جموو جۆڵی داعش لە ناوچە جێ ناکۆکەکان ڕوو لە زیادبوونە

لە پاش شازدەی ئەکتۆبەر و لە دەسدانی سەدا ٥١ی خاکی هەرێمی کوردستان و ڕادەسکردنی ئەو ناوچەیە بە سوپای عێڕاق لە لایەن هەرێمی کوردستانەوە، جموجۆڵەکانی داعش تا ڕۆژی ئەمڕۆ کۆنترۆڵ نەکراوە و چالاکیەکانی داعش لە ناوچەکە لە فراوان بووندایە.

 لە ساڵی ٢٠١٧ سەرۆک وەزیرانی عێڕاق عادل عەبدول مەهدی کۆتاییهێنانی داعشی لە عێڕاق ڕاگەیاند، هەر لە هەمان کاتدا داوا لە هێزەکانی پێشمەرگە کرا لە ناوچەکانی خۆیان بکشێنەوە و ئەو ناوچانە تەسلیمی سوپای عێڕاق بکرێتەوە. لە دوای هەوڵدان بۆ گەیشتن بە ڕێکەوتنێک لە نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێڕاق، لە ئەنجامدا حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سەدا ٥١ی خاکی هەرێمی کوردستانی ڕادەستی سوپای عێڕاق کرد کە ئەو ناوچانە لە ساڵی ٢٠٠٣وە لەسەر ناوی ناوچە جێناکۆکەکان بە هاوبەشی لەگەڵ حکومەتی ناوەندی عێڕاق بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنەکانی هەرێمی کوردستان بەڕێوە دەبرا.

 

بەڵام  هێشتا داعش لەو ناوچانە کۆتایی پێ نەهاتوە و بگرە چالاکێکانیان چڕتر کردۆتەوە و مەترسی  هەیە لەسەر ناوچەکە، لە دوای شانزەی ئەکتۆبەرەوە ڕۆژانە چالاکێکانی داعش دەبینرێت لە ناوچەکانی وەک خانەقین، دوزخورماتو، گوندەکانی سەر بە داقوق و حەفتەغار، تۆب زاوا، لە بەشی خۆرئاوای کەرکوکیشەوە لە دبس و مەخمور و چەندین جاریش لە گوندەکانی نزیک پردێ جموجۆڵەکانی داعش بە ئاشکرا لە لایەن گوندنشینەکانەوە بینراون. بەوەشەوە نەوەستاوە بەڵکو چەندین جار چالاکی داعش لەناو شاری کەرکوک ئەنجامدراوە و هێزە ئەمنیەکانی شارەکە بێ چارە ماونەتەوە و هەر جارەو بە بیانویەک ڕوداوەکان دەرباز دەکەن.

هێرشەکانی داعش لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردودا

٢٩ی ١١ چەکدارانی داعش هێرشیان کردە سەر ناحیەی کوڵەجۆ لە سنوری ئیدارەی گەرمیان لە ئەنجامدا لە نێو هێزەکانی ئاسایش و پێشمەرگە ٣ کەس شەهید بوون ٥ کەسی دیکەش بریندار بوون.

 

لە ڕۆژی ٢ی ١٢ چەکدارانی داعش لە سنوری (نەفت خانە) هێرشیان کردە سەر فەوجی ٤ی لیوای ٢٠ی میلیشیا شیعەکان و ئەنجامدا ٦ چەکدار کوژران و ١٣ی دیکەش بریندار بوون.

 

هاوکات دوینی شەو سێ شەممە چەتەکانی داعش لە سنوری خانەقین هێرش دەکەنە سەر چەند گروپێکی حەشدی شەعبی، لە پاش تێکشکاندنی ئەو گروپەی حەشدی شەعبی داعش هێرش دەکاتە سەر هێزێکی پێشمەرگە لە گوندی (دەکە) کە دەکەوێتە نێوان خانەقین و ئیدارەی گەرمیان. لە ئەنجامدا ٣ پێشمەرگە شەهید بوون و دووانی دیکەش بریدار بوون.

 

داعش لە کوێوە هاوکاری دەکرێت؟

ئەوەی جێی گومانە لە ئێستادا داعش هێزەکانی گەمارۆ دراوە لە باشوری کەرکوکەوە لە لایەن هێزەکانی سوپای عێڕاق و لە باکور و ڕۆژئاوای کەرکوکیشەوە لە لایەن پێشمەرگەوە، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە داعش لەکێ و لە کوێوە چەک و پێداویستی پێ دەگات؟

 

لە گوندێکی نزیک حەفتەغار زیاتر لە دوو ساڵە ناوچەیەک هەیە کە داعش لێی نیشتەجێن بە پێی وتەی خەڵکی ناوچەکە چەکدارانی داعش بەبەرچاوی خۆیانەوە هاتوچۆ دەکەن و بە هیچ شێوەیەک هێزە عێڕاقیەکان نزیکیان نابنەوە لە کاتێکدا پاککردنەوە و کۆنتڕۆڵکردنی ناوچەکە ئەتوانرێت لە لایەن گوندنشینەکانەوەش ئەنجام بدرێت.

 چاودێرانی سیاسیش هەندێکیان پێیان وایە داعش بە مەبەست کۆتایی پێناهێنن بۆ ئەوەی وەک کارتێکی فشار بەکاری بهێنن بۆ پەردەپۆشکردنی شکستی حوکمڕانیان لە عێڕاق. هەندێکیش پێیان وایە ئەو هێزەی داعش لە لایەن سوپای تورکیاوە هاوکاری دەکرێن و وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر شاری کەرکوک لەو ناوچانە داڵدەیانی داوە.

ڕ..ح