خەڵکی مەخمور: ئیمرالی بسووتێ، جیهان دەسووتێ

دانیشتوانی کامپی شەهید ڕۆستەم جودی لە مەخمور، ڕێپێوانێکی جەماوەرییان ئەنجامدا و ڕایانگەیاند: ئیمرالی بسسوتێ، جیهان دەسووتێ.

لە بەردەوامیی ئەو چالاکییانەی، کە ئەمڕۆ دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی کەوتنەوەی ئاگر لە ئیمرالی بەڕێوەچوون، لە کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی-ش لە شارۆچکەی مەخمور، ڕێپێوانێک ئەنجامدرا.

هەموو توێژە جیاوازەکان بەشدارییان لە ڕێپێوانەکەدا کرد بێ جیاوازیی تەمەن لە حەوت ساڵییەوە تا ٧٠ ساڵیی دانیشتوانی کامپەکە بە یەک دەنگ هێرشە قڕکەرەکانی دەوڵەتی تورکیان شەرمەزار کرد.

ڕێپێوانەکە لەبەردەم بینای کۆمیتەی ماڵباتی شەهیدانەوە دەستیپێکرد و هەتا بەردەم نوێنەرایەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە مەخمور، بەردەوام بوو، هەروەها دروشمەکانی"کەس ناتوانێت ڕۆژی ئێمە تاریک بکات"،"بژی سەرۆک ئاپۆ"، "بێ سەرۆک ژیان نابێ" وترانەوە.

بەشداربوانی ڕێپێوانەکە ئاڵا و پۆستەری ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان-یان بەدەستەوە گرتبوو، لەسەر پانکارتەکانیشان نووسراوبوو"ئیمرالی دڵی مرۆڤایەتییە، ئیمرالی بسووتێ، جیهان دەسووتێ".

لەبەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕاگەیەندراویک خوێندرایەوە، کە تیایدا هاتبوو: هێزە پیلانگێڕەکان ئەوە ٢١ ساڵە دەیانەوێت بەشێوەیەکی فیزیکیی ڕیبەر ئاپۆ لەناوببنەن، دوای ئەوەی ئەنجامیان دەست نەخست، گۆشەگیریی سەختیان خستەسەر ئیمرالی، ویستیان بە گۆشەگیرکردن دەنگی ڕێبەر ئاپۆ و گەلی کورد لەیەکتر داببڕن، بەڵام ڕێبەر ئاپۆ بە فکر و ڕامانی خۆی تەواوی ئە وپیلانانەی پوچەڵ کردەوە.

هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا تیشک خرابووە سەر ئاگرەکەی دوورگەی ئیمرالی و هاتبوو: ئێمە وەک خەڵکی مەخمور ئەو ڕووداوە ئاسایی نابینین و بە پیلاگێڕیی دەزانین، بۆیە بانگەوازیی لە تەواوی گەلی کورد و مرۆڤایەتیی دەکەین، خاوەنداریی لە ڕیبەر ئاپۆ بکەن.

ف.ق