تەرمی ئەو هاوڵاتیە کوردەی سەربازە تورکەکان لە هەلیکۆپتەرەوە خستیانە خوارەوە، بەخاک سپێردرا

تەرمی هاوڵاتی سەروەت تورگوت کە سەربازەکانی سوپای فاشیست و رەگەزپەرەستی رژێمەکەی ئاکەپە-مەهەپە دوای دەستگیرکردنی لەگەڵ کەسێکی تری مەدەنی لە هەلیکۆپتەر خستیانە خوارەوە و کوشتیان، بەخاک سپێردرا.

دوو هاوڵاتی بە ناوەکانی سەرڤەت تورگوت و عوسمان شیبان لە ١١ی ئەم مانگە لە ناوچەی شاخێی سەر بە شاری وان دەستگیر کرابوون و دوای دوو رۆژ لە دیارنەمانیان، لە نەخۆشخانە بینرانەوە. دواتر بە پشتبەستن بە راپۆرتی نەخۆشخانە، ئاشکرا بوو کە تورگوت و شیبان لە هەلیکۆپتەرەوە خراونەتە خوارەوە.

سەروەت تورگوتی ٥٥ ساڵان و باوکی ٧ منداڵ، سەر لە بەیانی ئەمڕۆ لە نەخۆشخانە بە هۆی سەختی برینەکانیەوە، گیانی سپارد و خانەوادەکەی، تەرمی ناوبراویان لە ناوەندی پزیشکیی دورسون ئۆداباشیی زانکۆی سەدە لە شاری وان وەرگرت.  

هاوکات بۆ وەرگرتنی تەرمی سەروەت تورگوت، هەر یەک لە نوێنەرانی رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و بەڕێوەبەرانی رێکخستنەکانی هەدەپە و مستەفا ئاڤجی هاوسەرۆکی شارەوانی وان کە دوور خراوەتەوە و قەیوم لە پۆستەکەی جێگیر کراوە و چەندین هاوڵاتی تر لەگەڵ خانەوادەی تورگوت لە بەردەم نەخۆشخانە گردبوونەوە.

دوای وەرگرتنەوەی تەرمی ناوبراو بە کاروانێکی قەرەبالغ بەرەو گۆڕستانی یەنی مەحەلەی ناوچەی ئارتێمەتا بەڕێکرا. بەڵام هێزە ئەمنیەکان و پۆلیسی فاشیستی تورک، رێگەیان بە هاتوچۆی ناو گۆڕستانەکە نەدا و تەنها رێگە بە کەسانی نزیک لە خانەوادەی سەروەت تورگوت درا کە بچنە ناو گۆڕستانەکەوە.

تەرمی سەروەت تورگوت دوای بەجێگەیاندنی ئەرکە ئایینیەکان بەخاک سپێردرا.

ز.ش