تەڤگەری ئازادی بەبۆنەی جەژنی ڕەمەزانەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە

تەڤگەری ئازادیی بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی ڕەمەزانەوە، پەیامیکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند: هیوادارین ئەم جەژنە ببێتە جەژنی لێبوردەیی و یەكتر قبوڵكردن و یەكڕیزی و ببێتە جەژنی یەكێتی نەتەوەیی كورد و چارەسەركردنی تەواوی كێشەو قەیرانەكان.

تەڤگەری ئازادیی بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی ڕەمەزانەوە، پەیامیکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند: هیوادارین ئەم جەژنە ببێتە جەژنی لێبوردەیی و یەكتر قبوڵكردن و یەكڕیزی و ببێتە جەژنی یەكێتی نەتەوەیی كورد و چارەسەركردنی تەواوی كێشەو قەیرانەكان، داواشی لە هەموو لایەنەکان کردووە، بەدەنگ پەیامەكەی ڕێبەر ئۆجالانەوە بچن.

دەستەی بەڕێوەبەرایەتی تەڤگەری ئازادیی كۆمەڵگەی كوردستان بەبۆنەی هاتننەوەی جەژنی ڕەمەزانەوە، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا، پیرۆزبایی لە تەواوی موسڵمانانی كوردستان و جیهان کرد و هیوای خواست کە ئەم جەژنە ببێتە مایەیی ئاشتی و یەكڕیزی لە پێناو تێپەڕاندنی ئەو كێشەو قەیرانانەی ڕووبەڕووی گەل بووەتەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هەروەها هاتووە: بەداخەوە ئەم جەژنە جیاوازترە لە جەژنەكانی دیکە بەهۆی بوونی پەتای كۆرۆنا و ئاڵۆزی سیاسی و قەیرانی دارایی كە لە ئێستادا بەرۆكی جیهانی گرتووەتەوە، عێراق و باشوری كوردستانیش ڕووبەڕووی كێشەی قوڵی سیاسی و ئابووری بووەتەوە، بە ڕادەیەك كە كاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر بژێوی ژیانی تاكی كومەڵگە داناوە ئەمەش وایکردووە خەڵکی وەک پێویست نەتوانن جەژن بکەن.

هەروەها هاتووە: بەداخەوە هۆكاری سەرەکی ئەم قەیرانانە نەبوونی بەرنامەو پلانی پێش وەختەی حكومەت بوو، بەمەش ئەرك و بژێوی كۆمەڵگەی قورستر و گرانتر كرد، نەبوونی بژێوی و كار و زەحمەتی ژیان و نەدانی مووچە بە مووچە خۆران بووە هۆی ئەوەی كە دەنگی ناڕازی لەنێوان چینی مووچەخۆران و كاسابكاران و تەواوی چین و توێژەكانی كۆمەڵگە بەرز ببێتەوە و داوای مافە ڕەواكانیان بكەن، بەڵام بەداخەوە لەبری پێدانی مافەكانیان و گوێگرتن لە داوا ڕەواكانیان، حكومەت دەستیكرد بە گرتن و زیندانیكردنی دەنگە ناڕازییەكان، بە تایبەت لە ھەرێمی بادینان دا.

لە بەردەوامیدا هاتووە: تەڤگەری ئازادیی وەك هێزێكی ئۆپۆزسیۆن هەمیشە لە مەیدانی بەگژداچوونەوەی گەندەڵی و داوای ڕەوای خەڵكدا لە ڕیزی پێشەوەدا بووە، باجی ئەو هەڵوێستانەشی داوە كە زۆر ناڕەوایانە دوور لە هەموو بەهایەكی مرۆیی و پێوانێكی ئەخلاقی و یاسایی زیاتر لە ساڵێكە هەڤاڵی ئێمە و ئەندامی ئەنجوومەنی هەرێمی هەولێر (ئیدریس سەلیم) لە زیندانەكانی هەولێردا زیندانی كراوە، تاوانی ئەو تەنها داكۆكیكردن بووە لە دەنگی ڕەوای خەڵك.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا بە ئاماژەدا بە بەردەوامیی قەیرانەکان دراوە و هاتووە: لەگەڵ هەموو ئەم قەیرانانەدا لە بری ئەوەی حكومەت بەرنامەو پلان دابنێت بۆ چارەسەركردنی کێشە ناوخۆیی و دەرەکییەکان، هەوڵدەدات كێشەو قەیران بە كێشەو قەیرانێكی دیکە پەردەپۆش بكات، لەلایەك هێز بۆ زینی وەرتێ دەنێرێت، لە لایەكی دیکە کێشە بۆ پەڕلەمان دروست دەکات و پارێزبەندی لە پەڕلەمانتار دەسەندرێتەوە.

ئەوەش هاتووە: وەك تەڤگەری ئازادی هیوادارین ئەم جەژنە ببێتە جەژنی لێبوردەیی و یەكتر قبوڵكردن و یەكڕیزی و ببێتە جەژنی یەكێتی نەتەوەیی كورد و چارەسەركرنی تەواوی كێشە و قەیرانەكان، لەھەمانکاتدا داوا دەكەین لە تەواوی لایەنەكان بۆ ڕێگری كردن لە پیلانەكانی دووژمنان كە دەسكەوتەكانی گەلەكەمانی خستوەتە ژێر مەترسییەوە بەدەنگ پەیامەكەی ڕێبەر ئۆجالانەوە بچن كە لەماوەی ڕابردوودا ئاماژەی پێکردبوو.

ف.ق