"بەرخۆدانى زیندانەکان تاوەکو ئێستاش بناغەى سەرەکیى تێکۆشانن"

ئەلیف رۆناهی ئەندامى دەستەى گشتیى سەرۆکایەتیى کەجەکە رایگەیاند، کورتای، ئۆنەر، ئانیک و زەنگین بناغەى سەرەکیى تێکۆشانى ٤٠ ساڵەى پەکەکەن و وتی، بە ئافراندنى نەتەوەى دیموکراتیک وەڵامدەر دەبین بۆ رێگاکەیان.

ئەلیف رۆناهی ئەندامى دەستەى گشتیى سەرۆکایەتیى کەجەکە رایگەیاند، کورتای، ئۆنەر، ئانیک و زەنگین بناغەى سەرەکیى تێکۆشانى ٤٠ ساڵەى پەکەکەن و وتی، بە ئافراندنى نەتەوەى دیموکراتیک وەڵامدەر دەبین بۆ رێگاکەیان.

زیندانیانى پەکەکە، فەرهاد کورتای، نەجمی ئۆنەر، ئەشرەف ئانیک و مەحمود زەنگین لە زیندانى ئامەد و لە رۆژى ١٧ى ئایار / ٢٧ى گوڵانی ١٩٨٢دا لە دژى ئەشکەنجە و ژیانێکى بێکەرامەتانە و لەسەر رێگاکەى مەزڵوم دۆغان کە وتبووی "بەرخۆدان ڕێگا بۆ سەرکەوتن دەکاتەوە"، جەستەى خۆیان دایە بەر ئاگر.

 بەو بۆنەی ساڵڕۆژى ئەو چالاکییە کە بە "چالاکیى چوارەم" لە مێژووی بەرخۆدانى کوردستاندا دەناسرێت، ئەلیف رۆناهی ئەندامى دەستەى گشتیى سەرۆکایەتیى کەجەکە بۆ ئاژانسى هەواڵى فورات (ANF) دوا و وتى "شەهیدانى مانگى ئایار لە تێکۆشانى ئازادیدا و لە تێکۆشانى پەکەکەدا بوونەتە بناغەى سەرەکیی تێکۆشان".

لە دژى "بەئاژەڵکردن" و "بە تورک کردن" ڕاپەڕین

رۆناهی رایگەیاند، ژیان لە سیستمى دەوڵەتى تورکدا بە نکۆڵیکردن لە بوونی خۆت دەستەبەر دەبێت و لەو بارەیەوە وتى "ئەگەر وشەکان زۆر قورس نەبن، ئەوا مرۆڤ دەتوانێت بڵێت ئەوان، "بەئاژەڵکردن" و "بەتورک کردن"یان دەسەپاند. ئەوەى لە دژى ئەو سەپاندنە دەکرا تێکۆشانی سەلماندنی بوون بوو. کاتێک مرۆڤ سەیرى بزووتنەوە و شۆڕشەکانى جیهان دەکات، هیچ سۆسیالیست و شۆڕشگێڕێک بە ئەندازەى گەل و جەنگاوەرەکانی کورد بۆ سەلماندنی بوونى خۆیان تێنەکۆشاون".

چوونە سەر رێگاکەى مەزڵوم

ئەلیف رۆناهی رایگەیاند، ئەو چوار ئەستێرەیە بۆ وەڵامدانەوە، درێژەیان بە تێکۆشانەکەى مەزڵوم دۆغان دا و راشیگەیاند "هەڤاڵەکانى مەزڵوم دۆغان لە دژى نکۆڵیکردن لە بوونیان، لە دژی خۆبەدەستەوەدان، خیانەت و بێناسنامەکردن، بە چوار قاپە نەوت خۆیان کرد بە نەورۆز. ئەو چوار ئەستێرەیەش چوونە سەر رێگاى تێکۆشانی سەلماندنى بوون".

رۆناهی ئەوەى بەبیرهێنایەوە، بۆ درێژەدان بە تێکۆشانى چوارەم، کەمال پیر، خەیرى دورموش، عاکیف یڵماز و عەلی چیچەک بەرخۆدانی مانگرتن لە خواردن تاوەکو مردنیان ئەنجامدا.

رۆناهی لە بەردەوامیى قسەکانیدا وتى "جەنگاوەرانى پەکەکە لە زیندانى تورکەکاندا وتیان، 'ئێمە تەسلیم نابین'، 'ئێمە خیانەت ناکەین'، 'باجەکەى هەرچەندە قورسیش بێت ئێمە بە ژیانى خۆمان دەیدەین'، بەڵام ئێمە بێکەرامەتی، بێناسنامەیى، کە ئێوە بەسەر ئێمەیدا دەیسەپێنن، قبوڵ ناکەین".

ئەنجامیدا بۆ ئەوەى پەکەکە بە کۆمەڵایەتى بێت

رۆناهی رایگەیاند، دەوڵەتى تورکیا دەیخواست ناسنامە، کەرامەت و شەرەفى کوردستان تەسلیمى خۆى بکات و پەکەکەش، کە هێشتا لە سەرەتادا بوو، بخنکێێنت و ڕێگا لەوە بگرێت، کە بە کۆمەڵایەتى بێت و ڕێگە لەوە بگرێت کە بەرخۆدانى ناو زیندانەکان بگەنەوە بە کۆمەڵگە و رەنگدانەوەى لە ناو کۆمەڵگەدا هەبێت.

رۆناهی راشیگەیاند "بەڵام یەکەم بەرخۆدان ئەوەى سەلماند پەکەکە کۆمەڵایەتییە. بەرخۆدانى چوارەم و هەڤاڵانى تر لە دژى شەڕی تایبەتى دوژمنی و کردەوەکانى دژ بە مرۆڤایەتى بوو. بەرخۆدانى زیندان بۆ گەریلا بووە هەوێنێ هەڵمەتى ١٥ى ئاب".

١٥ى ئاب دەرەنجامى بەرخۆدان بوو

ئەلیف رۆناهی باسى ئەوەیکرد، یەکەم گولـلە، کە لە ١٥ى ئابی ١٩٨٤ / ٢٤ى گەلاوێژدا تەقێنرا، هەم لە عەقڵییەتى فاشیستیى کۆنەپەرست درا و هەم رەنگدانەوەى بەرخۆدان بوو. رۆناهی وتیشی "ئەو بەرخۆدانەى لە زیندان دەستیپێکردبوو، بووە هۆی هەڵمەتى ١٥ى ئاب و ئەوەش هێڵى سیاسى و ئایدۆلۆژیا و بوونى پەکەکەى پاراست و پەکەکەى گەورە کرد و پەکەکەى بە کۆمەڵایەتى کرد. خەیری، کەمال، مەزڵوم، چوار ئەستێرەکە، بە چالاکییەکانى خۆیان بوونە بناغەى سەرەکیى تێکۆشانی ٤٠ ساڵەى پەکەکە و بوونە پێشەنگى سۆسیالیست".

بە سوپابوونى ژنان

ئەلیف رۆناهی ئەوەى بە بیرهێنایەوە، کە لە مانگى ئایاردا، مزگین فەرماندەى یەکینەى ژنان شەهید بووە، لەیلا قاسم، شیرین عەلەم هولی و چوار هاوڕێکەى لە سێدارە دراون و لە بارەیەوە وتى "لە هەر شوێنێکدا بۆ بوونی گەلی کورد تێکۆشان کرابێت، بە کار و کردەوەى بەدەر لە پێوەرە مرۆڤایەتییەکان هێرشکراوەتەوە سەر تێکۆشانى سەلماندنى بوون و هەوڵیانداوە کۆتایى بەو تێکۆشانە بهێنن، بەڵام تێکۆشان بە بەردەوامى گەورەتر بووە. ژن پێشکەوتووە، بووە بە سوپا، تێکۆشانەکە بە هەموو ئاستەکانی کۆمەڵگادا بڵاوبووەتەوە، تێکۆشانى ئازادی لە دژى فاشیزم بەهێزتر بووە و بووەتە دژە ژەهری هێرشەکانیان".

هاوڕێیەتى دروست و وەڵامدانەوە

ئەلیف رۆناهی ئەندامی دەستەى گشتیى سەرۆکایەتیى کەجەکە وتیشی "ئێمە وەک هاوڕێى ئەوان، کە دواى ڕێبازەکەیان کەوتوین، ئێمە تێکۆشانە شکۆمەندانەکانیان لە دڵی خۆماندا بە زیندویى رادەگرین و گەورەترى دەکەین و گەلەکەمان رزگار دەکەین و نەتەوەى دیموکراتیک لە هەر چوار بەشى کوردستان و رۆژهەڵاتى ناوەڕاست دەئافرێنین. هاوڕێیەتى و وەڵامدانەوەى دروست بەو شێوەیە دەبێت".

رۆناهی لە کۆتایدا ئەوەشى وت "جارێکیتر یادی شەهیدانى مانگى ئایار بەرز رادەگرین و بەڕێزەوە سەرى رێز بۆ هەموو ئەو هاوڕێیانەی لە تێکۆشانى شۆڕشدا شەهید بوون، دادەنەوێنین. ئێمە جارێکیتر بەڵێن دەدەینەوە، کە ئێمە ئامانجە گەورەکانى ئەوان بەدیدەهێنین".

ر.م