بە هۆی هێرشی دەوڵەتی تورکەوە پێشمەرگەیەک گیانی لەدەستدا

لە شاروچکەی ئاکرێی سەر بە دهوک بە هۆی هێرشی ئاسمانی دەوڵەتی تورکیا داگیرکەرەوە پێشمەرگەیەک گیانی لەدەستدا و پێشمەرگەیەکیش برینداربوون.

بە پێی زانیاریەکانی ئاژانسی ڕۆنیوز، شەوی ڕابردوو جارێکیتر فڕۆکەکانی دەوڵەتی تورک هاوڵاتیانیان لە بادینان کردە ئامانج و بەهۆیەوە شەهیدو برینداریی لێکەوتووەتەوە.

بەپێی زانیاریی سەرچاوە  هەرێمییەکان، لە بۆردوومانی شەوی ڕابردوودا، هاوڵاتییەک کە پیشەی پێشمەرگەیە بە ناوی 'سەعید حەبیب سرانی'، خەڵکی گوندی دوودی سەر بە شارەدێی دینارتەی سەربە ئاکرێ، شەهیدبووە، هاوکات کەسێکی دیکە بە سەختی بریندارە، کە دەوترێت ئەویش پێشمەرگەیە.

هاوڵاتیانی دەڤەرەکە تا بەرەبەیانی ئەمڕۆ کاتژمێر ٠٤:٠٠، بەشوێن تەرمەکاندا گەڕاون، لە ئەنجامیدا تەرمی ئەو شەهیدە، هەروەها بریندارەکە دۆزرانەوە و لە ئێستادا بەخاک دەسپێردرێن.

ئەوە لە کاتێکدایە، ١١ هاوڵاتیی بەهۆی بۆردوومانی فڕۆکەکانی دەوڵەتی تورکەوە بێسەروشوێن بوون، هەر شەوی ڕابردوو نۆ'یان کە خۆیان لە ئەشکەوتێکدا حەشاردابوو دۆزرانەوە و یەکێکیشیان پێشمەرگە شەهیدەکە و ئەوی دیکەش بە سەختی بریندارە.

جێگای ئاماژەیە، ئەمە جاری یەکەم نییە دەوڵەتی تورک هاوڵاتیانی باشوری کوردستان، شەهید و بریندار و کۆمەڵکوژ بکات، بەڵکو لەماوەکانی ڕابردوودا سەدان هاوڵاتی دیکەی باشوری کوردستانیان شەهیدکردووە، بۆئەمەش حکومەتی هەرێم و ناوەند هیچ هەڵوێستێکی ڕوونیان نەبووە.

ف.ق