تاڵانکارییەکانى ئاکەپە دەریاچەى وان کوێر دەکاتەوە

شارەوانیى دەبەپە لە ئارتەمێنت لەلایەن ئاکەپەوە دەستى بەسەردا گیراوە و شارەوانیى توشبایى ئاکەپەش لێوارەکانى دەریاچەى وانى پڕکردووە بە بەرد.

دەریاچەى وان گەورەترین دەریاچەى کوردستانە و بە جوانییەکەى و ژینگەکەى وەک بەشێکە لە بەهەشت. لێوارەکانى دەریاچەى وان ٤٥٠ کیلۆمەترە. شارێک و ٦ شارۆچکە و ١٣٦ گوند لە دەورووبەرى دەریاچەکەدان. هەروەها نزیکەى ملیۆنێک کەس لە دەورووبەری دەریاچەکەدا دەژین.

دەریاچەی وان بە کەنداوە بچووکەکانى، بە لێوارەکان و ئاوە روونەکەى بووەتە جوانیى کوردستان، بەڵام حکومەتى ئاکەپە و دەوڵەتى تورکیا دەیانەوێت دەریاچەى وانیش بخۆن. دەریاچەکە لەلایەن دامودەزگاکانى دەوڵەتەوە داگیرکراوە. لەبەر داگیرکردنى بەشێک لە لێوارەکانى دەریاچەکە لەلایەن دامودەزگاکانى دەوڵەتەوە، هاووڵاتییان ناتوانن وەک پێشتر و بە ئاسانى بچنە سەر دەریاچەکە و بچنە ناو ئاوەکە. دەوڵەتى تورکیا بە دروستکردنى دیواری بەرز و تەلی ئاسنین لێوارەکانى دەریاچەکەى بە ڕووی هاووڵاتییاندا داخستووە و رێگا نادات هاووڵاتییان بچنە دەریاچەکە.

وایانکردووە کە کەس نەتوانێت بچێتە دەریاچەکە

رژێمى ئاکەپە سەربارى ئەوەى لێوارەکانى دەریاچەى وانی لە گەل قەدەغەکردووە، لێوارەکانى دەریاچەکەشی لە ناوچەکانى ئارتەمێنت و توشبای پڕ کردووە لە بەرد. رووبەرێکى دەیان کیلۆمەتری کە شوێنى هەزاران باڵندە و پەلەوەر و بوونەوەرە و گەل بە ئاسانى دەچوونە لێوارەکانی و ناو دەریاچەکە بۆ سەیرکردنیان، بە بەرد داپۆشیوە و رێگا نادات هاووڵاتییان سەردانى دەریاچەکەیان بکەن.

لێوارە پاک و خاوێنەکانى دەریاچەکە لەلایەن قەیومەکەى ئارتەمێنت و شارەوانیى توشبای ئاکەپەوە داگیر و تاڵانکراوە. ئیتر شوێنێک نەماوە هاووڵاتییان پیادا بڕۆن بۆ سەر دەریاچەکە و لێوارەکانى دەریاچەکە.

هەزاران هاووڵاتی دەچن بۆ سەردانى دەریاچەکە، بەڵام ئێستا بەهۆی رێگرییەکانى دەوڵەتەکەى ئاکەپەوە ئەو هەزاران هاووڵاتییە بەبێ ئەوەى بتوانن بچنە سەر دەریاچەکە تەنها لە دوورە سەیری دەریاچەکە دەکەن. ئەو هاووڵاتییانە ناچارن بچن بۆ لێوارەکانى دەریاچەکە لە شوێنەکانى تر، کە بەلانیکەمەوە ٥٠ کیلۆمەتر لە ناوەندی شارەکەیانەوە دوورە. ئەو هاووڵاتییانە کە ساڵەهای ساڵە لەگەڵ ئەو دەریاچەیەدا دەژین، ئێستا ناتوانن بەهۆی تاڵانکارییەکانى ئاکەپەوە بچنە سەر دەریاچەکەى خۆیان.

ر.م