تەرمی ئەو لاوە کوردەی بە دەستی رەگەزپەرەستانی ئاکەپە-مەهەپەوە کوژرا، بەخاک سپێردرا

تەرمی هاوڵاتی ئوزکان توکای کە لە ئەنجامی هێرشی رەگەزپەرەستانی رژێمەکەی ئاکەپە-مەهەپەدا لە شاری ئافیۆن کوژرا، بەخاک سپێردرا. رێگەش نەدرا هەدەپەییەکان لە مەراسیمی بەخاکسپاردندا بەشداری بکەن.

تەرمی ئوزکان توکای ئەو کرێکارە کوردەی بە چەک لە لایەن رەگەزپەرەستانی تورکەوە لە ئافیۆن کوژرا، لە زێدی خۆی لە ناوچەی ئەرجیشی شاری وان بە خاک سپێردرا.

تەرمی ناوبراو لە کاتژمێرەکانی بەرەبەیاندا لە فڕۆکەخانەی شاری وان رادەستی کەسوکاری کرا و بەرەو ناوچەی ئەرجیش بەڕێکرا، بەڵام هێزەکانی پۆلیسی رژێمە رەگەزپەرەستەکەی ئاکەپە-مەهەپە رێگریان لەو کاروانە گرت کە بە مەبەستی بەڕێکردنی تەرمی ناوبراو، خۆیان ئامادە کردبوو بەرەو گۆڕستان بڕۆن.

هاوکات هێزەکانی سوپا رێگەیان بە موردا ساریساچ پەرلەمانتاری هەدەپەی شاری وان و ئەندامانی پارتەکەی نەدا کە بەشداری لە مەراسیمی بەخاکسپاردنی تەرمەکەدا بکەن. بەو هۆیەوە لە نێوان هەردوولا بۆ ماوەیەکی کورت ئاڵۆزی دروست بوو. هاوکات رێگە بە پەیامنێرانی میزۆپۆتامیا و ژن-نیوزیش نەدرا رووماڵی مەراسیمەکە بکەن.

موردا ساریجا پەرلەمانتاری هەدەپەی شاری وان کە رێگری لێکرا بەشداری لە مەراسیمەکەدا بکات، وتەیەکی پێشکەش کرد و رایگەیاند، توکای، چونکە کورد بوو، کوژرا و وتی:"دەبێت یەکێتی و یەکڕیزی گەلی کورد دروست بکەن. یەکێتی گەلی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان بونیاد دەنێین. ئەو کاتە هیچ کوردێک بەهۆی کوردبوونیەوە ناکوژرێت."

ز.ش