تەمەنى بە رێگەى زیندانەوە بەسەر برد

فەیزییە کۆلاکان ٣ لە منداڵەکانى زیندانن. لەبەر ئەوەش لە ساڵی ١٩٩٤ەوە تاوەکو ئێستا بە بەردەوامى بە رێگەى زیندانەوەیە. کۆلاکان رایگەیاند، چەندین ساڵە گوشاریان لێدەکریت و وەک "تیرۆریست" سەیریان دەکرێت.

سیاسەتە دژە مرۆییەکانی دەوڵەتى تورک لە دژی زیندانیانى سیاسی، لە دڵی کەسوکاری زیندانیکراوەکاندا بووەتە ناسۆرێکى هەمیشەیى. بە تایبەتى کەسوکاری زیندانییە سیاسییەکان بەهۆی دوورخستنەوەى رۆڵەکانیانەوە تووشی ناڕەحەتیى زۆر دەبن بۆ چوون و سەردانکردنى رۆڵەکانیان. زیندانییەکان پێش ئەوەى لە زیندانێکدا بە تەواوی جێگیر ببن، لە ماوەیەکى کەمدا و بە خێرایى دووری دەخەنەوە بۆ زیندانێکى تر.

سیاسەتى دوورخستنەوە لەلایەن دەوڵەتەوە بۆ بنەماڵەکان بۆ سەردانکردنى رۆڵە زیندانیکراوەکانیان کێشەیەکى گەورەیە. بنەماڵەى زیندانییەکان دەڵێن، ناڕەحەتییەکان و زەحمەتییەکانى کاتى رۆیشتنیان بۆ زیندان لە شارە جیاجیاکانى تورکیادا لە رووی ماددی و مەعنەوییەوە زۆر ئازاربەخشە بۆیان.

 

فەیزییە کۆلاکان لە ساڵی ١٩٩٤ەوە تاوەکو ئێستا بەرێی زیندانەکانەوەیە بۆ بینینى رۆڵەکانی. فەیزییە باسی زەحمەتى و ناڕەحەتییەکانی  بۆ ئاژانسى هەواڵی فورات (ANF) کرد.

"کاتێک کوڕەکەم لە زینداندا بوو، هاوسەرەکەى ژیانى لە دەستدا"

کۆلاکان رایگەیاند، ٣ منداڵی لە زینداندان. یەکێکیان لە زیندانى بوردور-ییە، کە هەزار و ١٣٧ کیلۆمەتر لە ئامەدەوەر دوورە. ٢ کوڕەکەى تریشی لە زیندانى ئامەد دان.

راشیگەیاند، یەکێک لە کوڕەکانى کە لە زیندانى ئامەد دایە ساڵی ١٩٩٠ و لە تەمەنی ١٢ ساڵیدا بەبێ ئەوەى تاوانێکى کردبیت دەستگیرکرا و تا ئێستا لە زینداندایە.

ئەوەشى وت "کوڕەکەى تریشم کاتێک لە زینداندا بوو هاوسەرەکەى ژیانى لە دەستدا. هاوسەری کوڕەکەم دوو گیان بوو. پۆلیسەکان هەموو رۆژێک هەڵیاندەکوتایە سەر ماڵەکەمان. بوکەکەم بەو هۆیەوە زۆر ترسابوو. منداڵەکەى لەبەر چوو و ماوەیەکى کەم دواى ئەوەش خۆی ژیانى لە دەستدا. دوو منداڵەکەى تریان بێکەس کەوتن. کاتێک دەچووم بۆ بینینی منداڵەکانم لە زیندان، نەدەبوو ئەو منداڵانەم لە ماڵەوەدا بە جێبهێشتایە. ئەوانیشم دەبرد بۆ بینیى باوکیان. لەبەر ئەوەى توانای کڕینى ٢ بلیتیى پاسم نەبوو ناچار دەبووم هەر دوو کیان بخەمە باوشم و لە کۆشی خۆمدا دایان بنێم. هاوسەرەکەى منیش نەخۆش بوو و توانای کارکردنى نەبوو. هەر ٣ منداڵەکەشم لە زینداندا بوون. منیش بە پاککردنەوەى ماڵان بژێویى ژیانم دابین دەکرد".

"وەک تیرۆریست سەیرمان دەکەن"

کۆلاکان ئەوەشى خستەڕوو، لە کاتى رۆیشتنیشدا بۆ چاوپێکەوتنی منداڵەکەم لە زیندان بەهۆی دووریى رێگاوە هەموو کات دوادەکەوتم و لەوبارەیەوە وتى "لەو کاتەدا بە ترەن، یان پاس دەچووم بۆ سەردانى زیندان. هەر دوو کیشیان دوادەکەوتن، چونکە وەک ئێستا حساب بۆ کات نەدەکرا و هاتووچۆ رێکنەخرابوو. رۆژێکیان دیسانەوە ئێمە بە ترەن چووین بۆ قۆنیا بۆ بینیى کوڕەکەم لە زیندان دا، بەڵام دیسانەوە ترەنەکە دوای خستین. چووم بۆ لاى داواکاری گشتی لە زیندانەکەدا و پێم وت، لەبەر ئەوەى بە ترەن هاتووین دواکەوتوین، بەڵام داواکارى گشتى پێى وتم 'ئێوە تیرۆریستن و من مافی چاوپێکەوتنتان پێنادەم'. منیش پێموت 'ئێمە تیرۆریست نین. ئەوانەى خەڵک دەکوژن، پەلاماری ژنى خەڵک دەدەن، دزی و تاڵانى و کاری خراپ و نەشیاو دەکەن نابنە تیرۆریست، بەڵام ئێمە دەبینە تیرۆریست؟ لە رێگەى وەرگێڕەوە قسەمان دەکرد و بەو شێوەیە قسەیەکى زۆر چوو بە بەینمانا. هەموو کات بە چاوی تیرۆریست سەیریان دەکردین. ئێستاش هەر بەو شێوەیەیە".

"لەبەر ئەوەى شوێن نەبوو تیایدا بمێنینەوە لە مزگەوتدا خەوتین"

کۆلاکان باسی ئەوەشیکرد، دەیان ساڵ لە ئامەدەوە رۆیشتووە بۆ شارەکانى تری تورکیا بۆ ئەوەى لە زینداندا چاوی بە رۆڵەکەى بکەوێت و لەبارەى زەحمەتى و دژوارییەکانى ئەو هاتووچۆکردنەوە وتى "هەر وەک ئێستا خەڵکێکى زۆر لە رۆژئاواى تورکیا ئێمەیان بە بەشێک لە خۆیان نەدەزانی. بە چاوی 'تیرۆریست' سەیریان دەکردین. لەبەر ئەوەى ترەن هەموو کات دوا دەکەوت ئیتر بڕیارماندا بە پاس بڕۆین. رۆژێک کچەکەم و خوشکەکەم و ٢ منداڵەکەى پێکەوە چووین بۆ بوردور. رۆژێکى تاریکى زستان بوو. ئازار لە گورچیلەى کچەکەمى دا. ئێمە دەمانزانى کە کەس هاوکاریمان ناکات. لەبەر ئەو شتانەى کە پێشتر بەرامبەرمان کرابوو و بەسەرماندا هاتبوون، دەمانزانى کە مرۆڤەکان خۆیان لە ئێمە لادەدەن و پشتمان تێدەکەن. من بە دواى مزگەوتدا گەڕام. مزگەوتێکمان دۆزییەوە و پێکەوە رۆیشتن بۆ ئەوێ. ئەو مزگەوتەى کە بۆی رۆیشتن مزگەوتى ژنان بوو. لەو دۆخە قورسەى زستاندا ئێمە لە مزگەوتەکەدا فەڕش و کومبارەکانمان لە خۆمان ئاڵاند و بەو شێوەیە رۆژمان کردەوە. رۆژی دواتر لەناو خۆماندا یەکترمان ئامۆژگاری کرد کە باسی ئەوە بۆ کوڕەکەم نەکەین کە چیمان بەسەردا هاتووە. دەمزانى ئەگەر ئەوە بۆ کوڕەکەم باس بکەم زۆر پێى بێتاقەت دەبێت".

داواى ئاشتییەکى شکۆمەندانە

کۆلاکان باسی ئەوەیکرد، هەر کاتێک دەچووم بۆ بینینى کوڕەکەم نزیکایەتیى بچووکردنەوە و سوکایەتیکردنمان بەرامبەر دەکرا. ئەوەشى وت "پشکنینێکى زۆر ورد و قورس و نامرۆڤانەیان دەکرد. داوایان لێدەکردین پێڵاوەکانمان دابکەنین. بە توندوتیژی و ئازاردان ئێمەیان بەڕێدەکرد. خۆی ئێمە بە زەحمەتى و دژواری دەچووین بۆ چاوپێکەوتن و ئەو جۆرە پشکنین و نزیکایەتیەش بۆ ئێمە زۆر زۆر قورس بوو".

لە کۆتایى قسەکانیدا وتیشی "بەڵام سەرباری هەموو ئەو ئازار و زەحمەتییانە ئێمە پێداگریمان دەکرد بۆ بینین و چاوپێکەوتن. دڵم بە پیل کار دەکات. ئیتر هەست بەوە دەکەم کە توانای ئەوەم نەماوە بەرگەی ئەو هەموو ئازار و ناڕەحەتییانە بگرم. ئیتر دەمەوێت ئاشتییەکى شکۆمەندانە و هەمیشەییە لەم وڵاتەدا بچەسپێت. ٢٥ ساڵە بۆ چاوپێکەوتن و دیداری رۆڵەکانم دەچم بۆ زیندان. دەمەوێت ئەو ئازارە کە ئێمە دەیچێژین کۆتایى پێ بێت".

ر.م