تەمەللی:ئەوانەی لە دژی قیوم و گۆشەگیری نەوەستنەوە، دەدۆڕێن

سەزایی تەمەللی هاوسەرۆکی گشتی هەدەپە  رایگەیاند، ئاکەپە بۆ ئەوەی لە دەسەڵات بمێنێتەوە، بەردەوامە لە سیاسەتە دوژمنکارانەو  گرتنی ئەندام و بەرێوەبەرەکانیاندا.

رێکخستنی هەدەپەی شاری ئەدەنە سێهەمین کۆنگرەی ئاسایی خۆی بە ئامادەبوونی سەزایی تەمەللی هاوسەرۆکی گشتی هەدەپە لە ساڵۆنی شیرین موزیک ساز کرد و جگە لە هاوسەرۆکی گشتی ، ئەندام پەرلەمانەکانی هەدەپە و نوێنەرانی رێکخراوەکان کۆمەڵگای مەدەنییش بەشداری کۆنگرەکە بوون.

کۆنگرەکە بە دروشمی "با بە هیواو چاونەترسییەوە خۆمان بەرێکخستن بکەین، با فاشیزم لەناو بەرین" بەرێوە چوو.

"هیواکانی گەلیان دەستبەسەر کردووە"

سێهەمین کۆنگرەی هەدەپەی ئەدەنە بە رێزگرتن و دواتر بە هەڵبژاردنی دیوانی بەڕێوەبەردن دەستی پێکرد. سەرەتا محمد ماحسون ئەریگ جێگری هاوسەرۆکی هەدەپەی ئەدەنە لە کۆنگرەکەدا قسەی کردو ناڕەزایەتییەکی توندی دەربڕی لەسەر دامەزراندنی قەیومەکان و وتی:" هیواکانی گەلیان دەستبەسەر کردووە. لەگەڵ ئەو هەموو هێرشانەی دەکرێنە سەرمان، بەردەوام دەبین لە تێکۆشانماندا."

"جزیرمان لە بیر نەکردووە"

سەزایی تەمەللی هاوسەرۆکی گشتی هەدەپەش قسەی کردوو، وتی:" دواڕۆژ و ئێستای دەسەڵات لەسەر ئینکار و لەناوبردنی گەلی کورد بونیاد نراوە. لە جزیر و سلۆپی لە ١٤ی کانونی یەکەمی ٢٠١٥وە هاتوچۆی شەقام لە خەڵک قەدەغە کراوە. وا چوار ساڵ بەسەر قەدەغەی هاتوچۆدا تێدەپەڕێت. لە ئەنجامی گەمارۆی سەر ١٠ شار بە سەدان کەس کوژراون. هۆکاری ئەمەش دەسەڵاتی دژە دیمۆکراسییە. ئەم هێرشانە تا ئەمڕۆش بەردەوامن. لە ژێرزەمینەکانی جزیردا خەڵک بە زیندوویی سووتێنران. وەک ئەوەی هیچ شتێک رووی نەدابێت قسە دەکەن. ئێمە هەموویان دەناسین، بۆیە پێیان دەڵێین هەمووتان دادگایی دەکرێن."

"ئەم دەسەڵاتە ١٧ ساڵە دوژمنایەتی گەلی کورد دەکات"

تەمەللی تیشکی خستە سەر ئەوەی، ئەوانەی قۆناغی ئاشتییان تێکدا، شەڕیان هەم هێنایە ناو تورکیا و هەم رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەم شێوەیە قسەی کرد:"ئەم دەسەڵاتە ١٧ ساڵە دوژمنایەتی گەلی کورد دەکات. ٤ ساڵ پێش ئێستاو لە رۆژێکی وەکو ئەمڕۆدا شارەکە ئابلوقە درا. لە ١٠ شاری گەماروودراو بە سەدان کەس کوژران. جزیرمان لەبیر نەکردووە. ئەو رۆژانەی ژن و منداڵ و کۆرپەی ئەم گەلە کوژران لە بیرمان نەکردوون. محمد تونچ و ئاسیە یوکسەل-مان لەبیر نەکردوون. ناوچەی سووری ئامەدمان لە بیر نەکردووە. کاتێک سەیری چواردەورمان دەکەین، بکەرەکانی ئەو رووداوانە، وەکو ئەوەی هیچ شتێک رووی نەدابێت قسە دەکەن. هەروەها ئەوانەی لە دەسەڵات نەماون، وەکو ئەوەی هێچ پەیوەندییەکیان بەو رووداوانەوە نەبووە، قسە دەکەن. ئێوە هەمووتان بەیەکەوە دادگایی دەکرێن. چەندین ساڵە پلانی لەناوبردن بەردەوامە. قۆناغی چارەسەریی، بۆ ئاشتی تورکیا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوو. ئیرادەو عەقلی چارەسەری هەبوو. ئێمە لە دژی ئەو کەسانەین کە ئیرادەی چارەسەری لەناو دەبەن و بە هەمان بڕواوە خاوەنداریەتی لە ئاشتی و دیمۆکراسی دەکەین. مێزی ئاشتی و چارەسەری جارێکی دیکە دێتەوە ئاراوە. لەسەر ئەو مێزە لەگەڵ بەڕێز ئوجالان چارەسەریی دیمۆکراتیک دێتەوە. ئەوانەی مێزەکەیان تێکدا، لە جیاتی ئەوە شەڕیان هێنا. ئێمە لە ژێر ناوی چارەسەریی دیمۆکراتیک و ئاشتییانە لەسەر هەمان بڕیار بەردەوام دەبین لە رێگای خۆماندا.

گۆشەگیری لە هەموو شوێنێک بەردەوامە

تەمەللی باسی لەوەش کرد کە ئاکەپە بۆ ئەوەی لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە، بەردەوامە لەسەر سیاسەتە دوژمنکارییەکانی و بە ئارەزووی خۆی ئەندام و بەڕێوەبەرەکانمان دەستگیر دەکات و وتیشی:"نادادی و نایەکسانی لە هەموو شوێنێک بڵاو بووەتەوە. ئەم وڵاتە گەورەیە بووەتە گرتووخانەیەکی کراوە. گرتووخانەکان بۆ گیراوە سیاسییەکان بوونەتە شوێنی ئەشکەنجەدان. ئەمڕۆ گۆشەگیری لە ئارادایە. ئەم گۆشەگیرییەش نەک تەنها لە ئیمرالی، بەڵکو لە هەموو شوێنێکی وڵات بڵاو بووەتەوە. حکومەت بە یاسای گۆشەگیری خۆی لەسەر پێ هێشتووەتەوە. رووبەرووبونەوەی گۆشەگیریش، پاراستنا سیستمی داد و یەکسانییە. ئەمڕۆ ٢٨٠ هەزار کەس لە گرتووخانەکاندان. گرتووخانەکان ئیدی بوونەتە جێگای ئەشکەنجەدان. گرتووخانەی عوسمانییەش بەرچاوترین نمونەیە. رۆژانە خەڵک دەستگیر دەکرێن و سزا دەدرێن."

سەزیی تەمەللی لە کۆتایی قسەکانیدا، تیشکی خستە سەر گرتنی رۆژنامەنووسان و بەم شێوەیە دوا:" بە پێی ئامارە فەرمییەکان، ١٣٩ رۆژنامەنووس گیراون. ئەم وڵاتە ئازادی رۆژنامەگەریی تێدا نییە. ١٧ هەزار کوژراوی بکەر نادییار هەن. دایکانی شەممە هەموو حەفتەیەک دەنگیان بەرز دەکەنەوە. ئەم بێدادیی و نایەکسانییە جێگای قبوڵکردن نییە."

هاوسەرۆکانی نوێ هەڵبژێردران

دوای قسەکانی تەمەللی، لە کۆنگرەکەدا راپۆرتەکان خوێنرانەوەو دواتریش هەڵبژارتن ئەنجامدرا و هەر یەک لە گولسەرەن توڕاڵ و محمد کاراکش وەکو هاوسەرۆکانی هەدەپەی شاری ئەدەنە هەڵبژێردران.

ز.ش