جۆلەمێرگییەکان خاوەنداری لە پەرلەمانتارە مانگرتووەکەیان دەکەن

گەلی جۆلەمێرگ پشتیوانی لەیلا گیوڤەن دەکەن، کە لە دژی گۆشەگیریى سەر ئۆجالان لە زیندانی ئامەد دەستیکردووە بە مانگرتن.

مانگرتن لە خواردنی بێسنووری لەیلا گیوڤەن هاوسەرۆکى کۆنگرەى جڤاکى دیموکراتیک (کەجەدە) و پەرلەمانتاری جۆلەمێرگی هەدەپە لە دژی گۆشەگیریى سەر ئۆجالان بەردەوامە. چالاکیى پشتیوانیکردن بۆ مانگرتنەکەى لەیلا گیوڤەن رۆژ لە دواى رۆژ روو لە زیادبوون دەکات. گەلی جۆلەمیرگ خاوەنداری لە پەرلەمانتارەکەى خۆیان دەکەن و داواى نەهێشتنى گۆشەگیریش دەکەن.

 

فاتمە توران بە ئاژانسى هەواڵی فورات (ANF)ی راگەیاند "لەیلا گیوڤەن نوێنەر و پەرلەمانتاری گەلی جۆلەمێرگە. هەموو ژنانى کورد پشتیوانى لەیلا گیوڤەنن. سەرباری ئەوەى هیچ تاوانێکى نییە زیندانیکراوە، بۆیە ئێمە خاوەنداری لە چالاکییەکەى گیوڤەن دەکەین. سەرباری ئەوەى ٦ مانگ بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەماندا تێپەڕیوە، بەڵام هێشتا پەرلەمانتارەکەمان لە زینداندایە. ئێمە دەمانەوێت پەرلەمانتارەکەمان لە ناوماندا بێت و ئازاد بێت".

توران راشیگەیاند "تاکە داواى گیوڤەن کۆتایهێنانە بە گۆشەگیریى سەر ئۆجالان. رێبەرەکەمان چەندین ساڵە گۆشەگیریى بەسەردا سەپێنراوە. نە بنەماڵەکەى و نە پارێزەکانى ناتوانن چاویان پێى بکەویت و زانیارییەکی لێوەربگرن. بەهۆی کێشەى تەندروستییەوە ئێمە بۆ بەڕێز ئۆجالان نیگەرانین. بە ناوی گەلی جۆلەمێرگیشەوە پشتیوانى لە چالاکییەکى لەیلا گیوڤەن دەکەین. دادپەروەری لە تورکیا  نەماوە. بڕیارى دادگای مافی مرۆڤى ئەوروپا بۆ ئازادیى دەمیرتاش لەلایەن تەیب ئەردۆغانەوە رێگریى لێدەکرێت. رێبەکەمان، دەمیرتاش و گیوڤەنیش تەنها ئاشتییان دەوێت. ئێمە تا دوا هەناسە پشتوانیى رێبەرەکەمان و دیلکراوەکانى ناو زیندانەکانین".

دیلکردنى کوردان چارەسەری نییە

نەجمەدین ئاجار هاوسەرۆکى هەدەپە لە جۆلەمێرگ رایگەیاند، گەلی جۆلەمێرگ پشتیوانى لە مانگرتنەکەى لەیلا گیوڤەن دەکات. بۆ پشتیوانیکردن لە گیوڤەن لە جۆلەمێرگ مانگرتن لە خواردن بەڕێوەچوو.

راشیگەیاند "دەبێت گۆشەگیرکردنى بەڕێز ئۆجالان بە خێرایى کۆتایى پێبهێنرێت. کێشەى کورد و کوردستان بە شێوازى دیموکراسییانە و ئاشتییانە چارەسەر بکرێت. کێشەى کورد بە زیندانیکردنى کوردان چارەسەر نابێت. ئەوانەى دەیانەوێت کێشەى کورد لە رێگەى زیندانیکردنەوە چارەسەر بکەن، ئەوا گەلی کورد بە بەرخودان وەڵامیان دەداتەوە".

دەبێت هەموو کەس راپەڕێت

ئیسماعیل کەسکین لەوبارەیەوە وتى "بەرێز ئۆجالان بۆ کوردان مرۆڤێکى ئاسایى نییە. میلیۆنەها مرۆڤ ئۆجالان بە ئیرادەى خۆیان دەزانن".

وتیشی "ئێمە هەرگیز گۆشەگیریى سەر بەڕێز ئۆجالان قبوڵ ناکەین. بە ناوی گەلی جۆلەمێرگەوە ئێمە سڵاو دەنێرین بۆ چالاکییەکەى لەیلا گیوڤەنى پەرلەمانتارمان. ئامانجی چالاکییەکەى لەیلا گیوڤەن تێکشکاندنی گۆشەگیریى سەر رێبەر ئاپۆیە. دەبێت هەموو مرۆڤایەتى لە دژی ئەو گۆشەگیرییە راپەڕن. گۆشەگیرى تاوانى دژ بە مرۆڤایەتییە. لەبەر ئەوەشە چالاکییەکەى لەیلا گیوڤەن زۆر هێژا و شکۆمەندانەیە".

ر.م