حیزبی شیوعی و بزووتنەوەی دیموكراسی گەل هێرشەکانی دەوڵەتی تورک ئیدانە دەكەن

حزبی شیوعی كوردستان و بزووتنەوەی دیموكراسی گەلی كوردستان،هێرش , بۆردمان و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی توركیایان بۆسەر خاکی باشووری کوردستان ئیدانەکرد و داوایان لە حكومەتی هەرێم کرد کە ڕێگا نەدات توركیا هاووڵاتیانی هەرێمەکە بكاتە قوربانی .

نیگەرانی و ناڕەزایەتی لایەنە سیاسییەکان و کۆمەڵگەی مەدەنی باشوری كوردستان، لەبەرامبەر هێرش و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی توركیا تادێت زیاتردەبێت ،حزبی شیوعی و بزوتنەوەی دیموكراسی گەلی كوردستان بەتووندی ئیدانەی ئەو پەلامارانەی دەوڵەتی تورکیا بۆسەر خاکی باشووری کوردستان دەکەن.
لە بارەی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکەوە خدر ڕوسی ناسراو بە مام خدر، سكرتێری بزوتنەوەی دیموكراتی گەلی كوردستان، ڕایگەیاند: "وەكو بزوتنەوەی دیموكراسی گەلی كوردستان بەپێی ئەو ساسیەت و بەرنامانەی هەمانە ئیدانەی هەموو دەستوەردانێکی وڵاتانی دەوربەردەكەین بۆ سەر خاكی باشوری كوردستان و ئەو بۆردومانانەی كە دەوڵەتی توركیا چەندین ساڵە دەیكات ئێمە هەمووكات و هەردەم ئەو كارانە ئیدانە دەكەین".

وتیشی: پێمانوایە سەروەری خاكی وڵاتان ناكرێت لەلایەن وڵاتێكی ترەوە پێشێل بكرێت، بۆیە ڕووی دەممان دەكەینە حكومەتی هەرێمی كوردستان كە پێویستە ڕۆڵ بینێت لە ڕێگای ئەو پەیوەندییە دپلۆمانسیانەی كە هەیانە لەگەڵ وڵاتان بە تایبەتی توركیا بۆ ئەوەی بتوانن ئەو بۆردومان و هێرشانەی توركیا و جار جارەی ئێرانیش بوەستێنن.
هەروەها هیوا عومەر، ئەندامی مەكتەبی سیاسی حزبی شیوعی كوردستان، لەبارەی هێرش و پەلامارەكانی دەوڵەتی توركیا بۆ سەر خاكی باشوری كوردستان ئاماژە بەوە دەكات کە "ئەمە جاری یەكەم نیە هەڵوێستی خۆمان چ وەكو هەڵوێست یاخود وەكو كاری جەماوەری دژ بەو دەستدرێژیانەی دەكرێنە سەر باشوری كوردستان دەرببڕین، ئەم هێرش و پەلامارانەی ئەم دوایەی توركیا بەتەواوی پێشێلكردنی سەروەری خاكی هەرێمی كوردستان و عێراقە.
ئەو بەرپرسەی مەكتەبی سیاسیی شیوعی، وتی: بە تێگەیشتنی ئێمە ئەو جۆرە كارانە پێویستی بە كاری هەماهەنگی زیاترە وە پێویستە هەموو خەڵكی هەرێمی كوردستان بە جدی بێتە دەنگ وە ڕێگری لەم پێشلكاریانە بكات، چونكە پێشلكارییەكانی دەوڵەتی توركیا لە ڕاستیدا هەموو سنورێكی تێپەراندوە لەگەڵ ئەوەشدا خەڵكی مەدەنی دەكاتە قوربانی .

ک-ش