بۆ سێیەمین جار هێرشیان کردە سەر گۆڕستانی لیجە

بۆ سێیەمین جار هێرش کرایە سەر گۆڕستانی گەریلاکان لە ناوچەی لیجەی ئامەد کە پێشتر لە لایەن سوپای داگیرکەری تورکەوە بۆردومان کرابوو.

بە پێی زانیاریەکان گوڕستانی گوندی سیسێی سەر بە ناوچەی لیجەی ئامەد جارێکیتر شێوێنراوە.

ئەوەش بەبۆبەی جەژنی رەمەزانەوە بووە کە خانەوادەکان سەردانی گۆڕی کەسوکاریان کردبوو. خانەوادەکان کاتێک سەردانی گۆڕستانیان کرد، دیمەنی رووخاندنی کێلی گۆڕ و شێواندنی گۆڕەکانیان بینی.

خانەوادەکان ڕایانگەیاند کە هەموو گۆرەکان شێوێنراون، کێلی گۆڕەکان کە بە کوردی لەسەریان نووسراوە، شکێنراون و جارێکیتر خانەوادەکان کێلەکان چاک کردووەتەوە.

خانەوادەکان باسی ئەوەشیان کرد کە نازانرێت گۆڕستانەکان کەی شێوێنراو و ڕووخێنراون، بەڵام لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا ئۆپەڕاسیۆنێکی سەربازی لە هەرێمەکە دەستیپێکردبوو.

لەو گۆرستانە گۆڕی ژمارەیەک گەریلای پەکەکە هەیە کە لە کات و شوێنی جیاوازدا شەهید بوون. گۆرستانەکە لە ساڵی ٢٠١٥ دا دووجار ڕووبەڕووی هێرشی ئاسمانی و زەمینی بووەتەوە و گۆڕەکان بۆردومان کرابوون. بەمەش سێیەمین جارە گۆڕستانەکە ڕووبەڕووی هێرش دەبێتەوە.

ف.ق