بوڵدان و سانجار بۆ هاوسەرۆکانى هەدەپە پاڵێوراون

کۆمسیۆنى هەڵسەنگاندنی ناوەندیى هەدەپە پەروین بوڵدان و میدحەت سانجاری بۆ ٤هەمین کۆنگرەى ئاسایی هەدەپە، بۆ هاوسەرۆکانى هەدەپە پێشنیازکردووە و ئەوانیش پێشنیازەکەیان قبوڵکردووە.

کۆمسیۆنی هەڵسەنگاندنی ناوەندیى هەدەپە رایگەیاند، پەروین بوڵدان و میدحەت سانجاریان بۆ هاوسەرۆکانى هەدەپە دەستنیشانکردووە.

لە راگەیاندراوی کۆمسیۆنى هەڵسەنگاندنی ناوەندیى هەدەپەدا هاتووە:

"لە ٢٣ی شوباتی ٢٠٢٠ دا ٤هەمین کۆنگرەى ئاسایى هەدەپە بەڕێوەدەچێت. بۆ هەڵسەنگاندنی داواى پاڵێوراوان بۆ هاوسەرۆکایەتیى و دەستە جۆراوجۆرەکانى حیزبەکەمان، کۆمسیۆنەکەمان کاری هەڵسەنگاندنەکانى تەواوکرد. نوێنەرانی حیزبەکەمان پێکهاتوون لە کەجەدە و هەدەپە و بەشداری کاروباری کۆمسیۆنەکەمانن و پێش بەڕێوەچوونی کۆنگرە لەگەڵ زۆرێک لە لایەنەکاندا دانیشتنیان ئەنجامدا.

کۆمسیۆنەکەمان لەگەڵ سیاسەتمەداران لە زیندانەکاندا، نوێنەرانی گەل و بیروباوەڕە جیاجیاکان، رێکخراوە رنجدەرە و زەحمەتکێشەکان، رێکخراوەکانى ژنان، پێکهاتەکانى کەجەدە و هەدەکە، رووناکبیران، نووسەران، چالاکوانان و رۆژنامەنووسان کۆبوونەوە گوێى لە رەخنە و پێشنیازەکانیان گرت.

کۆمسیۆنى هەڵسەنگاندنی ناوەندی پێشنیاز دەکات پەروین بوڵدان و میدحەت سانجار پاڵێوراوی هاوسەرۆکایەتى هەدەپە ببن و ئەو بەڕێزانەش پێشینازەکەیان قبوڵکردین.

بە نای کۆمسیۆنەکەمانەوە داوا لە هەموو گەلەکەمان دەکەین بە جۆش و حەماسەتەوە بەشداریى ٤هەمین کۆنگرەى ئاسایى حیزبەکەمان بکەن".

لە لایەکى ترەوە هێزە ئەمنییەکانى دەوڵەتى تورک رێگریان لە چوونی ئەندامانى هەدەپە بۆ بەشداریکردن لە کۆنگرەکەیاندا کرد.

کاتێک نوێنەرانی هەدەپە و گەلی وڵاتپارێز لە وان و ئێلحەوە بە پاس بەرەو ئەنقەرە دەرۆیشتن بۆ بەشداریکردن لە ٤هەمین کۆنگرەى هەدەپەدا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە پاسەکان راگیران و پاساوەکانى وەک بڕیاری دەستگرتن بەسەر پاسەکاندا هەیە، بڕیاری دەستگیرکردنتان لەسەرە و بەو پاساوەش محەمەد حەبیت چەلەبییان دەستگیرکرد و رێگرییان لێکردن بەرەو ئەنقەرە بچن.

دەسەڵاتى فاشیستیى ئاکەپە – مەهەپە هەموو رێگایەک دەگرنە بەر بۆ ئەوەى رێگری لە کارەکانى کۆنگرەى هەدەپە بکەن.

ژ.ت