بەردەوامی کوشتنی کۆڵبەرانی کورد لەسەرسنوورەکانی ڕۆژهەڵات

لە سنوورەکانی سەڵماسی سەربە ورمێ دوو کۆڵبەر بە تەقەی هێزە سەربازییەکانی ڕژیمی ئێران کوژران.

بەگوێرەی هواڵێکی ئۆرگانی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران- هرانا، لە سێ ڕۆژی ڕابردوودا لە سنوورەکانی ورمێ-ی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دوو کۆڵبەر کوژراون و یەکێکی دیکەش برینداربوو، بەگوێرەی ئامارەکان تەنیا لە ٢٠ ڕۆژی ڕابردوو ١٣ کۆڵبەر برینداربوون و کوژراون.

ڕۆژی چوارشەممە لە سنوورەکانی شنۆی سەربە ورمێ دەستڕێژی گولـلە لە گروپێک کۆڵبەر کرا، لە ئەنجامدا کۆڵبەرێکی خەکی سەلماس بە ناوی زوبێر هەکاری کوژرا.

هەروەها ڕۆژی سێ شەممە، لە سنوورەکانی پیرانشاری سەربە ورمێ کۆڵبەرێک بە ناوی خالید مامەئەمین کراوەتە ئامانج و لە ئەنجامدا بە سەختی برینداربووە و ڕەوانەی نەخۆشخانەی ورمێ کراوە.

ڕۆژی دوو شەممەش لە سنوورەکانی تەرگەڤەری سەربە ورمێ تەقە لە کۆڵبەرێکی دیکەی خەڵکی سەلماس کراوە و کوژراوە.

بەگوێرەی ئامارەکانی هرانا، تەنیا لە ٢٠ ڕۆژی ڕابردوو ١٣ کۆڵبەری کورد لە سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەگەڵ باکور و باشوری کوردستان بەهۆی تەقەی هێزە سەربازییەکانی ئێرانەوە کوژراون و برینداربوون.

لە ناو چۆارمانگدا ٣٣ کۆڵبەر کوژراون

بەگوێرەی ئامارێکی کۆڵبەرنیوز ، لە ماوەی چوارمانگی ڕابردوودا زیاتر لە ٣٠ کۆڵبەرلەسەر سنوورە دەستکردەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کوژراون و ٥٥ی دیکەش بە سەختی برینداربوون.

ئەوەش هاتووە، کە زیاتر لە ٨٠٪ی کۆڵبەرە کوژراوەکان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەربازییەکانی ئێران لەسەرئەو سنوورانە کوژراون، ئەوانی دیکەش لە کاتی ڕاکردن لە هێزە سەربازییەکان یان لەکاتی بارهەڵگرتن بۆ ڕێگا سەختەکان لە بەرزاییەکانەوە کەوتووەنە خوارەوە و گیانیان لە دەستداوە.

هەروەها لە کۆی ئەو ٥٥ کۆڵبەرەی کە برینداربوون، ٤٤یان بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەربازییەکانی ئێران برینداربوون و ژمارەیەکیان بەهۆی سەرما وبەربوونەوە لە بەرزاییەکان بریندار بوون.

'لە ١٥ ڕۆژدا ٥ کۆڵبەر کوژراون'

لە ١٥ ڕۆژی ڕابردوودا لەسەر سنوورەکانی ماکۆ، سەلماس، سەردەشت، پیرانشار، چاڵدێران و ورمێ بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەربازییەکان لە کۆڵبەرەکان، ٥ کۆڵبەرکوژراون و ٨کۆڵبەری دیکە برینداربوون.هەروەها دەستگیراوە بەسەربڕێکی زۆر لە کەلوپەلی کۆڵبەرەکاندا.

ک-ش