جەژنی منداڵانی مەخموورلە ژێرگەمارۆدا

جەژن زۆرتر منداڵان خۆشحاڵ دەکات. جەژن بۆ منداڵان نوقڵ، جەژنانە و جلوبەرگی نوێیە. بەڵام بەمەرجێک لەژێر گەمارۆدا نەبن.

لەم جەژنەدا ئێمە لە کۆڵانەکانی مەخموورین. تامەزرۆی ئەوەین بزانین ئەو جەژنە چۆن دەگوزەرێت، خەڵکی مەخموور ٢٥ ساڵە لە ئاوارەییدا دەژین. ئەگەر وتیان جێگەی خۆت ببینە، دەتوانین بڵێین مرۆڤ قوربانی زۆری داوە بۆ ئەو شتەی باوەڕی پێ هێناوە. بەیانییەکەی پێش هەموو شتێک دەچنە سەردانی گۆڕستانی شەهیدان. ئەو شارۆچکەیە سەدان شەهیدی هەیە، وەکو ئەرکێک ڕوو لە گۆڕستان دەکەن. دواتر سەردانەکان دەستپێدەکەن. بە هەستیارییەکی زۆرەوە دەچنە سەردانی یەکتری. لەگەڵ ئەوەی کە سیاسەتی شەڕی تایبەت لەسەر خەڵکی مەخمور بەڕێوەدەچێت، بەڵام پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکەیان زۆر بەهێزن.

بەڵام ئەم جەژنە لە جەژنەکانی دیکە ناچێت. ئەو گەلە هەژارە ئێستا لەژێر گەمارۆیەکی گەورە دایە. لە ١٧ی تەمووزەوە هەتا ئێستا گەمارۆیەکی گەروە لەسەر کامپەکە هەیە. ئەمە لە کاتێکدایە خەڵک نە دەتوانێت لە کامپ دەربچێت و نە دەتوانن کار بکات. خەڵکی هەژار ناتوانن نوقڵیش بۆ منداڵەکانیان بکڕن. گەلۆ هۆکار چییە دایک و باوک ناتوانن نوقڵ و جلوبەرگ بۆ منداڵەکانیان بکڕن. وەڵامەکە زۆر ئاسانە: گەمارۆ لەسەر کامپ هەیە. هاتن و چوون بۆ کامپ قەدەغە کراوە. ڕێگە نادرێت ژنانی دووگیانیش بچنە نەخۆشخانەکان، بەو هۆیەشەوە دوو دایک کۆرپەکانیان لەبارچووە. نەک تەنیا دڵخۆشی منداڵەکان، مافی ژیانیشیان لێ زەوت دەکرێت.

لەو جەژنەدا منداڵان بە دڵخۆشی بە کۆڵانەکاندا ناگەڕێن و نوقڵ وەرناگرن. ئەوانیش دەزانن گەمارۆ لەسەر نوقڵیش هەیە. ئەو جەژنەی بێ نوقڵ دەبێت جەژنێکە منداڵ ناتوانن پێشبکەنن. ما ئەو منداڵانەی پێنەکەنن چۆن جەژن دەکەن؟

لە کۆڵانەکانی کامپەکە دەگەڕێین. منداڵێکی قژ زەرد و چاو شین بە جلە کۆنەکانییەوە لێمان نزیک دەبێتەوە. باوکی بەدوایدا دێت. کاتێک لێی دەپرسم بۆچی جلوبەرگی بۆ منداڵەکەی نەکڕیوە، ئەویش دەڵێت بەهۆی گەمارۆکە بێکار ماوە و ڕێگاش گیراوە.

ئەو کەسانەی کە چەندین ساڵە لە خاکی خۆیان دوورن و چەندین فشاریان بە سەرەوەیە، لە جیاتی ئەوەی پشتگیرییان بکرێت، پێشیان پێ دەگیرێت. بەهۆی ئەوەی حکومەتی باشووری کوردستان دەرگای خۆی بۆ داگیرکاریی دەوڵەتی تورک کردوەتەوە.

ئەو منداڵە بێ نوقڵ و شەکر، بەختەوەرن. چونکە لە کەلتوریاندا دەست پان کردنەوە نییە. ئەوان دەیانەوێت گەورە ببن و لێپرسینەوە بکەن. ئەوانەی نازانن بێ نوقڵ هێشتنەوەی ئەو منداڵانە چییە، لە داهاتوودا پەشیمان دەبنەوە."

ک-ش