حزبە کوردستانیەکانی کەرکوک: یەک دەنگ دەبین بەرامبەر هەر پێشهاتێک لە شارەکە رووبدات

لەسەر ئاستی کەسی یەکەمی حزب و لایەنە سیاسیە کوردستانیەکانی شاری کەرکوک کۆبوونەوەیەک بەڕێوەچوو و تێیدا جەخت کرایەوە کە یەک دەنگ دەبن بەرامبەر هەر پێشهاتێک لە شارەکە رووبدات.

نیوەرۆی ئەمرۆ یەکشەممە لە مەڵبەندی دووی یەکێتی نشتیمانی کوردستان لە شاری کەرکوک، کۆبوونەوەیەک ئەنجامدرا بە بەشداری ١٤ حزبی کوردی کەرکوک لەسەر ئاستی کەسی یەکەمی حزبە کوردستانیەکانی شارەکە، کۆبوونەوەکە ئەنجامدرا بۆ تاوتوێکردنی بارودۆخی ئیستای کەرکوک و بەعەرەب کردنی شارەکە و پێکهێنانی لیژنەیەک لە حزبە کوردستانیەکانی کەرکوک بۆ سەردانی بەغدا و هەولێر بۆ چارەسەر کردنی کێشەکانی کەرکوک.

جێگای باسە پارتی دیموکراتی کوردستان بەشداری کۆبوونەوەکە نەبوو، سەبارەت بە هۆکاری بەشدارینەکردنی پارتی لە کۆبوونەوەکەدا، محەمەد عوسمان بەرپرسی مەڵبەندی دووی یەکێتی نشتیمانی کوردستان وتی" بەشدارنەبوونی پارتی بەهۆی فشاری تورکیایە".

تەوەری کۆبونەوەکە بریتیبوو لە:

یەکەم/  گرنگیی کۆبوونەوەی بەرپرسە یەکەمەکانی حزبەرکان و پەیوەندیەکانیان کە گرنگی خۆی ھەیە و ماوەیەکی زۆرە کۆبوونەوەی حزبە کوردستانیەکانی کەرکوک بەڕێوە نەچووە.

دووەم/  ھاتنە پێشەوەی ھەندێک پێشھات و نزیکبوبنەوە لە لایەن عەرەب و تورکمانەکانی شارەکە و رای گشتی حزبەکان گرنگە بۆ ھەڵسەنگاندن و کارکردن لەگەڵ پێکھاتەکانـی شارەکە.

سێیەم/ بۆچوون و یەکھەڵوێستی حزبە کوردستانیەکان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ یاسای ھەڵبژاردنەکانی عێراق (بەتایبەتی لە کەرکوک و ناوچە دابڕاوەکان).

دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکە  کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ساز کرا بۆ باس کردنی ناوەرۆکی کۆبوونەوەکە و ڕاگەیاندنی ئەو بڕیارانەی دراوە لە کۆبوونەوەکەدا بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاند و ڕایگشتی.

 لە کۆنگرە رۆژنامەوانیەکەدا محەمەد عوسمان بەرپرسی مەڵبەندی دووی یەکێتی نشتیمانی کوردستان لە کەرکوک بەناوی حزبە کوردستانیەکانەوە قسەی کرد و وتی: "ئەمڕۆ لەگەڵ حزبە کوردستانیەکانی شارەکە لەسەر ئاستی کەسی یەکەم کۆبوینەوە، لە کۆبونەوەکەدا جەختمان لەسەر یەکڕیزی و یەکدەنگی لایەنە سیاسیە کوردییەکان کردەوە کە پێویستە یەک هەڵوێست بین بەرامبەر هەر پێشهاتێک کە رووبەرووی شارەکە دەبێتەوە، هەروەها باسمان لەوە کرد کە چۆن بتوانین پەیوەندی برایەتی بەهێز بکەین لەگەل لایەنە عەرەب و تورکمانەکان بۆ خزمەتکردنی زیاتری شارەکە و کۆبوونەوەکانمان بەردەوام دەبن."

هەروەها محەمەد عوسمان سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراق وتی: "لەگەل هەموو لایەنەکانی کەرکوک کۆدەبینەوە بۆ دانانی میکانزمێک کە هیچ لایەنێک فەرامۆش نەکریت و پێکەوە ژیان لەشارەکە بەرجەستە بکرێت، ئەزموونی ساڵانێکی زۆر نیشانیدا کە هیچ لایەنێک ناتوانێت بەتەنها حوکمی ئەم شارە بکات."

محەمەد عوسمان سەبارەت بە سیاسەتی بە عەرەب کردنی شاری کەرکوکیش وتی: "  هەوڵ دەدەین حکومەتی هەرێمی کوردستان پشتیوانیمان بکات لە دژی بەعەرەب کردنی کەرکوک کە بەداخەوە حکومەتی هەرێم هیچی نەکردووە بۆ رێگری لە پرۆسەی بەعەرەب کردنی ئەم شارە و هیچ رۆلێکیشیان نەبووە لە چارەسەرکردنی کیشە و گرژییەکانی کەرکوک، لیژنەیەکمان پێکهێناوە بۆ سەردانیکردنی سەرۆک کۆماری عێراق بۆ چارەسەر کردنی کیشەی بە عەرەبکردنی کەرکوک."

ز.ش