بەهار لە گوندی تلێتینی ناوچەى هێنێی ئامەد

لەگەڵ هاتنی بەهار و بەرزبوونەوەى پلەکانی گەرما سروشت سەرلەنوێ گەشاوەتەوە.

لە گوندی تلێتین لە ناوچەى هێنێی ئامەد لەگەڵ هاتنی بەهار سروشتی رەنگینی سەوز و سوور و زەردی بەخۆییەوە گرتووە. چڵ و پەل و پۆی دارەکان و خونچەکانیان دەپشکوێن. لەگەڵ گەشبوونی سروشت و گەڵای دارەکان و گوڵەکانیان، باڵندە جۆراجۆرە رەنگاورەنگەکانیش دارەکانیان ئەوەندەی تر رازاندووەتەوە. گوڵی درەختەکانی بەهێیە و دارەکانى تر مزگێنیی بەهار بە هاووڵاتییان دەدەن. لە لایەکى ترەوە کانی و ئاوی زوڵاڵ بە ناو گابەردەکانى تلێتین دا دەڕۆن و سروشتیان ئەوەندەى تر رازاندووەتەوە.  

ژیانی گوندەکان خۆشە

هاووڵاتییانی گوند ئاژەڵەکانیان بەرداوەتە ناو سروشت و هاووڵاتییانیش تاوەکو درەنگای شەو لەبەر کوچکە ئاگرەکاندا دادەنیش. هەروەها هاووڵاتییانی ئامەد کە بەهۆی پەتای کۆرۆناوە لە شار خۆیان دوور دەخەنەوە، روویان لە گوندەکان کردووە. هاووڵاتییان دەگەڕێنەوە بۆ گوندەکانیان و بەو بەهارە جوانە دڵخۆش دەبن و دەڵێن، ژیانی گوندەکان سەد هێندەی ژیانی شارەکان خۆشترە.

'ژیانی گوند بە ژیانی شار ناگۆڕمەوە'

هاووڵاتییەک بە ناوی خاڵە رەمەزان وتی، بە پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا ژیانی گوند راوەستێنرا و بە گەشەکردنی شارەکانیش نەخۆشیی جۆراجۆر دروست بوون.

هاووڵاتییەکى تری ئەو گوندە بەناوی ئەحمەد کلچیش خۆزگە بۆ ساڵانى پێشوو دەخوازێت و دەڵێت "من بژێویم و ژیانی خۆم بە بەربومی گوندەکەم تێدەپەڕێنم و نامەوێت ژیانم لە ناو شارەکاندا بە دیلکراوی بەسەر ببەم. من هەرگیز ژیانی گوند بە ژیانی شار ناگۆڕمەوە. لە گونددا لەگەڵ ئاژەڵەکانم بە ناو سەوزایی و شینایەتیدا ژیانێکى ئارام و خۆش تێدەپەڕێنم. من بۆنی ئەم سروشتە ناگۆڕمەوە بە هەموو بۆنەکانى تری ئەم جیهانە و بۆنی ئەم سروشتە بۆ من لە هەموو سامانی دونیا هێژاترە. تاوەکو من لە گوند بژیم هیچ کێشەیەکى تەندروستیم بۆ دروست نابێت. ئەمڕۆ دەڵێن، پەتای کۆرۆنا هەیە، بەڵام ئەو نەخۆشییە کاریگەریی لەسەر سروشت دروست ناکات و زیانی بۆ سروشت نییە. با هەموان روو لە گوندەکان بکەن و لە ناو سروشتدا بژین".

ژ.ت