕوو كه‌ له‌ مێژوودا به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ی ئێزدی هێنراون:

ساڵی ٩٠٦: والیی مووسڵ هه‌زار خانه‌واده‌ی ئێزدی كوشت كه‌ قبووڵیان نه‌ده‌كرد ببنه‌ ئیسلام.

ساڵی ٩٨٠: هێزه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كانی مووسڵ هێرشیان كرده‌ سه‌ر كورده‌ ناموسوڵمانه‌كان له‌ جۆله‌مێرگ. كورده‌ ناموسوڵمانه‌كانیان له‌سێداره‌دران یانیش سه‌ریان بڕینه‌وه‌.

ساڵی ١١٠٧: نزیكه‌ی ٥٠٠ هه‌زار كه‌س له‌ لایه‌ن سوپای ئیسلامه‌وه‌ كوژراوه‌.

ساڵی ١٢٤٥: مه‌غۆله‌كان هاتوونه‌ته‌ شاره‌زوور، شاره‌كه‌یان هه‌ڵوه‌شاندووه‌ و هه‌زاران ئێزدییان كوشتووه‌.

ساڵی ١٢٥٤: فه‌رمانڕه‌وای مووسڵ به‌دره‌دین لوولوو، هێرشی كردووه‌ته‌ سه‌ر ناوچه‌ی شێخان و هه‌زاران ئێزدی كوشتوون.

ساڵی ١٢٢١:  شێخ حه‌سه‌ن ڕفێندرا و له‌سێداره‌درا. كاتێك ئێزدییه‌كان په‌نایان بۆ ناوچه‌ شاخاوییه‌كان برد، شوێنه‌ پیرۆزه‌كانیان وێران كران.

ساڵی ١٤١٥: ئێزدییه‌كان له‌ لایه‌ن موسوڵمانه‌كانی ده‌وروبه‌ریان كوژران.

ساڵی ١٦٤٠ - ١٦٤١: سوپایه‌كی ٧٠ هه‌زار كه‌سی به‌ فه‌رمانداره‌تیی مه‌لك پاشای والیی ئامه‌د له‌ ده‌وڵه‌تی عوسمانی، هێرشی كرده‌ سه‌ر شه‌نگال و له‌ دژی ئێزدییه‌كان كۆمه‌ڵكوژی كرد.

ساڵی ١٦٤٧ - ١٦٤٨: سوپایه‌ك له‌ژێر فه‌رمانی والیی وانی عوسمانییه‌كان هێرشی كرده‌ سه‌ر شێخان و له‌ دژی ئێزدییه‌كان كۆمه‌ڵكوژی كرد. شێخ میرزا به‌ دیل گیرا و له‌سێداره‌درا.

ساڵی ١٧١٥: والیی به‌غدای ده‌وڵه‌تی عوسمانی حه‌سه‌ن پاشا هێرشی كرده‌ سه‌ر شه‌نگال، ئێزدییه‌كانی كوشتن و به‌ڕێوه‌بردنی هه‌رێمه‌كه‌ی به‌ عه‌ره‌به‌ به‌ده‌وییه‌كان سپارد.

ساڵی ١٧٣٣ - ١٧٣٤: پاشای عوسمانییه‌كان ئه‌حمه‌د پاشا له‌ به‌رانبه‌ر ئێزدییه‌كانی هه‌رێمی شه‌نگال كۆمه‌ڵكوژی كرد.

ساڵی ١٧٥٢ - ١٧٥٣: هێزه‌كانی ژێر فه‌رمانی پاشای عوسمانی سلێمان پاشا هێرشیان كرده‌ سه‌ر شه‌نگال و ژماره‌یه‌كی زۆری ئێزدییه‌كانیان كوشت. هێزه‌كانی عوسمانی گوند و شوێنه‌ پیرۆزه‌كانی ئێزدییه‌كانیان ڕووخاند و نزیكه‌ی ٢ ساڵ له‌ شه‌نگال مانه‌وه‌.

ساڵی ١٧٦٧ - ١٧٦٨: ئه‌مین پاشای والیی مووسڵی عوسمانییه‌كان، سوپایه‌كی خسته‌ ژێر فه‌رمانی كوڕه‌كه‌ی خۆی و كۆمه‌ڵكوژییه‌كی له‌ شه‌نگال ئه‌نجامدا.

ساڵی ١٧٧٠ - ١٧٧١: كاتێك ئه‌میری شێخان له‌ به‌رانبه‌ر حكوومه‌تی عوسمانی به‌رخۆدانی كرد، له‌ شێخان كۆمه‌ڵكوژییه‌ك كرا.

ساڵی ١٧٧٣ - ١٧٧٤: والیی مووسڵ ئه‌مین پاشا، هه‌رێمی شه‌نگالی وێران كرد و كۆمه‌ڵكوژییه‌كی كرد.

ساڵی ١٧٧٩: ئه‌م جاره‌ برای هه‌مان والی (ئه‌مین پاشا) هێرشی كرده‌ سه‌ر شه‌نگال و ژماره‌یه‌كی زۆری ئێزدییه‌كانی كوشت.

ساڵی ١٧٨٥: والیی مووسڵی عوسمانییه‌كان عه‌بد ئه‌لباقی هێرشی كرده‌ سه‌ر ئێزدییه‌كانی ده‌نه‌ندی له‌ ڕۆژئاوای چه‌می دیجله‌.

ساڵی ١٧٨٦ - ١٧٨٧: ئه‌میری شێخان؛ چۆلۆ، له‌ به‌رانبه‌ر والیی ئامێدی به‌رخۆدانی كرد. كاتێك چۆلۆ شكستی هێنا، ئێزدی ڕووبه‌ڕووی كۆمه‌ڵكوژی بوونه‌وه‌.

ساڵی ١٧٨٩ - ١٧٩٠: عه‌شیره‌تی تایی كه‌ عه‌شیره‌تێكی عه‌ره‌به‌ به‌ده‌وییه‌كان بوو، هێرشی كرده‌ سه‌ر شه‌نگال و كۆمه‌ڵكوژی ئه‌نجامدا.

ساڵی ١٧٩٠ - ١٧٩٢: عه‌شیره‌تی تایی هێرشی كرده‌وه‌ سه‌ر هه‌رێمی شه‌نگال.

ساڵی ١٧٩٢-١٧٩٣: والیی مووسڵ؛ محه‌مه‌د، ٨ گوندی ئێزدییه‌كانی له‌ هه‌رێمی شه‌نگال وێران كرد.

ساڵی ١٧٩٣ - ١٧٩٤: والیی مووسڵ؛ محه‌مه‌د، جارێكی دیكه‌ هێرشی كرده‌وه‌ سه‌ر شه‌نگال.

ساڵی ١٧٩٤ - ١٧٩٥: ئه‌و هێزانه‌ی به‌ فه‌رمانی سلێمان پاشا له‌ به‌غداوه‌ نێردران، هه‌رێمی شه‌نگالیان هه‌ڵوه‌شاند و تاڵانیان كرد.

ساڵی ١٧٩٩ - ١٨٠٠: عه‌بدولعه‌زیز تایی كه‌ له‌ به‌غداوه‌ نێردرا، له‌گه‌ڵ به‌ده‌وییه‌كانی خۆیان به‌ هاوكاری عه‌شیره‌ته‌كانی دیكه‌ی عه‌ره‌ب وه‌كوو عوبه‌ید و هه‌مه‌دان، له‌ شێخان ٢٥ گوندی ئێزدییه‌كانیان سووتاند و وێرانیان كردن.

ساڵی ١٨٠٢ - ١٨٠٣: والیی مووسڵ عه‌لی پاشا هێرشی كرده‌ سه‌ر شه‌نگال. له‌و گه‌مارۆ و هێرشه‌دا كه‌ چه‌ندین مانگ به‌رده‌وام بوو، ده‌یان ئێزدی كوژران و زه‌وییه‌ كشتوكاڵییه‌كانیان خرا كران.

ساڵی ١٨٠٩ - ١٨١٠: والیی به‌غدا سلێمان قاتیل، به‌ هێزه‌كانی ئه‌فسه‌ر حوسێن دوبلاین هێرشی كرده‌ سه‌ر شه‌نگال، میهیركان و زۆر گوندی باكووریان تاڵان كردن. كۆمه‌ڵكوژییه‌كی گه‌وره‌یان له‌ دژی ئێزدییه‌كان كرد.

ساڵی ١٨٣٢: به‌درخان به‌گ هێرشی كرده‌ سه‌ر شێخان (ئه‌و كاته‌ میر نه‌بوو). عه‌لی به‌گ به‌ دیل گیرا و له‌ژێر ئه‌شكه‌نجه‌دا كوژرا. زۆر ئێزدی كوژران. له‌ نزیك ئاوی دیجله‌ ئه‌و ڕێگه‌یه‌ی ئێزدییه‌كانی شێخان پیایدا هه‌ڵده‌هاتن بۆ چیای شه‌نگال، داخرا و ئێزدییه‌كانیش كوژران. به‌درخان به‌گ دوای ١٢ ساڵ ئه‌م جاره‌ش هێرشی كرده‌وه‌ سه‌ر ئێزدییه‌كانی تۆرێ و موسوڵمانه‌تی به‌سه‌ردا سه‌پاندن.

ساڵی ١٨٣٢ - ١٨٣٣: میر محه‌مه‌د ڕه‌واندوزی (پاشای كۆره‌) هێرشی كرده‌ سه‌ر هه‌رێمی ئاكرێ. دواتر له‌ ساڵی ١٨٣٤ هێرشی كرده‌ سه‌ر هه‌رێمی شه‌نگال و كۆمه‌ڵكوژی ئه‌نجامدا. میر عه‌لی به‌گ كه‌ موسوڵمانه‌تی قبووڵ نه‌كرد، له‌ژێر ئه‌شكه‌نجه‌دا كوژرا.

ساڵی ١٨٣٦: والیی ئامه‌د ڕه‌شید پاشا به‌ سوپایه‌كی ٤٠ هه‌زار كه‌سی كه‌ كوردانی موسوڵمانی له‌نێودا بوون، له‌ به‌رانبه‌ر ئێزدییه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی ئامه‌د له‌ خه‌رزان هێرشێكی ئه‌نجامدا. دواتر هێرشی كرده‌ سه‌ر جزیر، ته‌له‌عفه‌ر و شه‌نگال. له‌و هێرشانه‌دا هه‌زاران ئێزدی كوژران و سه‌دانیشیان به‌ دیل گیران و وه‌ك كۆیله‌ خرانه‌ به‌ر كار.

ساڵی ١٨٣٨: ئه‌م جاره‌ حافز پاشا هاته‌ شوێنی ڕه‌شید پاشا و به‌ ئامانجی به‌ده‌ستهێنانی شه‌نگال هێرشی كرد. كوڕ و پیاوی ئێزدییه‌كان كوژران، ژن و منداڵیشیان به‌ دیل گیران و بردرانه‌ ئامه‌د.

ساڵی ١٨٤٦: والیی مووسڵ تایار پاشا له‌ مانگی تشرینی یه‌كه‌مدا هێرشی كرده‌ سه‌ر شه‌نگال و زۆر گوندی سووتاندن.

ساڵی ١٨٥٣ - ١٨٥٦: له‌ كاتی شه‌ڕی عوسمانی و قرم-دا، یه‌زدان شێری خوشكه‌زای به‌درخان به‌گ كه‌ ڕاپه‌ڕینی ده‌ستپێكرد ئێزدییه‌كانی سێرت و سه‌رحه‌د پشتگیریان كرد. سه‌دان كه‌س له‌و ئێزدییانه‌ كوژران كه‌ زۆرینه‌یان به‌ قبووڵكردنی موسوڵمانه‌تی گیانی خۆیان ڕزگار كرد.

ساڵی ١٨٥٦: ئه‌و ئێزدییانه‌ی كه‌ له‌گه‌ڵ چه‌ند عه‌شیره‌تێكی ناوچه‌ شاخاوییه‌كانی دێرسم له‌ به‌رانبه‌ر ده‌سه‌ڵاتداره‌تیی عوسمانی ڕاپه‌ڕین، دوای سه‌رنه‌كه‌وتنی ڕاپه‌ڕینه‌كه‌، له‌گه‌ڵ كوردانی دێرسم ڕووبه‌ڕووی كۆمه‌ڵكوژی بوونه‌وه‌.

ساڵی ١٨٧٢: والیی به‌غدا مه‌دحه‌ت پاشا بۆ ئه‌وه‌ی ئێزدییه‌كان سه‌ربازی بۆ ده‌وڵه‌تی عوسمانی بكه‌ن، بڕیارێكی دا. ئێزدییه‌كانی باشووری كوردستان له‌ دژی ئه‌و بڕیاره‌ وه‌ستانه‌وه‌. حكوومه‌تی به‌غدا ئه‌مه‌ی وه‌ك بیانوویه‌ك دانا و هێرشی كرده‌ سه‌ر شێخان و گونده‌كانی ئێزدییه‌كانی هه‌ڵوه‌شاندن.

ساڵی ١٨٧٧: كاتێك له‌ به‌رانبه‌ر ئێزدییه‌كانی ئامه‌د و خه‌رزان هێرشێكی نوێ ڕوویدا، ٣ هه‌زار ئێزدی له‌ژێر به‌رپرسیاره‌تیی عه‌لی به‌گ كۆچیان كرد و له‌ ئالێكسانده‌رئۆپۆل جێگیر بوون. 

ساڵی ١٨٧٩: عه‌شیره‌تی سیپكا كه‌ له‌ژێر به‌رپرسیاره‌تیی عومه‌ر ئاغادا بوو، دوورخرایه‌وه‌ بۆ قه‌رس. ژماره‌ی دوورخراوه‌كان له‌ شه‌ڕی یه‌كه‌می جیهانیدا ساڵی ١٩١٦ زیادی كردووه‌ و گه‌یشتووه‌ته‌ ٤٠ هه‌زار كه‌س.

ساڵی ١٨٩٠: له‌ به‌رانبه‌ر ئێزدییه‌كانی باشووری كوردستان كه‌ له‌ دژی سیاسه‌تی زه‌خت و زوڵمی عوسمانییه‌كان ده‌وه‌ستانه‌وه‌، هه‌ڵمه‌تێكی له‌ناوبردن ئه‌نجامدرا. سه‌دان ئێزدی كوژران و سه‌دان خانه‌واده‌ش ناچار بوون كۆچ بكه‌ن.

ساڵی ١٨٩٢: جه‌نه‌ڕاڵ عومه‌ر وه‌هبی پاشا، بڕیارێكی دا كه‌ پێویسته‌ هه‌موو ئێزدییه‌كان ببنه‌ موسوڵمان یان ئایینێكی دیكه‌ كه‌ له‌ قورئاندا هاتبێت هه‌ڵبژێرن. به‌م شێوه‌یه‌ زه‌مینه‌ی كۆمه‌ڵكوژییه‌كی نوێیان له‌ به‌رانبه‌ر ئێزدییه‌كان سازكرد. له‌ دژی شه‌نگال و شێخان هێرش كران. دوابه‌دوای ئه‌و كۆمه‌ڵكوژییانه‌ ١٤ هه‌زار ئێزدی ناچار بوون موسوڵمانه‌تی قبووڵ بكه‌ن. سه‌نجه‌ق و كه‌لوپه‌له‌ پیرۆزه‌كانیان بردنه‌ مووسڵ. یه‌كه‌كانی سه‌ر به‌ عومه‌ر وه‌هبی پاشا هێرشیان كرده‌ سه‌ر لالش له‌ شێخان و زۆر شوێن و گۆڕی دیكه‌ی پیرۆزیان وێران كرد. ده‌ستیان به‌سه‌ر زۆر كه‌لوپه‌ل و ئامێری پێرۆز و مێژوویی ئێزدییه‌كاندا گرت و بردیاننه‌ مووسڵ. له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ له‌ لالش كه‌ واری پیرۆزی ئێزدییه‌كانه‌، مه‌دره‌سه‌ی ئیسلامی كرانه‌وه‌. عیباده‌تی ئێزدییه‌تی و وشه‌ی ئێزدی قه‌ده‌غه‌ كران.

سه‌نجه‌ق (نیشانه‌ی مه‌له‌ك تاوس) كه‌ بردیانه‌ مووسڵ، دواتر جه‌نه‌ڕاڵ عومه‌ر وه‌هبی پاشا بردیه‌ ئیسته‌نبووڵ. یه‌كێك له‌ نه‌وه‌كانی جه‌نه‌ڕاڵ عومه‌ر وه‌هبی پاشا به‌ ناوی تاهیر ئۆزچه‌لیك له‌ ١٨ی تشرینی یه‌كه‌می ١٩٦٧ ئه‌م سه‌نجه‌قه‌ی خسته‌ به‌ر موزایه‌ده‌ی فرۆشتن. ئه‌و كاته‌ ده‌وڵه‌تی عێراق گوتی: «ئه‌مه‌ به‌رهه‌می مێژوویی ئێمه‌یه‌.» و ئه‌و كاره‌ی ئیدانه‌ی كرد.

ساڵی ١٩١١: عوسمانییه‌كان به‌ ده‌ستی جه‌نه‌ڕاڵ فاروق پاشا له‌ دژی ئێزدی، ئه‌رمه‌نی، نه‌ستووری و قزلباشه‌كان كۆمه‌ڵكوژی ئه‌نجامدا.

ساڵی ١٩١٤ - ١٩١٨: له‌ شه‌ڕی یه‌كه‌می جیهانیدا كاتێك كۆمه‌ڵكوژی له‌ به‌رانبه‌ر ئه‌رمه‌نییه‌كان ده‌ستیپێكرد، ٢٠ هه‌زار ئه‌رمه‌نی له‌ كۆمه‌ڵكوژییه‌كه‌ خۆیان ڕزگار كرد و هه‌ڵاتن؛ خۆیان به‌ ئێزدییه‌كانی شه‌نگال سپارد. به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئێزدییه‌كان ئه‌و ئه‌رمه‌نییانه‌یان ڕاده‌ستی عوسمانییه‌كان نه‌كردن، سوپای عوسمانی له‌ شوباتی ١٩١٨ به‌ عه‌شیره‌تی به‌ده‌ویی عه‌ره‌به‌كان و عه‌شیره‌ته‌كانی كوردی موسوڵمان هێرشی كرده‌ سه‌ر شه‌نگال و كۆمه‌ڵكوژییه‌كی نوێی كرد.

ساڵی ١٩١٨: ئه‌و ئێزدییانه‌ی كه‌ به‌هۆی كۆمه‌ڵكوژییه‌كانی ده‌وڵه‌تی عوسمانی هه‌ڵاتن و هانایان برده‌ به‌ر ئه‌رمه‌نستان، له‌وێش بوونه‌ ئامانجی هێرشه‌كان.

 ساڵی ١٩٤٠: سه‌ربازانی سوپای توركیا هه‌ڵیانكوتایه‌ سه‌ر گوندی كوه‌خه‌-ی سه‌ر به‌هه‌زه‌خ، ٢٩ ئێزدییان خسته‌ ئه‌شكه‌وتێكه‌وه‌ و به‌زیندوویی سووتاندیانن.

ساڵی ٢٠٠٧: له‌ مانگی ئابدا، له‌ كۆمه‌ڵكوژیی گوندی سبا شێخ خدر و تلئه‌زه‌ر-دا به‌ گوێره‌ی ئاماره‌ فه‌رمییه‌كان نزیكه‌ی ٥٠٠ ئێزدی كوژران.

ساڵی ٢٠١٤: ٣ی ئاب به‌ ده‌ستپێكردنی هێرشه‌كانی داعش و كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی په‌ده‌كه‌، ئێزدی ڕووبه‌ڕووی كۆمه‌ڵكوژی بوونه‌وه‌. هه‌زاران كه‌سیان كوژران و هه‌زاران ژنیشیان ڕفێندران و له‌ بازاڕه‌كان وه‌ك كۆیله‌ و سه‌بایه‌ فرۆشران. سه‌دان هه‌زار ئێزدی ناچار بوون شه‌نگال به‌جێبهێڵن. ئه‌و جینۆسایده‌ كه‌ به‌ فه‌رمانی ٧٤ ناوده‌برێت، له‌ ئاستی فه‌رمانه‌كانی دیكه‌دا گه‌وره‌ترین فه‌رمانه‌ كه‌ به‌سه‌ر ئێزدییه‌كاندا هاتووه‌. 

میهرداد ئیزادی بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ كورد به‌ر له‌ ١٥٠-٢٠٠ ساڵ زۆرینه‌یان ئێزدی بوون، به‌ڵام به‌هۆی كۆمه‌ڵكوژی و قڕكردن له‌ ٢ سه‌ده‌ی ڕابردوودا به‌ زۆر كراونه‌ته‌ موسوڵمان و به‌ ڕاگواستنیان له‌ناوبراون. ئه‌وه‌ی له‌ سه‌ره‌وه‌ ئاماژه‌مان پێكردووه‌، ته‌نیا چه‌ند فه‌رمانێكی سه‌ر ئێزدییه‌كانن. ئه‌و چه‌ند نموونه‌یه‌ی كه‌ باسمان كردوون، ده‌ریده‌خه‌ن كه‌ بانگه‌شه‌كه‌ی میهرداد ئیزادی نزیكه‌ له‌ ڕاستی.

s.m